کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ته‌شتی ڕسوایی ڕژیم له‌ زیندانی ئێڤین

58965696 303

ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر كارییه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌لـلاق لێدان و له‌ سێداره‌ دان له‌ به‌رچاوی خه‌ڵك و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدام كردن له‌ زیندانه‌كاندا بووه‌ و ڕازی مانه‌وه‌ی ئه‌م ڕژیمه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌. تا به‌ر له‌ هه‌ك كردنی دووربینه‌ مه‌دار به‌سته‌كانی زیندانی ئێڤین له‌ چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، بێجگه‌له‌ چه‌ند نموونه بڵاوبوونه‌وه‌ی فیلم ژووری ئه‌شكه‌نجه‌، گشت دادخوازیی به‌ندكراوانی سیاسی و بنه‌ماڵه‌كانیان، گشت زانیاریی ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی ئێران و جیهان به‌ پێی وته‌، نووسراوه‌ و وتووێژی خودی به‌ندكراوانی سیاسی و بنه‌ماڵه‌كانیان ئاماده‌ ده‌كرا و ڕژیم و داكۆكیكارانی، ئێعتبار و درووستیی ئه‌م به‌ڵگانه‌یان ده‌برده‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و یان ڕه‌تیان ده‌كرده‌وه‌. هه‌ك كردنی دووربینه‌ مه‌دار به‌سته‌كانی زیندانی ئێڤین و بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌ندین فیلمی یه‌ك ده‌قیقه‌یی و هه‌ڵسووكه‌وتی پاسه‌وانانی زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ده‌رانی حكوومه‌ت، به‌ڵگه‌یه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گری له‌ توندوتیژیی و ڕه‌فتاری وه‌حشیانه‌ی حكوومه‌تی ئیسلامی له‌گه‌ڵ به‌ندكراوانی سیاسی له‌ زیندان دایه‌ ده‌ر.  ئه‌م به‌ڵگه‌ حاشاهه‌ڵنه‌گرانه‌ خاوه‌ن وه‌زن و گرینگیی یاسایی جیددین كه‌ ده‌كرێ به‌ هه‌ر دادگایه‌كی جیهانی كه‌ په‌یگیری جه‌نایات دژبه‌ مرۆڤایه‌تییه‌، بسپێردرێت. به‌مجۆره‌ هه‌كێره‌كانی زیندانی ئێڤین گه‌وره‌ترین خزمه‌تیان به‌ ناوه‌نده‌كانی مافی مرۆڤ، به‌ پارێزه‌رانی ئازادیخواز، به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی كردووه‌ تا ڕوخساری دژه‌مرۆیی سه‌رانی حكوومه‌تی ئیسلامی به‌ بێ په‌رده، به‌ بێ درۆ و شانۆسازی له‌ لایه‌ن هه‌موو خه‌ڵكی جیهان و بیروڕای گشتییه‌وه‌ ببیندرێت.

توندوتیژیی تۆخی پاسه‌وانانی زیندان له‌ سه‌ره‌تای چوونه‌ ناوی به‌ندكراو بۆ زیندانی ئێڤین، ڕاكێشانی به‌ندكراوێكی بێهۆش به‌سه‌ر عه‌رز و پلیكانه‌كان، مشت و شه‌ق لێدانی تێكڕایی له‌ به‌ندكراوانی ده‌ست و پێ به‌ستراو، دانانی دووربین له‌ناو ژووره‌كان و زه‌بت كردنی خسووسیترین وێنه‌كانی حه‌مام كردن و ده‌ستشوویی ژنان و پیاوانی به‌ندكراو به‌بێ ئاگاداری و ڕه‌زایه‌تی ئه‌وان، ڕووت كردنه‌وه‌ی به‌ندكراوان له‌سه‌ره‌تای چوونیان بۆ زیندان، ته‌نیا چه‌ند نموونه‌ی چكۆله‌ی چه‌ند ده‌قیقه‌ییه‌ له‌ فیلمی هه‌ك كراوی زیندانی ئێڤین.

فه‌زای زیندان و گوشاری قورسی ده‌روونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌ندكراوان به‌ره‌و خوكوژی هان ده‌دات و ئێمه‌ له‌و چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌دا شایه‌دی دوو به‌ندكراوی ژن و پیاوین كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆبكوژن و له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و توندوتیژیی زیندان نه‌جاتیان بێت. یه‌كێك له‌ ئامرازه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌ده‌رانی كۆماری ئیسلامی ڕاگرتنی به‌ندكراوان له‌و ژووره‌ تاكه‌كه‌سییه‌ چكۆله‌ و ناسالمانه‌ دایه‌ كه‌ بڕێك له‌ گۆڕ گه‌وره‌ترن و هیچ جۆره ئیمكاناتێكیان بۆ سه‌رمای زستان و گه‌رمای كوشنده‌ی هاوین نییه‌ و ژوورێكی داخراو و پیسن كه‌ توالێتی سه‌رئاواڵه‌ له‌ شوێنی خه‌وی به‌ندكراو دایه‌. ئه‌م فیلمه‌ بڵاوكراوانه‌ هی ژووری بازجویی و ئه‌شكه‌نجه‌ نین و به‌شه‌ به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌شكه‌نجه‌ و توندوتیژیی سپا و ساواما نیشان ناده‌ن، به‌ڵام به‌و حاڵه‌وه‌ ئاستی توندوتیژی له‌ حه‌ساری زیندان، له‌ ڕێڕه‌و و ژووره‌كان، له‌ حه‌مام و توالێته‌كان یه‌كجار دڵته‌زێن و هاوشێوه‌ی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌.

زیندانی ئێڤین بێجگه‌له‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و توندوتیژی دژبه‌ به‌ندكراوانی سیاسی، شوێنی ڕاگرتنی گه‌نده‌ڵانی ئابووریشه‌ كه‌ برای ڕووحانی یه‌كێك له‌وانه‌. به‌و جیاوازییه‌وه‌‌ كه‌ هه‌روه‌ك له‌ ویدیۆكاندا ده‌بیندرێ، شونێی ڕاگرتنی گه‌نده‌ڵان و دزانی حكوومه‌ت هاوشێوه‌ی هۆتێله‌ و هه‌موو ئیمكاناتێكیان له‌ ئیختیار دایه‌ و زۆر جاریش له‌ مه‌ره‌خه‌سین.

ویدیۆكان نیشانی ده‌ده‌ن كه‌ مه‌ئمووره‌كان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ردا ده‌ستیان هه‌یه‌ و به‌سته‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌ڵده‌گرن و به‌ به‌ندكراوانی ده‌فرۆشن. وێده‌چێ به‌خاتری ره‌قابه‌ت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بێت‌ كه‌ جاروباره‌ پاسه‌وانانی زیندان هه‌روه‌ك ئاژه‌ڵه‌ وه‌حشییه‌كانی ناو جه‌نگه‌ڵ تێكبه‌رده‌بن و یه‌كتری خوێناوی ده‌كه‌ن.

له‌ زیندان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌ندكراوانی ژن و پیاو ده‌خه‌نه‌ ناو ژوورێكی چكۆله‌وه‌ و وێنه‌كانی كوته‌ك كاری چ له‌ لایه‌ن به‌ندكراوان و چ له‌ چه‌ند نموونه‌دا له‌ نێوان به‌ندكراوانی ژن و پیاو، هه‌موو بێنه‌رێك نوقمی خه‌م و په‌ژاره‌ ده‌كات. ژماره‌ی به‌ندكراوانی نوێ ئه‌وه‌نده‌ زۆرن كه‌ به‌ڕیزیان ده‌كه‌ن و له‌ چه‌ند حاڵه‌تدا به‌ندكراوان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای چوونه‌ناوه‌وه‌ له‌ لایه‌ن پاسه‌وانانی زیندانه‌وه‌ ده‌درێنه‌ به‌ر ئه‌شكه‌نجه‌ و توندوتیژی.

كۆماری ئیسلامی هه‌موو پاسه‌وانانی زیندانیشی كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ده‌ر. ئه‌وان به‌ بێ ئه‌وه‌یكه‌ له‌ ژووری بازجویی و ئه‌شكه‌نجه‌دا بن، گشت زیندانیان كردووه‌ته‌ ئه‌شكه‌نجه‌گا. له‌م فیلمه‌دا ڕوحم به‌ پیر، ژن، نه‌خۆش و بێهۆشیش ناكه‌ن و ئه‌وه‌ش هه‌مان زیندانێكه‌ كه‌ عه‌لی خامنه‌یی له‌ژێرناوی فێرگه‌ و ته‌نانه‌ت هێندێك جار به‌ هۆتێل ناوی لێده‌بات!

دیاره‌ له‌م ویدیۆیانه‌دا، گشت ڕوخساری دژه‌مرۆیی ڕژیمی ئیسلامی نیشان نادرێت. ڕژیم گه‌لێك زیندانی هه‌یه‌ كه‌ ده‌نگی به‌ندكراوانی به‌هیچ شوێنێك ڕاناگات و ته‌نانه‌ت كه‌م وا هه‌یه‌ به‌ندكراوان به‌ زیندوویی لێی بێنه‌ ده‌رێ. هه‌ر له‌م زیندانی ئێڤینه‌شدا به‌شی ئه‌منییه‌تیتر و یان ژووری بازجویی و ئه‌شكه‌نجه‌ بوونیان هه‌یه‌ كه‌ له‌م فیلمانه‌دا نه‌هاتوون.

زیندان و باروودۆخی ڕاگرتنی به‌ندكراوان له‌ زیندان یه‌كێك له‌ ڕوونترین پێناسه‌كانی هه‌ر نیزام، ده‌سه‌ڵات و هێزێك له‌ جیهان دایه‌ و فیلمه‌كانی زیندانی ئێڤینی ڕژیمی ئیسلامی نیشانی ده‌دات كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ چ نیزامێكی جه‌نایه‌تكار و دژه‌مرۆیی به‌ره‌وڕووین كه‌ تێیدا مافی ئینسان هیچ مانا و بایه‌خێكی نییه‌.

هه‌روه‌ك چۆن به‌ندكراوان و كه‌مپه‌كانی مه‌رگ له‌ ئاشویتسی نازییه‌كانی ئاڵمانی هیتلێری، دوورگه‌كانی ڕه‌گه‌زپه‌رستان له‌ ئه‌فریقای باشوور له‌ سه‌رده‌می ئاپارتاید توانیی ڕێژه‌ی دڕنده‌یی فاشیسم و ڕه‌گه‌زپه‌رستی نیشان بدات، وێنه‌ی هه‌ك كراوی زیندانی ئێڤینیش ڕوخساری قیزه‌ون و دژه‌مرۆیی ڕژیمی كۆنه‌په‌رستی ئسلامیی ئێران به‌ گشت خه‌ڵكی جیهان نیشان ده‌دات. ئه‌م فیلمانه‌ به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گرن بۆ موحاكمه‌ و سپاردنی حاكمانی ئیسلامیی ئێران به‌ دادگا، به‌ تاوانی جه‌نایه‌ت دژبه‌ مرۆڤایه‌تی. فیلمه‌ بڵاوكراوه‌كان ئه‌و به‌ڵگه‌ نه‌نگینانه‌ن كه‌ به‌ هیچ ته‌رفه‌ند و هه‌وڵێك له‌ لایه‌ن حكوومه‌تی ئیسلامی و داكۆكیكارانی قیزه‌ونییه‌وه‌، پاساو ناكرێن.