رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، دەسەڵاتدارانی ئانكاڕا تاوتویی کڕینی فڕۆکەی جەنگی “سۆخۆ ـــ ٣٥” دەکەن، دوای ئەوەی ئەمریکا ناوی توركییهی لە لیستی وڵاتانی بەشدار لە بەرهەمهێنانی فرۆکەی “ئێف ـــ ٣٥”دا دەرکرد.
ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی توركییهوە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی باڵای توركییه داوایان لە فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەیان کردووە، تاوتوێی ئەگەری کڕێنی فڕۆکەی جەنگی “سۆخۆ ـــ ٣٥”روسی وەکو جێگرەوەی فرۆکەی “ئێف ـــ ٣٥”ی ئەمریکا بکەن. رۆژنامەی یەنی شەفەق ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئانكاڕا بۆ ئەو مەبەستە بە فەرمی دەستی بە گفتوگۆکانی لەگەڵ کۆمپانیای “روس ئۆپرۆن ئێکسپۆرت”ی روسی تایبەت بە هەناردەکردنی چەک کردووە، دەربارەی رێککەوتنێک بۆ کڕینی ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی ڕووسییه ئەگەر رەزامەندی سوپای توركییهیان وەرگرت. تا ئێستا بەرپرسانی توركییه وەڵامی راپۆرتەکەی یەنی شەفقیان نەداوە، بەڵام کۆمپانیای روستیخ رایگەیاندووە، روسیا ئامادەی ئەوەی هەیە فڕۆکەی “سۆخۆ ـــ ٣٥” بداتە ئەو وڵاتە ئەگەر ئانكاڕا خواستی لەسەر کڕینی فڕۆکەکە هەبێت.