حەفتەی ڕابردوو “سرووش ڕەحمانی” کۆڵبەرێکی تازەلاوی ١٥ ساڵ تەمەنی خەڵکی گوندی “ھانەگەرمڵە”ی سەربە شارستانی پاوە، پاش کوژرانی چەند سەر قاترەکەی لە لایەن هێزەکانی سەر سنوورەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. سرووش کە ماڵەکەی لە گرەوی بانکدا بووە و باوکی تووشی شێرپەنجە بووە، ئەم قاترانەی بە قەرز وەرگرتبوو تا بتوانێ کار بکات و خەرجی بنەماڵەکەی دابین بکات. هەواڵی دڵتەزێنی خوکوژیی ئەم تازەلاوە کوردە بۆ جارێکی دیکە زەحمەتکێشانی سەر سنووری کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی بەرەوڕووی کارەسات و ژانێکی تازە کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکانی “کۆڵبەرنیووز” تەنیا لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا هێزە ئینتزامییەکانی سەر سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆ ١٥ کۆڵبەریان کوشتووە و ١٤٤ کەسیشیان بریندار کردووە. هەروەها ١٢ کەس بەهۆی تەقینەوەی مین، و چوار کەس لە ڕووداوەکانی هاتووچۆدا بەهۆی دابڕان و وەشوێن کەوتنی هێزەکانی ڕژیم برینداربوون و یان گیانیان لەدەست داوە. لە ناو ئەو کۆڵبەرانەدا کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم کوژراون ٥ کۆڵبەریان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە. هەروەها کۆڵبەرێکیش بەهۆی سەرمابردوویی گیانی خۆی لەدەست داوە.
تەجارەت و گواستنەوی کاڵا لە نێوان هەموو وڵاتانی ئەمڕۆی جیهاندا بوونی هەیە و ڕۆژانە لەڕێگەی زەوی، دەریا و ئاسمانەوە ملیۆنان تۆن کاڵا دەگوازرێتەوە و تەنانەت لە نێوان سنوورەکانی ئێران و عێراقیش گواستنەوەی کاڵا و موسافیر ڕەوتێکی ڕۆژانە و ڕووتینە. بەڵام حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەئەنقەست دەروازە سنوورییەکانی لە کوردستان بەستووە و میلیتاریزەی کردوون و هێزە ئەمنییەتی – نیزامییەکانی ڕژیم بێجگەلە ئەوەیکە خۆیان شەریکی سەرەکیی تەجارەتی ڕەسمیی نێوان ئەم دوو بەشەی کوردستانن، بەرەو خەڵکی زەحمەتێکێشیش کە بۆ دابین کردنی ژیانێکی مەمرە و مەژی لەم سنوورە دژوار و کوێستاناویانەدا لە هەوڵی مەرگ و ژیاندان، ڕاستەوخۆ تەقە دەکەن و هەموو ڕۆژێ بنەماڵە و کۆمەڵێک ئینسان داغدار دەکەن.
کۆڵبەر ناندەرهێنەری بنەماڵە، منداڵ، باوک یان دایک، خوشک یان برای کەسێکە و مەرگ و برینداربوونی هەموو ڕۆژێی کۆڵبەرێک کارەساتێکی قەرەبوونەکراوەیە لە یەک یان چەند بنەماڵە، لە گوندێک و یان لە گەڕەکێکی پەراوێزنشینی شارێک. کۆرۆنا، بێ‌کاری، گرانی، نائەمنیی شوێنی کار، جەماورێکی هەرچی زیاتری بەرەو کۆڵبەری بردووە. حکوومەتی ئیسلامی کە توانای دابین کردنی پیشە و ئەمنییەتی خەڵکی نییە، کۆڵبەریشی کردووەتە قەتڵگای خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، بەجۆرێک کە هەموو ڕۆژێ و هەموو حەفتەیەک شایەدی گیان بەختکردن و برینداربوونی ژمارەیەکی زیاتری کۆڵبەرانین لە کوردستان. بێکاریی بەرین لە ناوچە کوردنشینەکانی چەند ئۆستان لە غەربی ئێران جەماوەرێکی بەرینی ناچار بە کاری کۆڵبەری کردووە. کۆڵبەران بێجگەلە داهاتی کەم، لەگەڵ دژوارییەکانی هەڵگرتنی بار، شوێنی سەخڵەت و سەرما و گەرما، لەگەڵ مەیدانەکانی مین و تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕوون.
