کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تاڵیبانیزە کردنی زیاتری حکومەت بەر بە ڕوخانی ناگرێت

515de05dd4f9ec7ae7623f2c9f02dd4112548abe 1016x698 2

حکومەتی ئیسلامی ئێران هەڕەشە لە سڵامەتی و ئەمنیەتی ڕەوانی خەڵک و کۆمەڵگا دەکات. هێرشی زنجیرەیی تیرۆریستی شیمیایی بۆسەر کچان تەنیا نمونەیەکی ئاخریەتی کە لە زیاتر لە ٢١٦ شار لە وڵاتدا ڕوویداوە. هێرشی سیمیای بە ئامانجی تۆڵە کردنەوە لە کچانی تازەلاو و لاو و ترساندنی کۆمەڵگا ڕواڵەتی وەحشیانەی حاکمیەتی زیاتر لە پێشو لەبەرچاوی خەڵک ئاشکرا کرد. ڕواڵەتی دزێوی حکومەتی ئیسلامی نە تەنیا لەنێو ئێرانیاندا ئاشکرا تر بووە بەڵکو بۆتەهۆی سەرسوڕمانی خەڵکی دنیاش. دوای ئەم ڕیسواییە، ڕێبەری ڕژیم و فەتوادەری هێرشە شیمیاییەکان، ئەوی بە” جەنایەتێکی گەورە” و بە کاری ژمارەیەکی” ناسراو” زانی. بەشوێن ئەودا ناوەندە ئەمنیەتیەکان، سپا و هێزی ئینتیزامی، دوای سێ مانگ، بەڵێنی بەدوادا چوونیان داوە و ژمارەیەک بێتاوانیان دەستبەسەر کردوە. ئەوان دەیانەوێ وەک پەروەندەی تیرۆر کردنی پسپۆڕانی هەستەیی، ژمارەیەکی بێتاوان لەژێر ئەشکەنجەدا  وادار بە ئیعتڕافی ناچاری بکەن دواتر بە ئێعدام کردنیان، پەروەندەی هێرشە شیمیاییەکان بۆسەر قوتابخانەکانی کچان پەرەپۆش بکەن.

  عەلی خامنەیی و دارودەستەکەی  ناتوانن بە سیناریۆسازی ئەم جەنایەتە گەورەیە بشارنەوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تۆڕ و شەبەکەی لاتولوتەکانی ئاتەش بە ئیختیار کە لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتی – پۆلیسی و ئیمام جومعەکان و نوێنەری  خامنەییەوە ڕێکخراون بەڕێوەبەرانی ئەم کەمپەینە تیرۆریستیە لەدژی کچانن.

  باڵە حکومەتیە مافیاییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕزگاری حکومەت لە تاڵیبانیزە کردنی زیاتری وڵاتدا دەبینێ. تاڵیبان لە ئەفغانستان بەبێ هیچ شاردنەوەیەک بە توندوتیژی ئاشکارا قوتابخانە کچانەکانی داخست، ژنانی لەسەر کار دەرکرد و ناردنیەوە بۆ ماڵ، ژنانی لە سەرجەم چالاکیە کۆمەڵایەتیەکان دوور خستەوە. نوێژ و ڕۆژی کردە ئیجباری. مۆزیک و سینەمای داخست. لە هەرکوێیەک توانی منداڵانی ناچار بە هاوسەرگیری کرد. چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆژنامەکانی غەیرە تاڵیبانی داخست.

  ژاراوی کردنی کچانی قوتابی هەوڵی ڕژیمە بۆ ڕزگار بوون لەدەست شۆڕشی ژینا و دروشمی سەرەکی ئەو: ژن، ژیان، ئازادی و تاڵیبانیزە کردنی زیاتری کۆمەڵگای ئێران. ژنان بەشێکی گەورە و بەهێزی ئەم شۆڕشەن و هێرشە تیرۆریستیەکان  بۆسەر کچان هەوڵێکە بۆ ترساندنی کۆمەڵگا و ناردنەوەی ژنان بۆ کۆشەی ماڵەکان. ژنان لە ڕوانگەی کۆنەپەرستی ئیسلامی حاکمەوە دەبێ بچنەوە بۆ ماڵ و ببنە ماشێنی بەرهەمهێنانی منداڵ و پەروەردە کردنیان و هیچ چەشنە چالاکیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان نەبێت.

  لە هێرشی تیرۆریستی شمیایی ئەم دواییەدا گازێک بەکار هاتووە کە ڕادەی خەستیەکەی لە خوارەوەیە و تراوە. ئەم گازانە زیاتر وەحشەت و پانیک لەنێو خەڵکدا دروست دەکەن و تەلەفاتێکی گیانی زۆر کەمیان هەیە. ئەم گازانە لە چین، سوریە و ڕوسیە و چەند وڵاتی تر بەکار هاتەوە.

  هێرشی تیرۆریستی بۆسەر کچان سەرەتای هێرش بۆسەر ناوەندە هونەری و فەرهەنگی، بۆسەر ناوەند و ڕێکخراوە جەماوەریەکان هەرشوێنێکە کە بۆ حکومەتی ئیسلامی وەک هەڕەشە چاوی لێ بکرێت.

  بەڵام خەڵکی تێکۆشەر و ناڕازی بە قین و توڕەییەکەوە کە ڕۆژی سێ شەممە ١٦ ی مانگی ڕەشەمە کوتایان بە دەمی تاڵیباندا، نیشانیاندا کە ئیجازە بە جەنایەتکارانی ئیسلامی نادەن نەخشە و پیلانە دژی ئینسانیەکانی خۆیان بەکردەوە دەبربێنن. لەم ڕۆژەدا لە وڵام بە بانگەوازی شوڕای هاوئاهەنگی تەشکولە سینفیەکانی فەرهەنگیان، مامۆستایان و خەڵکی ناڕازی ئیسفەهان، سنە، مەشهەد، ئەلبورز، شیراز، لاهیجان، ئەهواز، مەریوان، بابولسەر، ئەردەبیل، کاشمەر، سەقز، ئەلگودەرز، هەرسین، قەزوین، نورئاباد مەمەسەنی، سجاسرود زنجان،  ئابدانان، بوشەهر، هەمەدان، جولفا، کازرون، نەیشابور، شیروان، تاکستان، بجنورد، ساری و یاسوج توانیان کۆبوونەوەی خۆیان پێک بێنن کە ئاماژە بە چەند نمونەیان دەکەین.

  کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممە ١٦ ی مانگی ڕەشەمەی مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان لەبەردەم ئیدارەی ئاموزش و پەروەرشی ئوستانی گیالان لە ڕەشت تێکهەڵچوون و توبدوتیژی لێکەوتوە.

  لە سنە هێزە سەرکوتگەرەکان بە گوللەی ساچمەیی هێرشیان کردە سەر ناڕازیان. تا ئێستا بریندا بوونی ٢ مامۆستا پشت ڕاست کراوەتەوە.

لە مەشهەد کۆبوونەوەی مومۆستایان بە ئامادە بوونی بەرینی ژنان بەڕیوەچووە.

لە ئیسفەهان هێزە ئینتیزامیەکان لەگەڵ مامۆستایان تێکهەڵچوون و بەر بە دەستبەسەر کرانی ژمارەیەک لە تێکۆشەران گیرا.

خەباتی بوێرانەی خەڵکی ئازادی خواز رۆژی سێشەممە جارێکیتر سەلماندی کە خەڵکی شەریف و ئازادی خوازی ئێران بەرەنگاری سیاسەتی کۆنەپەرستانەی تاڵیبانیزە کردنی کۆمەڵگای ئێران دەبنەوە. ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامی سەرجەم ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە لەوانە حکومەتی تاڵیبانیش لە ئەفغانستان لاواز دەکات.

  دابین بوونی سڵامەتی خەڵک و ئەمنیەتی ڕەوانی کۆمەڵگا لە گرەوی پاشەکشە کردن بە حکومەتی شێوە تاڵیبانی ئێران دایە. کچ، خوشک، هاوسەر و دایکمان لە خەبات لەدژی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی بە تەنیا ناهێڵینەوە. ئەرکی سەرشانی هەموو ئینسانێکی شەریف و ئازادی خوازە کە بە هەموو هێز و توانایەوە بەرەنگاری تاڵیبانیزە کردنی زیاتر کۆمەڵگا و هێرشی تیرۆریستی بۆسەر کچانی لاو بێتەوە.