کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ترسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە فەزای مەجازی

6b1d0539 2c8e 4286 84b3 c51752024d82 w408 r1 s

حەمید جەعفەری، “بەرپرسی ناوەندی فەزای مەجازیی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران” لە وتووێژ لەگەڵ حەفتەنامەی “سۆبحی سادق”، ئۆرگانی سپای پاسدارانی ئێران، باسی لە چوار ناوەندی چەکداری ئێران کرد کە قەرارە لە ڕێگەی ستادێکی هاوبەشی سایبێرییەوە هاوئاهەنگ بکرێن. ناوبراو وتی: “لەڕێگەی پێکهێنانی شۆرای راهبۆردیی فەزای مەجازی لە ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە حزووری هەموو ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان هەوڵ دراوە تا هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی لە نێوان هێزەکاندا بڕواتە سەرێ”.

حزووری ناوەندە نیزامییەکانی ئێران بەتایبەت سپای پاسداران لە فەزای مەجازیدا، بابەتێکی تازە نییە. سپا لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە پێکهێنانی قەرارگای ئەفسەرانی جەوان و گوردانە سایبێرییەکان، چالاکییەکانی لە فەزای مەجازیدا پەرەپێداوە. لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا غۆڵامڕەزا سولەیمانی، سەرۆکی بەسیج، باسی لە پێکهاتنی دوو قەرارگای نوێ بەناوەکانی “پەروەردە و بارهێنان و ڕووناکبیری و هیدایەتی سیاسی” بۆ بەرنامەڕێژی و ڕێکخستنی فەزای مەجازی کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی ئەم قەرارگایانە “ڕاهێنانی ٨ ملیۆن لاوی ئینقلابییە”. بەڵام ئەوجۆرەی حەمید جەعفەری بۆ “سۆبحی سادق”ی باس کروودە، چالاکیی هێزە چەکدارەکان لە فەزای مەجازیدا تەنیا بە سپای پاسداران و بەسیج سنووردار نەبووە و ناوەندەکانی وەک سپا، ئەرتەش، هێزی ئینتزامی و وەزارەتی دیفاع، هەر هەموویان لە “ناوەندی فەزای مەجازی”دا هاوئاهەنگ بوون تا بەوتەی جەعفەری “بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی” ڕێبەری کۆماری ئیسلامی “لەشکرسازی” بکەن.

ڕۆژی سێشەممە وەحید مەجید، سەرۆکی فەتای هێزی سایبێریی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی (ناجا) باسی لە یەکەمین مانۆڕی سەراسەریی “هەمیارانی سایبێری”ی پۆلیسی فەتا کرد و ڕایگەیاند کە پۆلیسی فەتای ناجا بەنیازە بەم زووانە تۆڕی کۆمەڵایەتیی هەمیارانی سایبێری، بە ئامانحی ئەویکە ناوبراو پێیدەڵێ “هەڵسووکەوت کردنی زیاتر لە فەزای مەجازی لەگەڵ هەمیارانی سایبێری”، وەڕێبخات. هاوکات لەگەڵ هەوڵەکانی سپا و هێزە چەکدارەکان بۆ زاڵبوونی زیاتر بەسەر فەزای مەجازی، مەجلیسی شۆرای ئیسلامیش خەریکی تاوتوێ کردنی گەڵاڵەیەکە لەژێرناوی ڕیاکانە و درۆزنانەی “پاراستنی مافی بەکارهێنەرانی فەزای مەجازی”. ئەم گەڵاڵەیە بەربەستی زیاتر بۆ دەستڕاگەیشتنی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان درووست دەکات و فیلتێرینگ زیاتر پەرەپێدەدات. ئەم گەڵاڵەیەی مەجلیس بە نۆرەی خۆی دەستی نیزامییەکان بۆ چاوەدێریی زیاتر بەسەر چالاکیی بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت و سەرکوتی نەیاران لە فەزای مەجازیدا ئاواڵەتر دەکات. هەروەها ئەم گەڵاڵەیە بە کەمکردنەوەی بەستێنی ئینتێرنێت و خاو کردنەوەی، دەستڕاگەیشتن بە ئینستاگرام و باقیی پەیامنێرە مەجازییەکانی دیکە نامومکین دەکات و مافی نەناسراوبوون لە بەکارهێنەرانی ئینتێرنێتی ئێران زەوت دەکات.

حکوومەتی ئیسلامی دوژمنایەتییەکی ئاشکرا و قووڵی لەگەڵ گەڕانی ئازادانەی هەواڵ، لەگەڵ دەربڕین و بڵاوکردنەوەی بێ سانسۆڕ، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت و هەواڵی واقعیی کۆمەڵ، لەگەڵ یەکگرتوویی و پەیوەندیی نێوان خەڵک، لەگەڵ مۆسیقا، هونەر، ئەدەبیات، فیلم، لەگەڵ زانست و زانیاری هەیە و فەزای مەجازی بوارێکە کە دەزگای سانسۆڕی حکوومەت، ئەرتشی چەقۆکێشان و ئەسیدپاشانی حیزبوڵڵا ناتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.

ئەمڕۆ بەخاتری پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیی ڕاگەیەنە گشتییەکان، دەیان ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران بە ئاسانی دەستیان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕادەگات و جەنایاتی ڕژیم لە کەمترین زەماندا دەگەیەننە باقیی شوێنەکانی جیهان. دەزگای پشکنینی بیروباوەڕی ڕژیم بە فیلتێر و بلۆک کردنی سایتەکان، بە دەستبەسەرکردنی چالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بە پچڕاندن و خاو کردنەوەی ئینتێرنێت و بە بردنەسەرەوەی هەزینەی بەکارهێنانی ئینتێرنێت، دەستی دایە شەڕ لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵام شکستی خوارد.

تەبلیغاتی کاربەدەستانی ڕژیم دژبە ئینتێرنێت و هەوڵ بۆ ئیسلامی کردن و یان لەڕاستیدا کۆنتڕۆڵ و سیخۆڕی کردن لە بەکارهێنەران، هەتا ئێستا ئێ ئاکام ماوەتەوە. پتر لە ١٣٠ هەزار ئاخوند لەڕێگەی نوێژی جومعەوە تا سەدا و سیمای ڕژیم دژبە ئینتێرنێت تەبلیغ دەکەن بەڵام بەردەوام بەکارهێنەرانی ئینتێرنێت زیاتر دەبن. خامنەیی بە فەرمانی “ئاتەش بە ئیختیار”، لات و ئەرازێلە حیزبوڵڵاهییەکانی خستووەتە ناو فەزای مەجازییەوە تا بە ئێکانت و ناوی ساختەوە دەست بدەنە دیفاع لە ڕژیم و دوژمنایەتی لەگەڵ نەیاران و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی ناڕاست.

لە ماوەی چل و چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ ئاستێک لە سەرکوت و جەنایەتی حکوومەتی ئیسلامی نەیتوانیوە خەبات و خۆڕاگری خەڵک تێکبشکێنێت و بێگومان ئەرتەشی سایبێریی بەکرێگیراوانی حکوومەتیش ڕسوا دەبێت و شکست دەخۆن.  ڕژیمی ئیسلامی ناتوانێ ملیۆنان کەس لە دانیشتووانی ئێران لە فەزای مەجازی و ئینتێرنێتدا کۆنتڕۆڵ بکات و ئەم هەراوهوریایەی ئەوباشانی ئەرتەشی سایبێریی حکوومەت، ناتوانێ خەڵک بۆ دەیان و سەدان ساڵ لەمەوبەر بگەڕێنێتەوە.