کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توند کردنەوەی کەش و هەوای ئەمنیەتی لە سەروبه‌ندی بەڕێوەچونی رێوڕەسمەکانی نەورۆز

 لە بەشە هەواڵیەکانی دوێنێدا هاتبوو کە، رژیم فەزای ئەمنیەتی کوردستانی لە رۆژەکانی ڕابردودا توند تر کردۆتەوە. خەڵکی شار و دێهاتی ناوچە جۆراو جۆرەکانی کوردستان لەم رۆژانەدا زیاتر لە ڕابردو کەوتونەتە ژێر ئازار و ئەزیەتەوە. توند بوونەوەی کەش و هەوای ئەمنیەتی کوردستان لە بارودۆخێکدا بەڕیوەدەچێت کە، ژمارەی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و عادی لە چەند هه‌فته‌ی رابردوو زیادی کردووە. هەواڵێک لە چارە نووسی سامان نەسیم و ٥ زیندانی سیاسی تر کە بە مەبەستی ئیجرای حوکمی ئێعدام گواسترابونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، لەبەر دەستدا نییە. شەش کەس لە زیندانیانی عەقیدەتی کورد لە شەپۆلی نوێی ئێعدامەکانی ئەم دواییەدا ئێعدام کراون. پەیکەری ئێعدام کراوەکانی ئەم رۆژانەی دوایی هێشتا نەدراونەتەوە بە بنەماڵەکانیان.

381
دەوترێ کە، لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردودا وەزاڕەتی ئیتلاعات هۆشداری داوەتە دانیشتوانی هێندێک لە شارەکانی کوردستان لەوانە شاری سەقز کە، حەقیان نییە لە ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆزدا ئاور بکەنەوە. بەڵام لە سنە، دەستی داوەتە شگردێکی تر و بەناوی سەلەفیە داعشیەکانی کوردستان هەڕەشەی لە خەڵک کردوە کە نابێ لە رۆژی چوارشەممە سوری و نەورۆزدا ئاور بکەنەوە. هەر لەو رۆژانەدا و بە شوێن مانگرتنی سەرتاسەری و سەرکەوتوانەی موعەلیمانی وڵاتدا کە موعەلیمانی شارەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرین تێیدا بەشدار بوون، ژمارەیەک لە مامۆستایانی شارە جۆراو جۆرەکانی کوردستان بانگ کراون بۆ ستادی خەبەری و ئیتلاعات و سەبارەت بە بەشداریان لەم مانگرتنە سەرتاسەریەدا هۆشداریان پیداون.

نە تەنیا مامۆستایان بەڵکو، گوشار بۆسەر هەڵسوراوانی کرێکاری و تەشەکولە مەدەنیەکان توند بۆتەوە و بانگ کردن و هۆشداریدان زیادی کردوە. ئەم جۆرە کردارانە سەبارەت بە بەڕێوەچونی مەڕاسمەکانی رۆژی جیهانی ژنیش دەبیندرێت. هەڕەشەکانی ڕژیم لەم بوارەشدا لە چەند رۆژ لەوە پێشەوە دەستی پێکردوە.
لەم راستایەدا لە کوردستان نە تەنیا دەزگا ئیتلاعاتی و ئینتیزامیەکان بەکار هێندراون بەڵکوو، سەلەفیە داعشیەکانی دروست کراوی سپای پاسدارانیش لە شگردێکی ئیتلاعاتیدا هێنراونەتە مەیدان و بەناوی ئەوانەوە راگەیاندن دەردەکەن و باندرۆل هەڵدەواسن و هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکەن سەبارەت بە بەڕێوەبردنی مەڕاسمی شادیی نەورۆزی.

رژیم لە هەمان ساڵەکانی سەرەتای زاڵ بوونی سەرکوتگەرانەی بەسەر کوردستاندا هەوڵیداوە تا، بەربە بەڕێوەچونی مەڕاسمە سوننەتیەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆز لەم ناوچەیەدا بگرێت، بەڵام خەڵکی کوردستان بەرەنگاری ئەم سیاسەتەی ڕژیم وەک هەموو سیاسەتە دژی خەڵکیەکانی تری بوونەتەوە. لە ساڵەکانی سەرەتای میلیتاریزە بوونی کوردستان لاوانی پڕشور و تێکۆشەر بە دەستدانە ئیبتیکاری ئاگرکردنەوە لەسەر کێوەکانی زاڵ بەسەر شار و دێهاتەکانیاندا، ئەم سیاسەتەی ڕژیمیان پوچەڵ و لە بەرانبەریدا دەستیادایە خۆڕاگری. ئاستی ئەم خۆڕاگرییە بەرە بەرە پەرەیسەند و هەر ساڵە و ژمارەی ئەم ڕێوڕەسمانە بەرین تر و ژمارەی بەشداران تێیدا زیاتر بووە بە شێوەیەک کە، لەم چەند ساڵەی دواییدا بەڕێوەچونی ئەم رێوڕەسمانە بە هیمەت و ئیبتیکاری لاوانی کچ و کوڕی ناڕازی لەم حکومەتە رێکخراوتر و حوزوری خەڵک تێیاندا زیاتر پەرەی سەندوە. بەڕیوەچونی ڕیوڕەسمەکان لە سەربان و سەر کێوەکان، واوەتر چووە و بووەتە کۆبونەوەی جەماوەری لە پارکەکان، ناوەندی شار و دێهاتەکان و بەسەر ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە لوتکەی کێوەکانی زاڵ بەسەر شار ودێهاتەکانی کورستانەوە لەم بۆنانەدا ئاور دەکرێتەوە. خەڵکی کوردستان، بەتایبەت لاوانی کچ و کوڕ، دەست لەنێو دەستی یەكتردا بە هەڵپەڕکێ و سەماوە هەم هێرشی دژی فەرهەنگی ڕژیم توشی شکست دەکەن و هەم دروشمی هاوپشتی دەڵێنەوە و لەم بۆنانەدا هیوا بە ژیان و داهاتو بەسەر لێو و ڕواڵەتی هیواداریانەوە دەپشکوێ و ئەم هیوادار بوونە بەژیان ئەو هێزەیە کە رژیم هەراسان دەکات. ئەم ڕژیمە مانەوەی بەندە بە گۆشەگیری و خەمۆکی و بێ هیواییەوە. خوازیاری کۆمەڵگایەکی سەرنەوی و گوێ لە مشتە کە خەڵکەکەی لەبەرانبەر چارەنوسێکدا کە رژیم بۆی دیاری کردون تەسلیم بن. بەڵام رەوتی بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی نیازەکانی ڕژیم ناچێتە پێش. سەرەڕای هەوڵی هەموو ساڵەی ڕژیم لە نیوەی دەوهەمی مانگی ڕەشەمەدا بۆ بەرگرتن لە بەڕێوەچونی ئەم ڕیوڕەسمانە خەڵکی کوردستان، بەڕیوەچونی جێژنەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆزیان بەسەر ڕژیمدا سەپاندوە.

چوارشەممە سوری و نەورۆزی ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا نزیک بۆتەوە کە وەزعی ئابووری ڕژیم شپرزە و قەیراناوی ترە لە هەمیشە و کۆماری ئیسلامی لە سەرودەمی سەر دانەواندن لە بەرانبەر گوشارەکانی ئامریکا و رۆژئاوادایە. لە ئاوا هەلومەرجێکدا ئەم ڕژیمە لە هەموو کاتێک زیاتر لە کۆبونەوەی جەماوەری دەترسێ. لەم روەوە لە هەوڵ دایە بە دروست کردنی کەش و هەوای ترس و وەحشەت، زیاد کردنی ئێعدامەکان و بانگ کردنی هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بەر بە بەڕێوەچونی کۆبونەوەی خەڵک لەم بۆنانەدا بگرێت. هەوڵ ئەدات هەر جۆرە بۆنەیەک کە ببێتە هۆی کۆبونەوەی خەڵک و شادی و سروریان بەرتەسک بکاتەوە، بەر بە بەڕێوەچونی بگرێت. بەڵام مەڕاسمی چوارشەممە سوری و نەورۆز، لەو حاڵەتانەیە کە کۆماری ئیسلامی تێیاندا سەری لە بەرد دەکوتێ و خەڵکی سەرتاسەری ئێران بەڕێوەیان دەبەن.

ساڵانێکە کە بڵێسەی ئاگری چوارشەممە سوری و نەورۆز لە کوردستان گەشاوەتر و بڵیسەدار تر دەبێت. هەڕەشە و کرداری پێشگیرانەی سپا و هێزە ئیتلاعاتیەکانی ڕژیم نە تەنیا نەیانتوانیوە بەر بە بەڕێوەچونی ئەم بۆنە شورئەنگیزەی خەڵکێک بگرن کە هەموو ساڵیک جەماوەری تر دەبێتەوە، بەڵکو لە کاتی بەڕیوەچونی مەراسمەکاندا هەموو چەشنە هێرشێکی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بە یەکێتی و هاوپشتی لاوانی پڕشور و شۆڕشگێڕ و جەماوەری خەڵکی بێزار لەم ڕژیمە وڵام ئەدرێتەوە. ئەمساڵیش شاهیدی بەڕیوەچونی سوننەتە دێرینەکانی خەڵکی کوردستان دەبین. ئەمنیەتی کردنی فەزای کوردستان یەکێک لە نیشانەکانی ئامادەیی خەڵک بەتایبەت لاوانی کوردستانە بۆ هەرچی شکۆدار تر بەڕێوە بردنی ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممە سوری و نەورۆز.