کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

توند بوونەوەی گوشار و کێشمەکێش بە ئامانجی وتووێژ و سازش

پنجشنبه – ۳۰ خرداد – ۱۳۹۸ , 20 – 06 – 2019

 

 

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریەکان و لە زمان پۆلیسی عێڕاقەوە بەیانی رۆژی چوارشەممە، ٢٩ ی مانگی جۆزەردان بەرابەر بە ١٩ ی ژوئێن، موشەکێکی کاتیۆشا بەرە ناوچەی کۆمەڵگەی ئیداری و مەسکونی بورجیسیا لە رۆژئاوای بەسرە کە دەفتەر و نووسینگەکانی ژمارەیەک لە شیرکەتە نەوتیە نێونەتەوەییەکان لەوانە ئەکسۆن موبیل، شێل و ئانی ئیتالیا ی لێیە، هاوێژراوە کە بەهۆی تەقینەوەی موشەکەکەوە، دوو کرێکار بریندار بوون و زیانی مادیشی بەشوێنەوە بووە. هاویشتنی موشەک بەرەو شوێنی جێگیر بوونی ژمارەیەک لە شیرکەتە گەورە نەوتیەکان لە بەسرە لە حاڵێکدایە کە رۆژی پێنجشەممە ٢٣ ی مانگی جۆزەردانیش دوو کەشتی هەڵگری بار بەرەو ژاپۆن لە نزیک ئاوەکانی ئێران لە تەنگەی هورمز کەوتنە بەر هێرش. ئەگەرچی دەوڵەتانی ئاڵمان و بریتانیا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانیان بە بەرپرسی ئەم هێرشە ناساندوە، بەڵام ئەم هێرشانە بە ئیمکاناتێکی دەوڵەتی وەها حیساب کراو ئەنجام دراوە کە هێشتا یەکلا نەبۆتەوە کام یەک لە لایەنەکانی سەرەکی کێشەکە و یان هێزە ناوچەییەکان کە لەم کێشانەدا خاوەن بەرژەوەندین لە گەڵاڵەڕێژی ئەم هێرشەدا دەستیان هەبووە. ئەم دوو حاڵەتە لە درێژەی ڕەفتار و کرداری تەحریک ئامیزی دەوڵەتی ئەمریکا و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەم حەفتانەی دواییدا و سیاسەتی شەڕ ئەنگێزانەی دەوڵەتانی عەرەبستانی سعودی و ئیسرایل لە ناوچەکەدا، ئاستی جێی نیگەرانی قەیران و کێشمەکێشەکانی مەوجود پیشان ئەدات. سەرەڕای درێژە و توند بوونەوەی کێشەکان، دەوڵەتی ئەمریکا نەخشەی چوونە نێو زەلکاوی شەڕێکی بەتەواو مانای لە جۆری ئەفغانستان و عێڕاقی لە ئێران نییە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیش پەڕتوکاو تر لەوەیە کە توانایی چوونە نێو شەڕێکی تەنانەت لە ئاستی بەرتسک تریشیدا هەبێت.

دوای کۆتایی شەڕی سارد و لێک هەڵوەشانی بلۆکی رۆژهەڵات، دەوڵەتی ئەمریکا کە خۆی لە سەرەوەی براوەکانی ئەو شەڕەدا بوو لە بەرانبەر زل هێزە ئابووریە تازەکانی وەک ئوروپای یەکگرتو، ژاپۆن و چین، زیاتر لەوە نەی ئەتوانی بە پشت بەستن بە تواناییە ئابووریەکەی دەوری هێژمونێک و ڕێبەری خۆی لە ئاستی دنیا و لە ناوچەکەدا دابین بکات. ئەمریکا بەهۆی ڕەوتی روو لە کز بوونی توانایی ئابووریەکەی هەوڵیدا بە پشت بەستن بە بەهێزی تر بوونی تواناییە نیزامیەکەی دەوری ڕێبەریی خۆی بەسەر دنیادا زەمانەت بکات. ئەمریکا بە شەڕی کەنداو و دواتر بە لەشکر کێشی بەرەو ئەفغانستان و عێڕاق لە ڕاستیدا ویستی لە ڕێگای قەدەر قودرەتی نیزامیەوە ئەم مەوقعیەتە لاواز بووەی نۆژەن بکاتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتی ئەمریکا نە لە ئەفغانستان و نە لە عێڕاق نەیتوانی ئەمنیەت ونەزمی جێی سەرنجی دابمەزرێنێ، ڕەوتی بارودۆخەکە لەم دوو وڵاتەدا دیسانیش مەوقعیەتی ئەمریکای زیاتر لاواز کرد. چەند ساڵ دواتر ئاخێزە شۆڕشگێرانەکان لە خاوەرمیانە و باکوری ئەفریقا نیشانی هاوپەیمانانی ئەمریکای دا کە بە پشت بەستن بە پشتگیری ئەمریکا ناتوانن پاراستنی دیکتاتۆڕیەکانیان زەمانەت بکەن و ئەم ئاڵوگۆڕانە و دواهاتەکانیشیان مەوقعیەتی ئەمریکای زیاتر خستە ژێر گوشارەوە. ئەمریکا بەهۆی کز بوونی توانایی ئابووریەکەی بەم هۆکارە سادەیەی کە لە ئەفغانستان و عێڕاقیش نەیتوانی نەزمی جێی سەرنجی خۆی دابمەزرێنێ، ناتوانێ شەڕێکی تر لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا بەرپا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی ئەمریکا بە توند کردنەوەی تەحریمە ئابووریەکان لەدژی ئێران، گوشار هێنانی سیاسی و دیپلۆماتیکی کۆنترۆڵ کراو، شەڕی ڕەوانی و تێکۆشان بۆ شکڵ دان بە کۆدەنگیەکی نێونەتەوەیی لەدژی کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی هەوڵ ئەدات. ئامانجی دیاریکراوی ئەمریکا لە توند کردنەوەی گوشارەکان، پەرەدان بە ئیجرای ناوەرۆکی تەوافوقاتی هەستەییە بۆ ماوەیەکی نادیار، چاودیری بەسەر بەرنامەکانی بەرهەمهێنانی موشەکی دوور هاوێژی ڕژیم و کۆنترۆڵ کردنی دخاڵەتگەریە سیاسی و نیزامیەکانی لە وڵاتانی ناوچەکەدا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە خۆی سەرچاوەی زیاتر بوونی هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێبەشیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانە لە ئێران، لە هەمان سالەکانی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە پشتیوانی مادی و ئیلهام بەخشی گوروپ و بزوتنەوەکانی ئیسلامی سیاسی بووە لە ناوچەکەدا. ئەم ڕژیمە لە هەمان سەرەتاوە، دەورەیەک بە سیاسەتی پان ئیسلامیستی و پشتیوانی لە گوروپە ئیسلامیەکان و دواتر بە گەورەتر نیشاندانی قەبارەی و ئاستی بەرنامە ئەتۆمیەکەی و یان بە دەخالەتگەری لە کانونەکانی قەیرانی خاوەرمیانە و بەرهەمهێنان و تاقی کردنەوەی موشەکی دوور هاوێژ وەک شگردێک بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی نفوزی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەستەبەر کردنی مەوقعیەتی بانتر لە کێشمەکێشە ناوچەییەکاندا کەڵکی وەرگرتوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دەورەکانی ڕەفسەنجای، خاتەمی و روحانیدا لە لایەکەوە بە پشت بەستن بەم ئەهرومانەی گوشار و لە لایەکی دیکەوە بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتێک کە ڕقابەتی زل هێزە جیهانیەکان بۆیان فەراهەم کردبوو هەوڵی ئەدات کە مناسباتی لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا باشتر بکات، بەڵام هەموو جارێک هەوڵەکانی بەهۆی ناکۆکی نێوخۆیی ڕژیم توشی شکست هاتن. ئێستا لە حاڵێکدا کە بە وتەی زەنگەنە وەزیری نەوت، بارودۆخی ئابووری لە دەورانی شەڕی ئێران و عێڕاق دژوار ترە و هەناردە کردنی نەوت لە کاتی دەستپیکردنەوەی سەرلەنوێی تەحریمەکانەوە بۆ یەک لەسەر پێنج کەمی کردوە و بە کورتی ئابووری ئێران لەبەر مەترسی لێکهەڵوەشان دایە و ڕژیم لە نێوخۆشدا بەرەو رووی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری و جەماوەری بۆتەوە، کۆماری ئیسلامی نە توانایی و نە پلانی بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمریکای نییە. لە بارودۆخی ئێستادا سەرەڕای دژایەتی خامنەیی لەگەڵ وتووێژ، ئامانجی سپای پاسداران لە ماجەراجوییە نیزامیەکانی دابین کردنی بارودۆخێکی بەناو ئابڕومەندانەیە بۆ وتووێژ و سازش لە راستای ئیستراتیژی کۆتایی هێنان بە تەحریمە ئابووریەکان و زەمانەت کردنی مانەوەی کۆماری ئیسلامی. بەم حاڵەشەوە جا لە ئاکامی ئەم ماجەرا جویینانەدا بێت یان لە ئاکامی تەحریکاتی هێزە ناوچەییەکان، عەمەلیات و دەرگیریەکی نیزامی لە دەرەوەی بەرنامەش دەتوانێ دواهاتێکی کارەساتباری بەشوێنەوە بێت.

لەم نێوانەدا چینی کرێکار و خەڵکی ستمەدیتوی ناوچەکە دەبێ بزانن کە کێشەکانی نێوان لایەنەکانی ئەم ناکۆکیە هیچ پێوەندیەکی بە قازانج و بەرژەوەندیەکانی ئەوانەوە نییە. ئەگەر دەوڵەتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی هەردوکیان هەوڵ ئەدەن تا بەرژەوەندی ئیمپڕیالیستی و سەرمایەدارانەی خۆیان هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی خەڵک نیشان بدەن بەم هۆکارە سادەوەیە کە دەیانەوێ جەماوەری خەڵکی بکەنە پیادەنیزامی شەڕ و کێشە کۆنە پەرستانەکانیان. بەڵام کرێکاران و خەڵکی ئێران شاهیدی دواهاتەکانی کارەساتباری لەشکرکێشی ئەمریکا بۆسەر وڵاتانی ناوچە و ئاسەوارە مەترسی دارەکانی تەحریمە ئابووریەکانی ئەمریکا لەدژی خەڵکی عێراق بوون. ئەوان بە تەجروبە بۆیان روون بۆتەوە کە بۆ کۆتایی هێنان بە ئاسەواری وێرانگەری ئەم کێشمەکێشانە ڕێگایەک بێجگە لە خەبات بۆ روخاندنی شۆڕشگێرانەی کۆماری ئیسلامی و لەقاودانی ماهیەتی ڕاستەقینەی سیاسەتە ئیمپڕیالیستیەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و ئەو بەشە لە هێزی ئوپوزسیۆن کە دڵیان بە دەستێوەردانی ئەمریکا خۆش کردوە بوونی نییە.

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-