کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرینایی و جۆراو جۆری شێوازەکانی گەندەڵی لە ڕژیمی ئیسلامیدا

136

سه شنبه – ۲۸ خرداد – ۱۳۹۸ , 18 – 06 – 2019

136

 

 

ئاستی گەندەڵی لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا ئەوەندە بەرینە، شێوازەکانی گەندەڵی ئەوەندە جۆراو جۆرن، کە بە جورئەت دەتوان بڵێین وێنەی لە کەمتر شوێنێكی جیهان دەبیندرێت. سەرانی مەزهەبی لە ئێران کە قاعیدەتەن لە ترسی ئاگری دۆزەخی ئیدیعایی خۆیان، دەبووایه‌ سنورێکیان بۆ گەندەڵی، گەندەڵی دارایی، گەندەڵی ئەخلاقی، کڵاو بەرداری، ڕیشوە خۆری، تەقەلوب و درۆ دابنایە، نەتەنیا وایان نەکرد، بەڵکو ڕژیمێکیان بنیاد ناوە کە لە هەموو شکڵ و شێوازە ناسراوەکانی گەندەڵی، یەکەمە لە دنیادا. لە ڕاستیدا دەکری بڵێین کارگوزارانی ڕژیمی ئیسلامی لەسەرەوە تاخوارێ، لە عەممامەدارەوە تا بێ عەممامە، بە گشتی، بە واقع بینی بەم ئاکامە گەیشتون کە بە هەر نرخێک بووە بەهەشتی مەوعود، لەم دنیایەدا، بۆ خۆیان و ئاغازادەکانیان فەراهەم بکەن ونەغدی ئەمرۆ نەدەن بە قەرزی سبه‌ینێ!
هەواڵی پێوەندیدار بە گەندەڵی ماڵی و دزی کەڵان لە دەزگای ئیداری ڕژیمدا ئەوەندە زۆر بووە کە ئیتر هەموان عادەتیان بە بیستنی کردوە. بەڵام ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌ ماڵی تەنیا بەرپرسانی سەرەوە ناگرێتەوە بەڵکو سه‌رتاپێی ئەم ڕژیمە لەسەر بنەمای گەندەڵی بەڕێوەدەچێت. گەندەڵی لە شێوازی جۆراو جۆریدا، لە ئاستی ئیدارەکان و دامەزراوە دەوڵەتیەکاندا، وەها بەرین بۆتەوە کە سادە ترین کارەکانی خەڵکیش لە دەرەوەی ئەم مناسباتە گەنیوەدا بەرەو پێش ناچێت. گەندەڵی ئیداری و ماڵی لەم وڵاتەدا نە تەنیا بەشە دەوڵەتیەکانی ئابووری و ئیجرایی گرتۆتەوە بەڵکو تەشەنەی کردۆتە نێو گشت بۆنگا و شیرکەتە خوسوسی و ناحکومەتیەکانیشەوە. ئەم دیاردەیە هەڵبەت بە هیچ شێوەیەک دوور لە چاوەڕانی نییە. کاتێک دەزگایەک لە سەرەوە گەندەڵە، ژێر دەستەکانی و سەرجەم سیستمەکەی ژێر دەستیشی لە خوارەوە، بەپێی ئۆلگوی ڕێبەریەکەی شکڵ پێ ئه‌گرێت. گەندەڵی ئیداری، ماڵی، ئەخلاقی و سیاسی ڕژیمی ئیسلامیش لە سەرەوە دەستی پێکردوە و شۆڕ بۆتەوه‌ به‌ره‌و به‌شه‌كانی خوارەوەی.
لەم نێوانەدا ئەم رۆژانە باس لەسەر مەدارکی تەحسیلی جەعلی و پایان نامەی درۆینە جارێکی تر گەرم بۆتەوە. لەم بوارەدا کاری تەقەلوب ئەوەندە زۆربووە کە ئەفراد تەنیا کافیە مەوزوعی مقالە و پارەیان هەبێت، باقی چالاکیەکانی” دامەزراوەکان” دەیگرنە ئەستۆ و تەنانەت کاری ڕازی کردنی مامۆستایانی هەڵسەنگاندنی پایان نامەکانیش ئەنجام ئەدەن. واته‌ كاره‌كه‌ به‌ زه‌مانه‌تی له‌ سه‌دا سه‌د جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
عەلی کوردان وەزیری نیوخۆی دەوڵەتی ئەحمەدی نیژاد، مەدرەکی دوکتورای بەناو ئیفتیخاری لە زانکۆی ئاکسفۆردی زۆر نا شارەزایانە جەعل کردبوو کە ڕێسواییەکی زۆری بۆی بە شوێنەوە بوو و لەژێر گوشاری رای گشتیدا پۆستی وەزارەتی بەجێهێشت بەڵام هەروا لە بازنەی هاوکارانی نزیکی ئەحمەدی نیژاد دا مایەوە. محەممەد ڕەزا رەحیمی بە مەدرەکی دوکتورای درۆینە بوو بە جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار. رۆژنامەی ئینگلیسی گاردیەن لە ساڵی ١٣٩٠ لە زمان بەرپرسانی ئاکسفۆردەوە، مێهدی هاشمی بە ” تەقەلوب لە پایان نامەی دوکتورا” تاوانبار کرد کە ئەم هەواڵە دەنگدانەوەیەکی بەرینی لە راگەیەنەرە نێوخۆیی و جیهانیەکاندا بەشوێنەوە بوو.
تەحسیلاتی ئەحمەدی نیژاد کە دوو دەورە سەرۆک کۆماری ئیسلامی بوو، تەنیا تا ئاستی لینسانس بەڵگە مەندە و لەوە بەدواوە لە هەمان دەورەدا کە باس لەسەر مەدرەکی دوكتورای کوردان دەستی پێکردبوو، پەروەندەی تەقەلوبی بوونی مەدرەکی دوكتورای ئەویش ئاشکرا بوو.
پایان نامەی دوکتورای حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێرانیش شاملی ئەم رەوتەبوو. پایەگای ئینتر نێتی” تەلەگرام” لە ساڵی ٢٠١٣ دا راپۆرتێکی بە ئاماژە بە هەڵسەنگاندنی کارناسانی زانکۆی کالدونیان گلاسکۆی ئیسلەند کە ئاغای روحانی مەدرەکی دوکتوراکەی خۆی لێوەرگرتوە، نووسیبوی کە پایان نامەی دوکتوراکەی کۆپی لە نووسراوی کەسێکە بە ناوی” عەلی ئەکبەر کەڵانتەری”.
لەم ساڵانەی دواییدا ئاستی تەقەلوب و جەعل ئەوەندە پەرەی سەند، تا ناجار بوون یاسایەک بۆ بەرتەسک کردنەوەی لە مەجلیسدا ئامادە بکەن. مانگی خرمانانی ساڵی ٩٦ ئەم یاسایە لە لایەن روحانیەوە بۆ ئیجرا بە ناوەندە ئاموزسیەکانی باڵا ئیبلاغ کرا. بەڵام رۆژنامەکانی چاپی تاران لە ژمارەی رۆژرکانی یەکشەممە و دووشەممەی ئەم حه‌فته‌یه‌دا نووسیان کە دوای نزیکەی دوو ساڵ تازە سەرلەنوی ئاین نامەیەک لەم بوارەدا ئامادە کراوە و دراوە بە ناوەندی ئاموزشی باڵا. بەڵام کێ هەیە نەزانێ، سەدان یاسا و ئاین نامەی ڕێک و پێکتر لەمەس لەسەر کاغەز ماونەتەوە و بوونیان تەنیا لە نامیلکەکانی قانونیدا واتای هەیە. لەمرۆدا بازاڕی پایان نامە نامەی تەقەلوبی ئەوەندە گەرم و پڕ ڕەونەقە، کە هیچ یاسایەک ناتوانێ بەری پێبگرێت. ڕاگەیاندنی ئەم یاسایە نە تەنیا کارێکی پێ نەکراوە، بەڵکو بە وتەی گوزارشگەرانی نێوخۆیی، دیاردەی پایان نامە فرۆشی و تەقەلوب بە هاسانیەکی زیاتر لە شکڵ و شێوازێکی بەرینتردا لە ئارادایە. لەم بوارەدا هەڵبەت فریوێک لە کاردا نییە. مامۆستا و خوێندکار، هەردوکیان، خەتی یەکتر دەخوێننه‌وه‌. ڕەنگە ئەو پایان نامانەش لە لایەن خودی مامۆستاکانەوە ئامادە و لە بازاڕدا بفرۆشرێت. لەم نێوانەدا ئەوەی کە کەس بیری لێ ناکاتەوە، ئاستی لەخوارەوەی زانستی زانکۆکان و وزە و تەمەنی بە ملیۆن ئینسانە کە بەم شێوەیە بە با ئەدرێت. بە ملیۆن لاو کە چەند سال دوای تەواو کردنی خوێندن لە زانکۆ، تەنیا شتێک کە لە زانست و زانیاری و فەن بۆیان ئەمێنێتەوە، سەوادی خوێندن و نوسینە.