کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تڕاژێدیای پەنابەرانی ئەفغانستانیی

ڕۆژی شەممە ١٥ی مەنگی ئۆکتۆبر ڕاگەیەندرا کە ئینگلستان پێنج منداڵ و تازەلاوی ئەفغانستانی کە بێکەسوکاربوون و لە کەمپی ” کالە” ی سنوری نێوان فەڕانسە و ئینگلستاندا دەژیان و خزم و کەسیان لە ئینگلستان هەیە، قەبووڵ کردووە. هاوکات ڕاگەیەندرا کە بریتانیا لە مانگەکانی داهاتوودا ئیجازەی چوون بۆ بریتانیان بە ٣٠٠ منداڵ و تازەلاوی نێو ئەو کەمپە ئەدات. دەوترێ لەم کەمپەدا کە بە کەمپی “دارستان” ناسراوە نزیکەی ١٠ هەزار پەنابەر لە چاوەڕوانیی پەڕێنەوەدان بۆ بریتانیا کە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەسیان منداڵ و تازەلاوی تەنیا و بێکەس وکارن.هاوكات ڕۆژەکانی ٤ و ٥ ئۆکتۆبر کۆنفڕانسی وڵاتانی پشتیوانی بونیاتنانەوەی ئەفغانستان له‌ بواری دارایی لە برووکسێل بەڕێوەچوو. لەم کۆنفرانسەدا کە یازدەهەمین کۆنفراسی لەم چەشنەیە نزیکەی ٧٠ وڵات و ٣٠ ناوەندی نێونەتەوەیی بەشدار بوون. کۆنفرانسەکە وەعدە و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یدا کە هه‌تا ساڵی ٢٠٢٠ بڕی دوو میلیارد و سەد و پەنجا میلیۆن دۆلار بۆ بودجەی گەشەی ئەفغانستان تەرخان بکات. هاوکات لەگەڵ ئەم کۆنفڕانسە هەواڵی تەرحی ناردنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستانی لە لایەن یەکێتیی ئوروپاوە دزەی کردە دەرەوە. بە پێی ئەم تەرحەی دەوڵەتی ئەفغانستان لەبری وەرگرتنی ئەم ” یارمەتییە” دا دەبێ زیاتر لە دووسەد هەزار پەنابەری ئەفغانستانیی کە لە ماوه‌ی ساڵی ڕابردوودا بەرەو ئوروپا هاتوون، وەربگرێتەوە. دەوڵەتی ئەفغانستان قەبوڵی کردووە کە هەرچی زووە بەڵگەی پێویست بۆ وەرگرتنەوەی ئەم پەنابەرانە ئامادە بکات. هاوکات تێرمیناڵێکی تایبەتیش بۆ ڕۆیشتنی ئەو فڕۆکانەی کە ئەم پەنابەرانە دەبەنەوە، لە فڕۆکەخانەی کابۆل دیاریی دەکرێت. لە ڕاستیدا دەبێ بارودۆخی نادیاری پەنابەران و بێ ئاسۆیی ئەوان لە وڵاتانی ئۆرووپایی زەمینەی بەناو ” گەڕانەوەی ئازادانە”یان فەراهەم بکات. قەرارە بە هەرکام لەم کەسانەش ٥٠٠ دۆلار بدرێت بۆ ئه‌وه‌یكه‌ داهاتووی خۆیانی لە ئەفغانستان پێ ڕێکبخەن و لەم ڕێگه‌یەشەوە هەم ویژدانی ئۆرووپای خاوەن شارستانییه‌تی پێ ئاسودە بێت، وه‌ك بڵێی پەنابەرەکان بە ” ئازادانە گەڕاونەتەوە” و هەم ئەوەشکە یارمەتیی ئەفغانستان دراوە بۆ به‌ ئیستلاح ئاوه‌دان بوونه‌وه‌ و بونیات نرانه‌وه‌.827

دیارە ئەوە تەنها بەشێکی چكۆله‌یه‌ لە تراژێدیای پەنابەرانی ئەفغانستانی. کاتێک مێدیای جیهانیی باس لە ” قەیرانی ئاوارەکان” دەکات، مەبەستی ئه‌وان، ئه‌و قەیرانه‌یه‌ کە لە هاتنی به‌لێشاوی بەشێکی زۆر کەمی ٦٥ ملیۆن کۆچبەری جیهانیی بەرەو ئۆروپاوه‌ سەرچاوەی گرتووە. بە شێوەی ئاسایی لەم مێدیانەوه‌ له‌ چاره‌نووسی بە میلیۆن ئاوارە کە لە لێوارەکانی ئاتلانتیکەوە هه‌تا کێوەکانی هیمالییا به‌ڕێوه‌ن، هەواڵیکی ئەوتۆ نییە. لە ناخی ئەم هەراوهوریایەدا چارەنووسی زیاتر لە ٦ میلیۆن پەنابەری ” یاسایی” و میلیۆنێک پەنابەری ” نایاسایی” لە پاکستان و یان چارەنووسی میلیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس پەنابەری ئەفغانستانی لە ئێران لە قەرەباڵغی ” قەیرانی ئاوارەکان” لە ئۆروپادا ون دەبێت.

دەوڵەتی پاکستان ڕایگەیاندووە کە سەرجەم پەنابەرانی ئەفغانستانیی دەبێ هه‌تا مانگی مارسی ٢٠١٧ پاکستان بەجێبهێڵن و بۆ ئه‌م مەبەستە هه‌تا مانگی دێسامبر، نزیکەی ٦٥٠ هەزار کەس لە پاکستانەوە دەنێردرێنەوە. بە پێی ئامارەکانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دەبێ ٤٠ هەزار ئاوارەی نێوخۆی ئەفغانستانیش بەم ڕێژه‌وه‌ زیاد بکرێت.

ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە حاڵیکدا لەنێو شیعەکانی هەزارەدا بۆ یارمەتیدان بە درێژەی مانه‌وه‌ی خۆی لە سورییە ئەندام گیریی دەکات، هاوکات له‌ڕێگه‌ی هێنانی گوشاری نامرۆڤانه‌ و هه‌روه‌ها ئاسته‌نگی نانه‌وه‌ بۆ نزیکەی میلیۆن و نیوێک پەنابەری ئەفغانستانیی، ناچار بە چوونەدەر لە ئێرانیان دەکات. هەڵبەت ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام لە ئەفغانستانییەکانی دانیشتووی ئێڕان چ لە دەورەی شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاقدا و چ بۆ پشتیوانیی لە ڕژیمی سەرکوتگەری بەشار ئەسەد وەک گۆشتی به‌ر تۆپ کەڵکی وەرگرتوە.

ئه‌و کۆنفرانسه‌ چوار لایەنەش کە لە ڕێکەوتی ٧ی ئۆکتۆبر بە بەشداریی نوێنەرانی ئەفغانستان، پاکستان، ئێران و کۆمیساریای باڵای ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پێکهات، ئامانجه‌كه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا بوو له‌سه‌ر درێژکرانەوەی مانەوەی کۆچبەرانی ئەفغانستانیی لە ئێران و پاکستان.

نوێنەری ئەفغانستان داوای لە دەوڵەتانی ئێران و پاکستان کرد کە ڕەوتی دەرکردنی کۆچبەران هێورتر بكه‌نه‌وه‌ هه‌تاكوو دەوڵەتی ئەفغانستان ئامادەیی و زەرفییەت و توانای پێویستی بۆ حەواندنەوەیان هەبێت. لە به‌رواری ٩ی مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس لە پاکستان و ئێرانەوە گەڕێندراونه‌ته‌وه‌.

لەم نێوانەدا بێشەرمانەتر لە هەمووان تەبلیغاتێکە کە دەوڵەتانی ئۆروپایی له‌سه‌ر” ئەمنییەتی ئەفغانستان” خستوویانەتەڕێ. تەنها عەوام فریوه‌كان دەتوانن باس لە ئەمنییەتی ئەفغانستان بکەن. هێرشی دووهەمی تالیبان بۆسەر شاری قۆندوز لە نیوەشەوی ٢ و ٣ ی مانگی ئۆکتۆبر، واتە هاوکات لەگەڵ کۆنفڕانسی برووکسێل و لە ساڵوه‌گه‌ڕی هێرشی یەکەمی ئەم گرووپەدا بۆسەر ئەمشارە، لە نموونەکانی “ئەمنیەت”ی ئێستای ئەفغانستانه‌. هێرشی تالیبان بۆسەر قۆندوز بوو بەهۆی هەڵاتنی ٢٤ هەزار کەس لە خەڵکی ئەمشارە. هاوکات هێرشی تالیبان بۆسەر شارەکانی ” ترین کوشا”، ” پول خۆمری”، ” فەراه” و ” لەشکه‌رگاه” بوو بە هۆی ئەوەیکە بەدەیان هەزار کەس لە خەڵکی ئەمشارانە بەرەو شارەکانی دیكه‌ ڕابكه‌ن.

لەم نێوانەدا دەبێ پرسیار بکرێت کە ئایا وێنەی ئەو ئینسانانەی کە هەموو دار و نەداریان خستووه‌تە کیسه‌یه‌كه‌وه‌ و چارەنووسی خۆیان داوەتە دەست کەسانێک کە قەرارە ئەوان ڕەوانەی سەرزەمینێکی ئەمن بکات هیچ ویژدانێکی زیندوو ئازار نادات؟ کاتێک کە هاواری برسێتیی منداڵێک لە گێژەنی هاژەی هەنگاوی کۆمەڵی زۆری مرۆڤه‌كاندا وەن دەبێ و دەنگدانەوەی نابێ، کاتێک کە لەتوپه‌تی دوایین جلوبەرگەکان بەسەر سیم خارداره‌كانه‌وه‌ با دەیشەکێنێ، کاتێک کە پاسەوانانی سنووری قەڵای ئۆروپا بە باتومەکانیان به‌رده‌بنه‌ سەروچاوی ئەم مرۆڤانه‌، ئه‌و ساته‌ی کە هەواڵی نوقمبوونی بەهەزاران کەس لە ئاوەکانی لێواری قەڵای ئۆروپا، مێدیای جیهانیی ده‌ته‌نن، ئیتر ئەوانەی کە سەبەبکاری ئەم کارەساتە مەترسیدارە مرۆییه‌ن، ناتوانن خۆیان لە پشت پەردەی مەوعیزەی ” خێرخوازانەیاندا” حەشار بدەن و لە بەیانییەوە هه‌تا ئێوارە لە بڵیندگۆکانیانەوە ده‌م له‌ ستایشی “بایه‌خه‌ ئۆروپاییەکان” بده‌ن و وڕینه‌ی پێوه‌ بكه‌ن.

ئەوانەی کە خاکی عێڕاق، ئەفغانستان، سورییە و لیبی و ئه‌م وڵاتانه‌یان بە تورەکە کێشاوە، ئەوانەی کە ساڵه‌های ساڵ، ئامێزیان بۆ دیكتاتۆرەکانی وەک قەززافی، ئەسەد، مۆباره‌ك و بێن عه‌لی، کراوە بووە و ڕه‌وت و جه‌ریانی کۆنەپەرستی ئیسلامییان به‌ردایه‌ گیانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو، ئێستا ئیتر ناتوانن ئەو سیاسەتە دژه‌ مرۆییانه‌یکە ساڵانێک لەدژی پەنابەران و کۆچبەران پەیڕەویان کردووە، بە شاراوەیی بێڵنەوە.

گومانی تێدا نییە بنەڕەتی ترین فاکته‌رەکانی ئاوارەبوونی ئەم شەپۆلە گەورە مرۆییه‌، قەیرانی جیهانیی سەرمایەداریی، ڕقابەتی زلهێزە جیهانیی و ناوچەییەکانه‌، بە تایبەت لە ناوه‌ند و كانونه‌كانی قه‌یران، بۆ وێنه‌ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئافریقا و پەرەسەندنی شەڕە نیابەتییەکان و هه‌بوونی دەوڵەتانی تاسه‌ر ئێسقان کۆنەپەرست لەم ناوچە قەیراناوییەدا.

کۆتایی هێنان بە تراژێدیای گەورەی پەنابەریی و ئاوارەیی لە گرەوی ساتوسەودای چه‌په‌ڵ و قێزەونی دەوڵەتانی ئه‌مپڕیالیستیی لەگەڵ سەرانی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و گه‌ڕاندنه‌وەی ئەم ئاوارانە بۆ مەیدانەکانی کوشت و کوشتاری حکومەتە سەرکوتگەرەکان و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامیەکاندا نییە، بەڵکوو لە گرەوی خەباتی شێلگیرانە و ماندوویی نەناسانەدایە لەگەڵ نیزامێکدا کە سه‌به‌بكاری سەرەکیی هەموو کارەساتەکانی زاڵ بەسەر جیهانی ئەمرۆیه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

ووته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادى مانگرتنی گشتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وهاوبه‌نده‌كانی

komalah

وڵامی کرێکاران بە قسە پڕوپووچەکانی خامەنەیی، ٦٠٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە یەک ساڵدا

komalah

حەوت هەزار وردە فرۆشی مادە هۆشبەرەکان لە ئاستی تاراندا

komalah