کۆڵبەری کار نییە، کۆیلەتیی مۆدێرن لە باروودۆخی سەدەکانی ناوەڕاست دایە. هەژاری و بێکاریی زیاتر لە دەیان هەزار کەس لە پیاوان، ژنان، پیران و منداڵان و تەنانەت کەسانێک کە نەخۆشن و یان بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە ناچاری کردوون کە ڕوو بکەنەوە کۆڵبەری.
کۆڵبەران لە لایەن چەند توێژەوە زوڵمیان لێدەکرێت: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە دەستی داوەتە کوشتنیان، بازرگانان كه به هیچ یاسایه‌كی كار و مافی ئینسان پێبه‌ند نین، ده‌ڵاڵانی بازاڕ كه به‌شێك له سوودی گواستنه‌وه‌ی كاڵاكان ده‌به‌ن و هێندێك حیزب و لایه‌نی سیاسی كه جاروباره ده‌ست ده‌ده‌نه باجگیری له هه‌ر دووبه‌ری سنووره‌كان. جۆراوجۆربوون و به‌رینایی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه ده‌ست ده‌ده‌نه كۆڵبه‌ری، خۆی نیشانه‌ی قووڵ بوونی قه‌یرانی بێكاری له كوردستانه. كرێكارانی كۆچبه‌ر كه به‌هۆی نه‌خۆشیی كۆرۆنا و داخرانی شیركه‌ته‌كان چیتر وه‌ك ڕابردوو ناچنه ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و ڕوو ده‌كه‌نه كۆڵبه‌ری؛ خوێندكارانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانكۆ كه دانامه‌زرێن؛ ژنانێك كه نانده‌رهێنه‌ری بنه‌ماڵه‌ی خۆیانن؛ كچانێك كه برایه‌كیان له ماڵێ‌دا نییه؛ نه‌خۆشانێك كه بۆ دابین كردنی هه‌زینه‌ی ژیان و خه‌رجی كه‌مه‌رشكێنی ده‌رمان و دكتور ناچار بوون كۆڵبه‌ری بكه‌ن؛ زه‌حمه‌تكێشانی ناوچه سنوورییه‌كان كه بێجگه‌له میلیتاریزم و مین چاندن هیچ پشتیوانییه‌كیان له لایه‌ن ڕژیمه‌وه نه‌بینیوه؛ به‌ساڵاچووانێك كه نه مووچه‌ی خانه‌نشینیان هه‌یه و نه بیمه‌ی بێكاری؛ هه‌ر هه‌موویان به‌ناچار ڕوویان كردووه‌ته كۆڵبه‌ری.
هه‌ڵسووكه‌وتی هێزه نیزامی و ئه‌منییه‌كانی ڕژیم له‌گه‌ڵ كۆڵبه‌رانی كوردستان نموونه‌ی كرده‌وه و هه‌ڵسووكه‌وتی هێزێكی داگیركه‌ره كه ئاگاهانه و به‌قه‌سدی كوشت ته‌قه له كۆڵبه‌ران ده‌كه‌ن، سه‌رمایه و كاڵاكانیان لێ تاڵان ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌سب و قاتره‌كانیان لێ ده‌كوژن و بەکردەوە دەبنە هۆکاری خوکوژیی تازەلاوێکی وەک سرووش ڕەحمانی.
دابین کردنی بیمەی بێ‌کاری بۆ کۆڵبەران تا کاتێک کە کاری گونجاو و ئەمن دەبیننەوە دەتوانێ کۆتایی بە کارەساتی کۆڵبەری بێنێت. دیفاع لە کۆڵبەران و مافی ئینسانی، دادگایی کردنی هۆکار و بەرپرسانی تەقەکردن لە کۆڵبەران، دابین کردنی خەسارەت و هەزینەی دەوا و دەرمانی کۆڵبەرانی بریندار، دیفاعە لە حورمەت و کەرامەتی ئینسانی و ناڕەزایەتییە دژبە جەنایاتی حکوومەتی ئیسلامی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان.