کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ترسی ڕژیم لە هێزی هاوپشتی خەڵک لەگەڵ بەرکەوتوانی لافاو

لە حاڵێکدا کە مەترسی سێڵاو هەڕەشە لە شاری تاران دەکات و پۆلیسی ئەو شارە دەستوری داخستنی یەکە سێنفییەکانی دەرکردووە، کارناسانی کەشناسی، ڕۆژی سێشەممە ٦ی مانگی خاکەلێوە باسیان لە ئەگەری هەڵوچوونی روبارەکان و هه‌ستانی لافاو لە ١٨ شوێنی تری ئێران کردووه‌. بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا ئەم کارناسانە دەڵێن ئەگەری هه‌ستانی لافاو لە ئوستانەکانی خوزستان، ئیلام، کرماشان، لوڕستان، کۆهگیلویە و بۆیر ئەحمەد، چوار محاڵ و بەختیاری، بووشێهر، فارس و ئیسفەهان و بارینی بارانی بەخوڕ و هەورە تریشقە هەیە. ئەم هۆشدارانە لە حاڵێکدایە کە بارینی زۆری باران و هەستانی لافاو لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا زیانی گیانی و خەسارەتی قورسی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران بەشوێنەوە بووە. لەگەڵ زیاد بوونی قوربانییانی ئینسانی و خەسارەتی زۆری سەرچاوەگرتوو لە هەستانی لافاو و هەڵچوونی روبارەکان و زیاد بوونی ئەگەری ڕووخانی هێندێک لە بەنداوەکان، لاوازی و داماوی ناوەندە حکومەتییەکان لە ناردنی یارمەتی پێویست بۆ ناوچە لافاولێدراوەکان لای هەموان ئاشکرا بووە. لاوازی و داماوی ناوەندە حکومەتییەکان بۆ ناردنی یارمەتی بۆ ئەو ناوچانە بە شێوەیەک ئاشکرا بووە کە بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی حکومەتی” ئینتخاب” هه‌ندێک لە خودیەکانی ڕیژیمیش لە نامەیەکی کراوەدا بۆ ڕووحانی، خوازیاری لابردنی وەزیری ناوخۆ بوون بە هۆی لاوازیی ئەو لە مودیریەت کردنی ئەو قەیرانە سروشتیە و دواهاتەکانی.

بەڵام لە بارودۆخێکدا کە خودی رژیمیش دانی بە لاواز بوونی مودیریەت کردنی ئەم قەیرانەدا دەنێن، بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی حکومەتی ئیسنا، جەواد جاویدنیا جێگری دادستانی گشتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی، هەموو جۆرە کۆکردنەوەی یارمەتییەکی جەماوەری لە لایەن کەسان و ناوەند و سازمانە ناسراوەکان بێجگە لە ڕێگای کۆمەڵەی مانگی سوور و کومیتەی ئیمدادەوە قەدەغە ڕاگەیاندووە. هەڵبەت جێگری دادستانی گشتی ڕژیمی ئیسلامیی بە بیانوو و پاساوی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەو کڵاوبەرداریانەی کە گۆیا لەژێر ناوی کۆکردنەوەی یارمەتی جەماوەری بەڕێوەچووە ئەم حوکمە دژی ئینسانیەی دەرکردووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە پەرەسەندنی روحیەی هاوخەمی و هێزی هاوپشتی و ڕێکخستنی سەربه‌خۆی یارمەتییە جەماوەرییەکان بۆ لافاولێدراوان دەترسێت. سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئەزموونی دیمەنە شکۆدارەکانی دەربڕینی هاوخەمی و ڕێکخستنی کۆکردنەوە و ناردنی یارمەتییە ئینسانییەکانی بۆ بومەلەرزە لێدراوانی ئوستانی کرماشان لە لایەن خەڵکی کوردستان و باقی شارەکانی ئێرانەوەی لەبیر نەچووه‌تەوە. سەرانی ڕژیم دەیانەوێ لە هەموو دەرفەت و ئیمکاناتێک بۆ بەرگرتن لە پیشاندرانی هێزی هاوپشتی خەڵک کەڵک وەربگرن.

خەڵکی ئێران لە بیریانە کە دوای بوومەلەرزەی مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٦ لە ئوستانی کرماشان و داماوی بە ئاشکرای ناوەندە حکومەتییەکان لە ناردنی یارمەتییەکانی جێی پێداویستی بۆ بومەلەرزە لێدراوان و ئاوارەکانی ئەم ڕووداوە، چۆن جەماوەری خەڵک لە شار و دێهاتەکانی کوردستان و باقی شارەکانی ئێرانەوە دەستە دەستە بە هەر ئیمکان و تواناییەک کە لە بەرە دەستیاندا بوو وەسایل و کەلوپەلی یارمەتی پێویستیان بە ئیکیپی تایبەت کۆدەکردەوە و ئەو یارمەتیانەشیان ئەدایە ئەو شوێنە جۆراوجۆرانەی لە شارەکاندا داندرابوون و چۆن ئیمدادگەرانی خەڵکی سەرەڕای کارشکێنیەکانی مەئموران و کاربەدەستانی ڕژیم بە شێوەی بەردەوام یارمەتییە کۆکراوەکانیان بەرەو شوێنە بومەلەرزە لیدراوەکان بەڕێ دەکرد. لەو کاتەدا جەماوەری خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر کرداری دژی ئینسانی کاربەدەستانی حکومەتی لە نە ناردنی یارمەتیەکانی جێگای پێداویستی بۆ ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان، بە ناردنی یارمەتییە بێ دریغەکانیان و نیشاندانی سەحنەیەکی شکۆدار لە هاوپشتی ئینسانی لەگەڵ سەدەمە دیتوەکان و ئاوەرەکانی ئەم ڕووداوە کاردانەوەیان نیشاندا.

