کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەشی فەڕانسە لە کێشمەکێشەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌‌ڕاستدا

بەشوێن مۆر کرانی قەراردادێکی پڕ هەزینەی نەوتی لە لایەن وەزاڕەتی نەوتی کۆماری ئیسلامییەوە لەگەڵ غولی نەوتی توتاڵی فەڕانسە لە ڕۆژی ١٢ی مانگی پووشپەڕدا، کێشمەکێشێکی نوێی دیكه‌ لە نێوان باڵە حکومەتییەکان لە ئێران درووست بووه‌. ئەم قەرار دادە کە بە ئامانجی پەرەپێدانی فازی ١١ی گازیی پارسی جنووبیەوە مۆر کراوە یەکەم و پڕ هەزینە ترین قەراردادی نەوتی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ شیرکەتێکی دەرەکی دوای ڕێككه‌وتنی بەرجامه‌. لەم قەراردادە ٢٠ ساڵەیەدا شیرکەتەکانی “توتاڵ”ی فەڕانسە و “سی ئێن بی سی” چین بەشدارن. سەهمی توتاڵ لەم قەراردادە ٢٠ ساڵەیەدا ٣٠ لەسد و سەهمی ڕژیم تەنیا ١٩ و ٩ ده‌هۆمی لەسەدە.

دوای سەفەری “ترێزا مه‌ی” بۆ وڵاتانی ناوچەی کەنداو لە دیسامبری ڕابردوودا و مۆر کردنی کۆمەڵێک قەراردادی تیجاری و تەسلیحاتی گەورە لەگەڵیان، ترامپیش لە سەفەرێکدا بۆ عەرەبستانی سعوودی بڕی ١١٠ ملیارد دۆلار چەک و چۆڵی نیزامی بەم وڵاتە فرۆشت. ئێستا نۆره‌ی فەڕانسە و چینە کە لەم سفرە پڕ لە نێعمەتە سەهمی تاڵانی خۆیان هەڵگرن. بەڵام ئەمجارە لایەنی معامەلەی فەڕانسە نەک تەنیا دەوڵەتانی کەنداو، بەڵکوو کۆماری ئیسلامیشە. لەبەر ئەوەی توتاڵ حەفتەیەک دوای مۆر کردنی قەرارداد لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی، ڕۆژی ٢٠ی مانگی پوشپەڕیش قەراردادێکی ٢٥ ساڵەی بۆ بەهرەبەرداری لە مەیدانی نەوتی ” شاهین” لەگەڵ شیرکەتی دەوڵەتی ” قەتەر پترلیۆم” لە قەتەر مۆر کرد. ئەم معامەلە و قەرادادە کۆیلە هێنەرانە بەرهەمی وەڕێخستنی ئەو شەڕ و کێشە بێ ئەژمارانەیە کە زل هێزە سەرمایەدارییە جیهانی و ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە پڕە لە سەرچاوەی نەوتی خستوویانەتە ڕێ و تێیدا بە سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی و بە ملیۆن کەس ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.

بە وتەی بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوت، ئەرزشی ئەم قەرادادە ٥ ملیارد دۆلارە. بەڵام توتاڵ بە گشتیی ١٢ ملیارد دۆلار پارە وەردەگرێت. وەزیری نەوت، کۆمەڵێک ئاماری دژ بەیەکی لە هەزینە و داهاتی ئەم قەراردادە ڕاگەیاندووە کە نیشاندەری نا ڕاست بوونیانە. بەڵام ئەو لە ئاشکرا کردنی وردەکاری ئەم قەراردادە لەژێر ناوی ” مەحرەمانە بوونی وردەکارییەکان” تەنانەت بۆ نوێنەرانی مەجلیسی ئیسلامیش خۆی پاراست و وتی، ” من ئیجازەی ئەوەم نییە وردەکاری قەراردادەکە ئاشکرا بکەم”. لە بەرانبەردا ئەو تەنیا ئاماژەی بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی گازی ترش و شیرین، میعاناتی گازی و گوگرد کرد. هەرچەند وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی داهاتی بەرهەمهاتوو لەم بەرهەمە لە ماوەی ٢٠ ساڵدا ١٣٠ ملیارد دۆلار ڕاگەیاند کە ٥١ لەسەدی سەهمی توتاڵ دەبێت، بەڵام ئەو ئیدیعای کردووە کە داهاتی توتاڵ لەم قەراردادەدا ١٥ لەسەدی داهاتی ئێران دەبێت. کە گەلێک ناڕاستە. تا ئەو جێگایەی کە بۆ شیرکەتی توتاڵ دەگەرێتەوە، ئەم شیرکەتە لە بەیانییەکدا کە بڵاوی کردۆتەوە، ڕایگەیاندووە، لەبری ئەم داهاتە زۆرە تەنیا ٢ میلیارد دۆلار سەرمایەگوزاری دەکات. هەڵبەت شیرکەتی توتاڵ خۆی وتوویەتی کە سەرمایەگوزاری ئەوەڵیەی یەک میلیارد دۆلاری بۆ گەشەپێدانی مەیدانی گازیی پارسی جنووبی لە سەرچاوە ماڵییەکانی خۆی بە یۆرۆ، دابین دەکات.175

به‌شی ٥١ و ١ ده‌هۆمی لەسەدی شیرکەتی توتاڵ لەم معامەلەیە لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا ئەوەندە لەسەرەوەیە کە ئەم شیرکەتە تەنانەت بە حیساب کردنی هەزینەی ڕیسکی سەرمایە گوزاری لە ئێرانیش گەیشتۆتە ئەم ئاکامەی کە توشی زیان نابێت. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شیرکەتی توتاڵ ڕایگەیاند کە قازانجی ئەم قەراردادە و بازاڕی گەورەی ئێران ئەرزشی ڕیسک کردنی هەیە. کۆماری ئیسلامیی کە هێشتا دوای ١٠ ساڵ بە هۆی کەمبوونی ئیمکاناتی ماڵی و نەبوونی تیكنۆلۆژییه‌وه‌ نەیتوانیوە فازەکانی پارسی جنووبی تەواو بکات، هیوادارە کە ئەم قەراردادە پڕ قازانجە بۆ شیرکەتی توتاڵ بتوانێ ئەنگیزەیەک بێت بۆ سەرمایە گوزاری دیكه‌ و ڕاکێشانیان بۆ بازاڕی ئێران. دەوڵەتی ڕووحانی هیوای بەوە بەستووە کە بە هاتنی سەرمایەی دەرەکی بە هەر قیمەت و بارودۆخێک بتوانێ قەیرانی ئابووریی و بارودۆخە نابە سامانەکەی چارەسەر بکات.

ئەوە لە حاڵیکدایە کە بە تێپەڕ بوونی ٢ ساڵ بەسەر ڕێككه‌وتنی بەرجامدا هێشتا بانکە خاوەن ئیعتیبارەکانی دنیا خۆیان لە معامەلە کردن لەگەڵ سیستمی بانکی ئێران دەپارێزن. هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە گه‌مارۆکانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هەڵنەگێراون و تا حەوت ساڵی دیكه‌ش هەڵناگێرێن. بەم هۆیەوە ئەوە تەنیا دەوڵەتی ڕووحانی نییە کە ناچارە ئەم جۆرە قەراردادانە بەهەر قیمەتێک بووە قەبوڵ بکات، بەڵکوو باقی باڵەکانی حاکمییەتی ڕژیمیش کە لە بارودۆخی شپرزەی ئابووری ئاگادارن، سەرەڕای پرتەوبۆڵە و هەراوهوریای جەناحی، ناچارن ئەم معامەلانە قەبوڵ بکەن. بەم هۆیەوە گه‌ڵاڵه‌ی سێ فەوریەتی بۆ ڕاگرتنی قەرارداد لەگەڵ توتاڵ کە ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی مانگی پووشپەڕ و ٣ ڕۆژ دوای مۆر کرانی قەراردادەکە، کە لە لایەن ژمارەیەک لە نوێنەرانی ئوسولگەرای نزیک لە سپای پاسدارانەوە بە مەجلیس درابوو بە هاسانی لە دەستوری کاری مەجلیس وەلانرا. بیژەن زەنگەنە بۆ حاڵی کردنی ئەوان چوو بۆ مەجلیس و لە وه‌ڵام بە قسەکانیاندا وتبووی، ” شیرکەتی توتاڵ بە ئیجازەی ئامریکا هاتووە و بارودۆخێکی دژوار خراوەتە بەردەممان و بە بێ چەنەلێدان قەراردادەکەی وەرگرتووە”، وتیشی، ئەگەر بمانەوێ مەیدانە نەوتی و گازییەکانی وڵات ببووژێنینەوە پێویستیمان بە ٢٠٠ میلیارد دۆلار سەرمایەگوزاری هەیە. ئەو ئیعتیڕافی کرد کە دەوڵەت بەهیچ شێویەک ناتوانێ ئەو بڕە پارەیە دابین بکات. ئەو هەروەها وتی کە بێجگە لە توتاڵ و شیرکەتی چینی هیچ کەسیكه‌ حازر نەبووە ڕیسکی سەرمایە گوزاری لە ئێران قەبووڵ بکات. ئیتر بۆ چی چەنە لێبدەین. هەڵبەت ئاغای وەزیر باش دەزانێ کە ئیمزای ئەم قەرادادە تەنانەت ئەگەر بە شیوەی دەقیقیش بچێتە پێشێ، تەنیا ٥ لەسەد سەرمایەگوزاری پێویستی پیشەسازی نەوت دابین دەکات.

کۆماری ئیسلامیی بۆ دابین کردنی هەزینەکانی حاکمییەتی بەتوندی لەژێر گوشار دایە. ئەو داهاتانەی ڕژیم هەیەتی بەشی ئیجرای بەرنامەکانی تەوسعە تەڵەبانە و شەڕ ئەنگێزانەی لە دەرەوەی وڵات و دابین کردنی هەزینە نجومییەکانی هێزە ئەمنییەتی و ئینتیزامییە سەرگوتگەرەکانی و ناوەندەکانی جەهل و خورافەی ڕووحانییەتی ناکات. لەم ڕوانگەیەوە ئەم جۆرە قەراردادانە ناتوانن قەیرانی قوڵی ئابووری ڕژیم کەم بکەنەوە و ژیانی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ستەمدیتوو لە ئێران لەژێر سێبه‌ری ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بەرەو هەژاری و فەلاکەت دەچێت.