کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بە یەکخستنی تێکۆشانمان رژیمی کۆماری ئیسلامی بروخێنین

حەسەن رۆحانی رۆژی دووشەممە ١١ی رەزبەر لە کۆبونەوەی سەفیر و ڕەئیس دەفتەر و نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی وڵات قسەی کرد. هەر کەس ئەو بەشەی لە ڕاگەیەنەرەکاندا بڵاو بۆوە ببینێت ڕێژە و قوڵایی رووداری و بێشەرمی سەرانی ڕژیم لە ئاوەژوو کردنەوەی ڕاستیەکانی زیاتر بۆ دەردەکەوێت. ئەو دەزگای گەندەڵ و نەفرەت لێکراوی دیپلۆماسی ئێرانی بە دڵی خەڵک پیشاندا. رۆحانی وای دەرخست کە شکستی ئابڕوبەرانە لە موزاکراتی هەستەییدا سەرکەوتنێکی گەورە بووە بۆ کۆماری ئیسلامی و ئیدیعای کرد کە بە دوای لاچونی ته‌حریمه‌كاندا سەرمایە و تێکنولۆژی نوێ دەڕژێتە ئێرانەوە و ئابووری دەبووژێتەوە. ئەو جەختی لەسەر ئیدیعای موسبەت بوونی نرخی گەشە و کەم بوونەوەی تەوەڕوم کردەوە، بەڵام باسی لە ڕکودێکی وێرانگەر کە داوێنی ئابووری ئێرانی گرتوە نەکرد. رۆحانی بە چاوپۆشی لە قەیرانی ئابووری جیهانی سەرمایەداری و قەیرانی ساختاریی هەمە لایەنەی کۆماری ئیسلامی ئیدیعای کرد کە ئەگەر لە ساڵدا، ١٥٠ ملیارد دۆلار سەرمایەگوزاری بکرێت دەوڵەت ٨ لەسەد گەشەی پێش بینی کراو لە بەرنامەی شەشەمدا دەستەبەر دەکات. ئەو لەگەڵ ئەوەی رژیمەکەی کارنامەیەکی پڕ لە جەنایەت و ئێعدامی هەزاران زیندانی لەژێر به‌غه‌ڵ دایە، ئیدیعای کرد خوازیاری بەختەوەری ئینسانەکانە و نایەوێ تەنانەت یەک بێتاوان لە ناوچەکەدا بکوژرێت. رۆحانی هەروەها ئامادەگی رژیمی بۆ دروست کردنی هاوئاهەنگی لەگەڵ ستراتیژی وڵاتانی ئیمپڕیالیستی لە سوریە، یەمەن و بەحرین بە شێوەیەکی شاراوە و ئاخوندیانە دەربڕی. ئەم قسانە کە بەشێک لە بەرەنگار بوونەوەی خامنەیی و کەسانی دەوروبەری و کەسانی وەک محەممەد عەلی جەعفەری و بەناو دڵ نیگەرانەکان کرا زیاتر هەڵگری هەمان ئەو بەڵێنە بێ ناوەرۆکانە بوو کە سەرانی کۆماری ئیسلامی لە ماوه‌ی ٣٦ ساڵی رابردودا و لەوانە لەم ٢ ساڵەی دواییدا بە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشیان داوە.572

 

راستیەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانێکی قوڵی ئابووری بەرەو روویە و بە ورد بوونەوە لە ماهیەتێکی سەرمایەدارانە کە هەیەتی توانایی وڵامدانەوە بە داواکاریەکانی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگا و بەدیهێنانی باشتر بوونێکی جیدی لە بارودۆخی کار و ژیانی ئەوانی نییە. ئەم رژیمە لەمرۆدا بۆ مانەوەی خۆی ئەساسەن پشتی بە شگردی سەرکوت بەستوە. ئەم رژیمە لە دەورەیەکدا هەوڵیدا لە رێگای شەڕ لەگەڵ عێڕاق و دەستەبەر کردنی سەرکەوتن لەم شەڕەدا ببێتە بانترین هێز لە ناوچەکەدا، بەڵام شکست هێنان لە شەردا و خواردنەوەی جامێک ژەهر لە لایەن خومەینیەوە ئەم هیوایەی بە با دا. بەشوێن ئەودا سەرانی حکومەتی ئیسلامی هەوڵیاندا بە دەستڕاگەیشتن بە تێکنولۆژی هەستەیی و دەستەبەر کردنی دەسەڵاتی بانتر لە ناوچەکەدا حوکمی مانەوەیان لە هێزە رۆژئاواییەکان وەربگرن، بەڵام بە شکست خواردن لەم مەیدانەدا، قەبوڵ کردنی بەرجام و خواردنەوەی دووهەم جامی ژەهر لە لایەن خامنەییەوە ئەم هیوایەشیان بوو بە بڵقی سەرئاو.لە ئێستادا رۆحانی رێگای مانەوەی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە لاچونی ته‌حریمه‌كاندا و راکێشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی بۆ ئێران دەبینێت. بەڵام ئەمە لە بارودۆخێک دایە کە تەنانەت کارناسانی ئابووری رژیمیش سەلماندویانە کە لاچونی تەحریمەکان کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر ئابووری گەندەڵ و قەیران لێدراوی ئێران بە ساختاری حوقوقی و ئیداری ناکۆکیەوە نابێت و سەرمایەگوزاری درێژماوە لە مەیدانی بەرهەمهێناندا ئەوجۆرەی کە چاوه‌ڕوان دەکرێت نابێت. ئەم بەشە لە کارناسان دەڵێن کە ئابووری رانتی و گەندەڵی ئێران لەسەر دەڵاڵی دامەزراوە و ئەو بەملیۆن کەسەی کە لە تەمەنی کاردان، بەڵام بەشوێن کارێکەوە نین زۆربەیان خەریکی قاچاخچێتی و دەڵاڵین.
سەرەڕای ئەم بارودۆخە رژیم بە یارمەتی راگەیەنرەکان و بڵندگۆ تەبلیغاتیەکانی دەیەوێ وای نیشان بدات کە بە خۆڵەمێشی ئیستبدادێک کە بەسەر ئێرانیدا کردوە ئەمنیەتێکی سەقامگیری بۆ خەڵک بەدیاری هێناوە. ئیدیعای دروست کردنی ئەمنیەتی بەردەوام رۆژی ١١ی رەزبەر لەلایەن محەممەد عەلی جەعفەریەوە سەرلەنوێ تێکرار کرایەوە. ئەو لە کۆبونەوەیەکدا کە لە لایەن بەسیجی خوێندکاری زانکۆی تارانەوە رێکخرابوو، وێڕای هێرش کردنەسەر کابینەی دەوڵەتی رۆحانی و سیاسەتەکانی دەرەوەی وەک هەمیشە لەسەر ئیقتیداری ئیدیعایی ڕژیم پێداگری کرد. ئەو یەکێک لە نیشانەکانی ئەم ئیقتیدارەی بوونی ئەمنیەتی پایەدار لە ئێراندا ناوبرد. ئەویش وەک هەموو هاو قەتارەکانی و ڕاگەیەنەرەکانی حکومەتی ئیسلامی سەرمایە هەموو جۆرە ئاخێزێکی جەماوەری لە ئێرانی وەک دروست بوونی شەڕ و وێرانی لە سوریە و یەمەن پێناسە کرد. جەعفەری وەک باقی سەرانی ڕژیم دەیەوێ خەڵک لە شۆڕش بترسێنێ و پێیان بڵێت هەموو جۆرە ڕاپەڕین و شۆڕشێک لە ئێران بە دەردی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی خەڵکی میسر، لیبی و سوریە دەچیت.
بەڵام بۆ کرێکاران و خەڵکی وشیار ئاشکرایە کە بە تێکەوە پێچرانی رژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەوان ناچار نین کە شۆڕشەکەیان توشی چارەنووسی شۆڕشی خەڵکی میسر و باقی وڵاتانی عەرەبی بێت. ئەوان دەزانن کە لە کوردستانی سوریە لەناخی قەیران و شەڕێکی نێوخۆیدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە هەڵگیرسێنەرانەیەتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم ناوچەیە بە دامەزراندنی ئۆرگانەکانی حاکمیەتی جەماوەری و بە وەگەڕخستنی ئیرادەی خۆیان و حوزوری ڕاستەوخۆ لە حاکمیەت و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگادا ئاڕاستەیەکی تریان گرتوەتە پێش. ئەزمونی کوردستانی سوریە جاریکی تر نیشانیدا کە لەگەڵ پچڕانی بەندەکانی ئیستبدادی دەوڵەتی، خەڵک چ زەرفیەت و تواناییەکی لەڕادەبەدەریان بۆ دخاڵەتی راستەوخۆ لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگادا هەیە. کرێکاران و خەڵکی شۆڕشگێڕ لە ئێران و لەوانە لە کوردستان بە پشت بەستن بە ئەزمونی ئەو شوڕا کرێکاری و جەماوەریانەی کە هەیانە بە تێکشکاندنی هێزی داپلۆسێنەری حکومەتی ئیسلامی دەتوانن سوکانی چارەنوسی خۆیان بەدەستەوە بگرن.
کرێکارانی وشیار و خەڵکی ئازادیخواز دەزانن کە کۆماری ئیسلامی بە بە ستراتیژی ریفۆڕم خوازانی حکومەتی و نە بە ئیستراتیژی و سیاسەتەکانی سپای پاسداران و دلواپەسانی پەیڕەوی بەیتی ڕێبەری، بێجگە لە توند کردنەوەی سەرکوت و هەژاری دیاریەکی دیکەی بۆ ئەوان پێنیە. بە درێژەکێشانی تەمەنی ئەم رژیمە هەموو ساتێک بە موسیبەتەکانی خەڵکەوە زیاد دەبێت. کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش بۆ کۆتایی هێنان بەم بارودۆخە فەلاکەتبارە ڕێگایەکیان بێجگە لەوە نییە کە لە جەریانی خەباتدا ڕیزەکانیان پتەوتر بکەن و بە دروست کردنی ناوەند و تەشەکولی چینایەتی و سیاسی خۆیان پێداویستیەکانی روخاندنی رژیمی کۆماری ئیسلامی فەراهەم بکەن.