کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرەو یەکخستنی خەباتی پرژوبڵاوی کرێکاران

خەباتی کرێکارانی موجتەمەعەکانی مس لە ئۆستانی کرمان جارێکی تر دەستی پێکردووە. رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو سەدان کەس لە کرێکارانی پەیمانی و قەراردادی موجتەمەعی سەرچشمە دەستیان لەکار کێشایەوە و لە بەردەم بینا و دەرگای چوونە ژورەوەی ئەم موجتەمەعە کۆبونەوە. ئەم کۆبونەوە ناڕەزایەتیە بەم بەڵێنەی کە مودیریەتی شیرکەت شەخسەن بۆ وڵامدانەوە دێتە لایان، بەشێوەی کاتی کۆتایی پێهات. رۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە دوای ئەوەی کە وتووێژی کرێکاران لەگەڵ مودیریەتی شیرکەت بەبێ نەتیجە کۆتایی پێهات، کرێکاران کۆبونەوەی ناڕەزایەتی خۆیان دەست پێکردەوە. داواکاری سەرەکی کرێکاران لەم ناڕەزایەتیانەدا زیاد کردنی حەقدەستە. ئەم داواکاریە بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستادا داواکاریەکی مافخوازانە و پێشڕەوانەیە و لە راستیدا داواکاری هاوبەشی کرێکارانە لە سەرتاسەری ئێراندا. 518کرێکارانی موجتەمەعی مسی سەرچشمە بیانوەکانی خاوەنکاران و نوێنەرەکانی دەوڵەت کە دەڵێن گۆیا حەقدەستەکانیان بەهۆی هاتنەخوارەوەی نرخی جیهانی مس نزم راگرتوە، قەبوڵ ناکەن.لە هەمانحاڵدا دەستەیەک لەم کرێکارانە کە لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەی پەیمانکاری لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم موجتەمەعەدا کار دەکەن داواکاری دامەزرانی هەمیشەیی خۆیان بوون. کرێکارەکان رایانگەیاند: لە نزیک بە ٢ ساڵ لەوەپێشەوە تا ئێستا مەزایای موزدی ئەوان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە و بە شێوەی مامناوەند لە داهاتی مانگانەی هەر کرێکارێک نزیکەی ٣٠٠ هەزار تمەن کەم کراوەتەوە. موجتەمەعی مسی سەرچشمە یەکێک لە نائەمن ترین ناوەندە کرێکاریەکانی ئێرانە. ئەم موجتەمەعە ساڵانێکە کە قوربانگای کرێکارانە. ئەم موجتەمەعە نیوە خسوسی و نیوە دەوڵەتیە و لەژێر کۆنترۆڵی شیرکەتی میللی پیشەسازی مسی ئێراندایە. زنجیرە مه‌عده‌نه‌ مسەکانی سەرچشمە ئەگەرچی مەعدەنی سەر ئاواڵەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە زومڕەی نائەمن ترین مه‌عدەنەکانی دونیان و هەمو ساڵێک ژمارەیەکی زۆر کرێکار بەهۆی نەبوونی ستانداردەکانی ئیمه‌نیەوە و لەوانە بەهۆی هەڵمژینی گاز، گیان لەدەست ئەدەن. ئەو مەترسیانەی کە لەم مەعدەنەدا لە کەمینی کرێکاراندان تەنیا لە لایەنی رووداوە کتوپڕەکانەوە نییە، بەڵکو کار لە بارودۆخێکی نابێهداشتی لەم مەعدەنانەدا بۆتە هۆی سەرهەڵدانی گەلێک نەخۆشی لەنێو کرێکاراندا. هەوای ناوچەکە گەلێک پیسە و ئەم پیس بوونەش بەڕادەیەکە کە گژوگیا و دارەکانیشی خستوەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. بەپێی ئەو توێژینەوانەی لە زانکۆی کرماندا ئەنجام دراون، کرێکارانی ئەم مەعدەنە بەتوندی لەبەردەم مەترسی گیرۆدە بوون بە نەخۆشی دژواری ناسراو بە “ئێم ئێس” دان کە ناوەندی توێژینەوەی پزیشکی زانکۆی کرمان تا ئێستا ٧٥٠ حاڵەتیانی تۆمار کردوە. کرێکارانی موجتەمەعەکانی مسی ئۆستانی کرمان، خاوەنی گەلێک سوننەتی پێشڕەوەی خەباتکارانەن و لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا ئەم موجتەمەعانە لە زومڕەی ناوەندە درەوشاوەکانی خەباتی چینایەتی کرێکاران بۆ دەستەبەر کردنی مافە سەرەتاییەکانیان بوون. خەباتی شێلگیری کرێکارانی ئەم موجتەمەعانە وەک هەموو مانگرتن و ناڕەزایەتیەکی تر، قوتابخانەیەک بوون بۆ ئاموزشدانی کرێکاران لە خەباتێکی چارەنووس سازدا کە لەبەردەمیان دایە. ئەم مانگرتنانە دەرفەتێکن بۆ دەرکەوتن و پەروەردە بوونی هەڵسوڕاوان و رێبەرانی لاو. لەنێو ئەم هەڵسوڕاوە تازە دەرکەتووانەی نێو کرێکارانی مانگرتوو، ڕەزمەندەترین و شێگیرترین و دڵسۆزترینیان لە ئاستی پێشەوە و ڕێبەری ئەم حەرەکەتانەدا قەرار دەگرن و گەنجینەی سیما ناسراوەکانی کرێکارانی پێشڕەو و بەتوانا و کارزانی چینی کرێکار دەوڵەمەندتر دەکەن.
ئێستا و هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی کرێکارانی مسی سەرچشمە، لە بەشەکانی تری کرێکاریشدا شکڵ و شێوەی تر لە ناڕەزایەتی کرێکاری لە جەریاندایە. تەنیا لە ٢ رۆژی سەرەتای مانگی خه‌رماناندا شاهیدی چەندین حەرەکەتی کرێکاری لە گۆشە و کەناری ئێران بووین: کۆبونەوەی کرێکارانی بێکار کراوی سەنگ بڕیەکانی تاران، کۆبونەوەی کارمەندانی تەعمیراتی بەشی گواستنەوەی نیروگاکانی تاران لە بەردەم وەزاڕەتی نیرو لە ناڕەزایەتی بە نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و نەدرانی ٦ مانگ حەقدەستیان، مانگرتن و کۆبونەوەی کرێکارانی شارەداری فومەن لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٤ مانگ حدقدەست، کۆبونەوەی کرێکارانی ئازادرای رەشت ـــ قەزوین، لە ناڕەزایەتی بە نەدرانی ٥ مانگ حەقدەست، کۆبونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی دەرکراوی کارخانەی سیمانی کارون، کۆبونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی فولادی زاگروس و چەند حاڵەتی تر. مانگرتن و ناڕەزایەتی بەشێکی جیانەکراوەی مەوجودیەتی چینی کرێکارە و سەروەت و سامان و نێعمەتەکانی کەڵەکە بوو لەم کۆمەڵگایەدا بەرهەمی رەنج و کاریەتی. حەقدەستێک کە سەرمایەداران بە کرێکارانی په‌رداخت ده‌كه‌ن، تەنیا بەشی ژیانێکی مەمرە و مەژی خۆیان و بنەماڵەکانیان دەکات تا بتوانن سبەی دیسان بچنەوە سەرکار و سەرلەنوێ بچەوسێندرێنەوە و سەروەت بەرهەم بێنن. بەڵام کرێکاران لە بەرانبەر ئەم بارودۆخە زاڵمانەیەدا تەسلیم و بێ ئیرادە نین. ئەگەر سەرمایەداران هەموو هەوڵەکانیان بەکار دێنن تا بە دانی حەقدەستی کەمتر بە کرێکاران، بە خۆبواردن لە ئەنجامدانی ئەو تەعەهودانەی لەگەڵ کرێکاران لەسەری پێکهاتون، سودەکانیان زیاتر بکەن لە بەرانبەردا کرێکارانیش بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان لە مانگرتن وەک شگردێکی کارا لەدژی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان کەڵک وەردەگرن. سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیان تا کاتێک کە بەرەوڕووی ناڕەزایەتی و مانگرتن و خەباتی کرێکاران نەبنەوە، داواکاری کرێکاران پشتگوێ ئەدەن. کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەیکە مایلە تا لە یەکەم دەرفەتدا، کۆبونەوەی کرێکارانی مانگرتوو ناڕازی تیکبدات و بە گرتنەپێشی سیاسەتی ترساندن، ئەوان بگێڕێتەوە بۆسەر کارەکانیان، بەڵام لەهەمانحاڵدا نیگەرانی کاردانەوەی گشتی تری کرێکاران و گشتگیر بوونی ئەم مانگرتنەشە. ئەم رژیمە بەردەوام هیوای لەسەر شگردی وەعدە و وەعید و تەفرەقە خستنەنێو ریزی کرێکاران هەڵچنیوە و بێگومان وەک هەمیشە هەوڵئەدات بە ئەمرۆ سبەی کردن و لەگەڵ قەبوڵ کردنی بەشێک لە داواکاریە لاوەکیەکان، داواکاریە بنەڕەتی و گشتی ترەکانی کرێکاران وڵام نەداتەوە و یەخەی خۆی لە دەستیان رزگار بکات. ئەوەی کە ئەم هەوڵانەی رژیم و مودیران و خاوەنکاران توشی شکست دەکات، یەکخستن و هاوئاهەنگ بوونی ناڕەزایەتی کرێکارانە و سەرڕاست ترین مەسیر بۆ گەیشتن بە وەها ئامانجێک، بوونی رێکخراوە سەرتاسەریە کرێکاریه‌كانه‌.