بەڵام سەرەڕای ئەمانە داماوی ڕژیم لە ئەنجامدانی عەمەلیاتی ئیمداد و نەجات، و هێواشی لە ناردنی یارمەتییە سەرەتاییەکان بۆ لافاولێدراوان تەنیا هۆکاری زیاد بوونی قوربانییان و سەرهەڵدانی قەیرانی ئینسانی دوای هەستانی لافاو و هەڵچوونی ڕووبارەکان نییە. پلەی بەرزی ئاسیب پەزیر بوونی خەڵک لە بەرانبەر ئەم جۆرە ڕووداوە سروشتیانەدا ڕیشەی لە سیاسەتە سەرمایەدارانە ژینگەییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی دایە. بە پێی قسە و دان پێدانانی حەسەن ڕووحانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک لە وەزیران و بەرپرسانی ئیجرایی سەرەوەی ڕژیم لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی مانگی خاکەلێوە، سیاسەتە قەیران زا ژینگەییەکانی ڕژیم دەورێکی گرنگیان لە ئاستی وێرانگەر بوونی ئەم ڕووداوە سروشتیەدا هەبووە. ڕووحانی لەم کۆبوونەوەیەدا وتویەتی:” کاتێک زوڵم لە سروشت بکەین، ڕووبارێك وشک بکەین و یان کانالێک بگرین و دارستانێک وێران بکەین، بەم شێوەیە بەرەوڕووی کێشە و گرفت دەبینەوە.” ڕووداوی سروشتی لە مناسباتی سارمایەداریدا، لە نیزامێکدا کە سەرچاوەی سەروەت و توانایی و لە دەست کەمینەیەک لە سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندایە بەردەوام زۆر ترین قوربانی لە توێژی بێبەشی کۆمەڵگا دەگرێت. ئەگەر هه‌ستانی لافاو و هەڵچوونی رووبارەکان رووداوێکی سروشتییە، بەڵام ئاستی قوربانییانێک کە لێی دەکەوێتەوە و دواهاتەکانی مۆرکی کۆمەڵگای چینایەتی پێوەیە. تەنیا ئەوەندە بەسە بەشێک لەو پارەیەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هه‌زینه‌ی تەیار کردنی هێزە سەرکوتگەرەکان، پرۆژەی ئەتۆمی، دەزگای تەبلیغاتی، شەڕی وێرانگەری ناوچەیی و خەرجی بەکرێگرتنی بەسەدان هەزار ئاخوندی دەکات بۆ ڕەواجدان بە خورافەی مەزهەبی، بۆ پرۆژەکانی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەگەری ڕوودانی ئەم جۆرە ڕووداوە سروشتیانە و خەبات لەدژی هەژاری و دابین کردنی مەسکەنی گونجاوی بکات، تا قوربانییانی ئەم جۆرە ڕووداوە سروشتیانە کەم ببنەوە. بەو حاڵەشەوە لە هەموو کۆمەڵگا سەرمایەداریەکاندا چلۆنایەتی کاردانەوەی دەوڵەتانی حاکم لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ توڕەیی سروشت، بەشێکە لە ئاستی خەبات و ڕێژەی ڕێکخراو بوونی خەڵک و بەرەو پێشەوە چوونیان لە ڕاستای به‌ڵێن دانی دەوڵەتەکان بە ئەرکێکی کە بەڕێوەی دەبەن. لە بارودۆخی ئێستادا تەنیا بە هێزی هاوپشتی و ڕێکخستنی کۆکردنەوەی یارمەتی و ناردنی بۆ لافاو لێدراوان و ناڕەزایەتیی یەکپارچە بە بێ سه‌رنج و سیاسەتی دژی ئینسانی ڕژیم لەم بوارەدایە کە دەکرێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی وادار بە تەرخان کردنی بودجە و ئیمکانات بۆ لافاولێدراوان بکرێت و زیانە مادییەکانیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

نابێت ئیزن بدرێت ڕژیم، قەیرانە ئابوورییەکەی بە دزینی نان لەسەر سفرەی خەڵک چارەسەر بکات.

komalah

یەک لەسەر چواری دانیشتووانی ئێران، دۆسییەی قەزاییان هەيە.

komalah

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah