کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەشی دووم و کۆتایی هەڵسەنگاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران  (راهی کاریگەر)

96c6279a 9cfe 4c26 afba 030de81e0e4e permlink

لەژێرناونیشانی: ئەوەی شۆڕشی ٥٧ نەبوو، ئەوەی دەبێ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بێت.

ڕووداوەکانی وەک هاوپەیمانی دەرباری پەهلەوی لەگەڵ ڕەوتی ئایینی ( ڕۆحانییەت) لە دژی هێزە کۆمۆنیست و پێشکەوتنخوازەکان (کە ئەو سیاسەتە لە قۆناغی دوای جەنگی جیهانی دووەم لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە پشتیوانی لێدەکرا)، ئازادکردنی دامەزراوەکانی سەر بە ڕۆحانییەت بۆ تەبلیغات و ڕێکخستن و پەرەپێدان بە ڕێکخراوەکانیان لەلایەن محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی و سەرکوتکردنی دڵڕەقانەی سەرجەم هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و بەشی وشیار و ڕۆشنبیری کۆمەڵگا لەلایەن ساواکەوە، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ زاڵبوونی ڕەوتی ئایینی بەسەر شۆڕشدا و هەروەها گەیشتنی بە دەسەڵات. بەڵام دوای شۆڕش، خیانەتی زۆرینەی سەرکردایەتی ڕێکخراوی فێدایی، بەهێزترین ڕێکخراوی جەماوەریی چەپ لە دوای شۆڕش و بردنی ئەم ڕێکخراوەیە بەرەو پەیڕەویکردن لەخەتی ئیمام، چالاکی چەکداریی و زیانباری ڕێکخراوی موجاهیدین، کە باشترین بەهانەی دا بە دەست کۆنەپەرستانی دەسەڵاتدار بۆ سەرکوتی خوێناوی و سەرتاسەری، هێرشی سەدام و شەڕی ئێران و عێراق وەک نێعمەتێکی ئاسمانی بۆ ڕەوتی ئایینی دەسەڵاتدار، یەکێکی دیکە بوو لەو هۆکارانەی کە یارمەتیدەر بوو لە سەرکەوتن و پتەوکردنی پێگەی ڕۆحانییەت. باڵانسی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دەیان ساڵی ڕابردوودا جگە لە ئیفلاسی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و تاک کەوتنەوەی ناوچەیی و جیهانی  هیچی تر نەبووە. بەڵام بەشە جۆراوجۆرەکانی خەڵکی ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕەوتی ئایینی دەسەڵاتدارەوە لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات لە پێناو ئازادی و دادپەروەریدا لە دژی ئەو حکوومەتە شووم و جینایەتکارە، حزووریان بووە، کە ئاخێزی ساڵەکانی ٧٨، ٨٨، ٩٦، ٩٧، ٩٨ و دواجار شۆڕشی ژینا بە دروشمیژن، ژیان، ئازادیچەند نموونەیەکی بەرجەستەی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانەن.

ئێستا ئێمە لە دۆخێکدا بەسەر دەبەین کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینا، کۆماری ئیسلامیی گەمارۆ داوە و خەبات و بەرەوڕووبوونەوەی بەردەوام لەپێناو کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە هەوارز و  نشێوەکانی تایبەت بە قۆناغەکانی قەیرانی شۆڕشگێڕانە، حکوومەتی ئیسلامیی خستووەتە ژێر گوشارێکی کەم وێنە و تەنگی پێ هەڵچنیوە. کۆماری ئیسلامی ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی، ناچارە تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی سەرکوتی هەرچی زیاتر و بەردەوام و جینایەتکارانە، درێژە بە ژیانی خۆی بدات و ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر لە بەرامبەر بەشی هەرەزۆری کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا بوەستێتەوە. لەسەر بەستێنی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە کە وانە وەرگرتن لە ئەزموونی شۆڕشی ٥٧ دەتوانێت ڕێنما و ڕێنیشاندەر بێت.

ئێستا خەڵکی ئێران بە پێچەوانەی شۆڕشی ساڵی ٥٧، لە درێژەی خەباتی ٤٥ ساڵەی خۆیان لەدژی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە نیزامی ئاڵترناتیڤ و جێگرەوە، وردە وردە گەیشتوونەتە خوێندنەوەیەکی تاڕادەیەک ڕوونتر، کە لە مێژووی ئێراندا هەرگیز نموونەی نەبووە.

لە سیستەمی ئەڵتەرناتیڤی جێگەی پەسەندی زۆرینەی خەڵکی ئێراندا، بەرابەری مافی ژنان لەگەڵ پیاوان و جیایی دین لە دەوڵەت و هەروەها بنەمای دەسەڵاتدارێتی جەماوەری (لانیکەم لە ئاستی تیۆریدا) چەسپاوە. ئەم گۆڕانکارییە؛ کە بەرهەمی چەند دەیە خەبات و تێکۆشانی خەڵکە لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، هەرچەندە هەنگاوێکی گەورەیە بەرەوپێشەوە، بەڵام هێشتا مەودایەکی زۆری هەیە تەنانەت لەگەڵ بنەماکانی دێموکراسییەکی جێگیر. ئەرکی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانە کە پێداگری بکەن لەسەر بەشێکی گرنگ لە پرسە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە نیزامی ئاڵترناتیڤ. داکۆکیکردنی لێبڕاوانە لە مافی دەسەڵاتدارێتی جەماوەر بە کردەوە، واتە مافی خەڵک بۆ بنیاتنان و گۆڕینی سیستەمی سیاسی؛ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ستەملێکراوەکانی وڵات و یەکێتی و یەکگرتوویی خۆبەخشانەیان، بە تایبەت لە وڵاتێکی فرەنەتەوەیی وەک ئێراندا، بەرابەری تەواوەتی ژنان و پیاوان نەک تەنها لە بواری یاساییدا، بەڵکوو لە هەموو بوارە واقیعییەکانی ژیاندا بەتایبەتی لە سەر بەستێنی شۆڕشی ژینا وەک شۆڕشێکی ژنانە؛ گرنگی ئازادی سیاسی بێ شەرت و مەرج، دابینکردنی کۆمەڵایەتی هەمەلایەنە و گشتگیر بۆ شارۆمەندان و بەتایبەت چینە بێبەشەکان، یەکێکە لەو پرسانەی کە پێویستە بە ئاراستەی جێگیربوونی لەنێو بەرینترین جەماوەری خەڵکدا، هەوڵی بۆ بدرێت.

بە پێچەوانەی شۆڕشی ڕێبەندان کە خەڵک بە دروشم گەلێکی نەرێنی و لە شێوەی جەماوەرێکی بێ فۆرمدا هاتنە هاتنەمەیدان، شۆڕشی ژینا لە درێژەی ساڵانێک بزووتنەوەی داواکاری تەوەری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی جەماوەر دا شکڵی گرتووە کە بە داواکاری و شێوەيەک لە لێک هەڵپێکراوی و زۆرجاریش لە شێوەی بزووتنەوە گەلێکی جۆراوجۆردا دێنە مەیدان؛ بزووتنەوە گەلێکی کە نەک هەر دژبە یەک نین، بەڵکوو بە ئاشکرا و زۆر  بە خێرایی لێک نزیک دەبنەوە و لە هەمووی گرنگتر، لە ئیمکاناتێکی بەرچاوی زانیاری گەیاندن و پەیوەندییەکی سەربەخۆ لە ڕژیم بەهرەمەندن. هەربۆیە ئێستا کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە ئاستێک لە ئیمکانات و دەرفەتی خۆ ڕێکخستنی سەربەخۆ و لەخوارەوە بەهرەمەندن کە ئەگەرچی لە مێژووی ڕابردووی ئێراندا بێ وێنەیە، بەڵام هێشتا لەگەڵ شکڵ پێدان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ڕەگاژۆکردووی مەدەنی بەهێز، مەودای زۆرە. کەشوهەوای خەباتکارانەی ئاخێزیژن، ژیان، ئازادیکە بووتە نەبەردێکی درێژخایەن دژ بە ڕژیم، باشترین دەرفەتە بۆ بەهێزکردنی ئەو ڕێکخستنانە، کە پشتیوانی و بەهێزکردنی، یەکێکە لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی چەپ و هێزە کۆمۆنیستەکان. بەمجۆرەیە کە دەتوانرێت پەیوەندییەکی پتەو لە ناخیخەبات بۆ ئازادیوخەبات لە پێناو ناندا دروست بکرێت.

 شۆڕشی ساڵی ٥٧ لە دۆخێکدا ڕوویدا کە ڕژیمی شا بە کردەوە دوژمنێکی دەرەکی چالاکی نەبوو، بەڵام ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە کاتێکدا بووەتە بزووتنەوەیەکی گشتگیر، کە کۆماری ئیسلامی بە کردەوە هیچ هاوپەیمان و تەنانەت دۆستێکی متمانەپێکراوی لەنێو دەوڵەتەکانی دیکەدا نییە. هەربۆیە ئەرکی سەرشانی هێزە چەپەکانە کە ڕۆشنگەری پێویست سەبارەت بە ڕۆڵی نیگەتیڤی زلهێزە دەرەکییەکان لەمەڕ پرسی شكڵ پێدان بە ڕێبەرییەکی سەپێنراو بەمەبەستی بەلاڕێدابردنی نەبەردی سەرتاسەری جەماوەر، بخەنە دەستووری کاری خۆیانەوە. چل و پێنج ساڵ لەمەوبەر شۆڕشی شکۆداری خەڵکی ئێران، لە لوتکەی سەرکەوتندا، لە ناوەوە تووشی شکستێکی سەخت بوو، ئەمڕۆ دەبێ بە نەوەی نوێ بڵێین کە وێڕای وانە وەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو، پێویستە بەم دروشمەی مارکسیستە شۆڕشگێڕەکان، واتەشۆڕش مرد!”  بژی شۆڕش!” وەفادار بمێنینەوە. شۆڕشی ڕێبەندان شکستی هێنا.  بژی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادی.