کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەرز و بەرێز بێت یازدەی خه‌رمانان، ساڵڕۆژی پێکهاتنی حێزبی کۆمۆنیستی ئێران

ئەمرۆ چوارشەممە ١١ی مانگی خه‌رمانان، ساڵرۆژی پێکهاتنی حیزبی کومونیستی ئێرانە. ٣٢ ساڵ لەوەپێش لە ئاوا رۆژێکدا حیزبی کومونیستی ئێران، لە کۆنگرەیەکی دامەزرێنەردا پێکهات. لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی حێزبی کومونیستی ئێراندا یاد و بیرەوەری فیداکاری ئەو هاورێ و هاوسەنگەرانە رێزلێدەگرین کە لە ریزەکانی حیزبی کومونیستی ئێراندا، چ لە زیندان و لە ژێر وەحشیانەترین ئەشکەنجەکان و یان بە سێدارەوە و لەبەرانبەر دەستڕێژی گوللەی جەنایەتکارانی کۆماری ئیسلامیدا و چ لە سەنگەرەکانی تێکۆشان و خۆڕاگری شۆڕشگێڕانە لە کوردستان و خەباتی چەکدارانە لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا لە نەبەرد و تێکۆشانی رووبەڕوودا لەگەڵ دوژمن، گیان و ژیان و هەستی خۆیان لە ڕێگای رزگاری ئینسانی چەوساوە و زۆرلیکراودا فیدا کرد. سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵە خۆڕاگر و سەربەرزەکانیان. لەم رۆژەدا هەروەها سڵاو دەنێرین بۆ خۆڕاگری و پایەداری کرێکاران و کومونیستە بەند کراوەکان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی کە بۆ دیفاع لە ئاڕمانەکانیان بە دیل گیراون و رێز لە خەبات و تێکۆشانیان دەگرین. بەهیوای ئەوەیکە خرۆشانی خەبات و ناڕەزایەتی کرێکاران و جەماوەری بێبەش و ستەم دیتوی کۆمەڵگا، رژیمی سەرمایەداری ئیسلامی لە ئێران بە هێزی خۆی بروخێنێ و هەموو ئازادیخوازانی بەندکراو، بە بزەی شادی بەسەر لێوەوە، بگەڕێنەوە ئامێزی ئازیزانیان.525پێکهاتنی حیزبی کومونیستی ئێران ئەگەرچی وەک هەنگاوێکی خێرا بۆ وڵامدانەوە بە بارودۆخی سیاسی ئەو سەردەم لە لایەن کومونیستەکانەوە خرایە دەستوری کارەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک کردارێکی لەخۆڕا نەبوو وە لە ژووری درگا داخراو و بەدوور لە چاوی کۆمەڵگە و بزوتنەوە، زەمینەسازی و ئامادەکاری بۆ نەکرابوو. بەر لەهەموو شتێک پێکهاتنی حیزبی کومونیستی ئێران ڕیشەی لە هەوڵ و تێکۆشانی سەد ساڵەی بزوتنەوەی کومونیستی بۆ یەکگرتندا بوو. گەلێک دەرفەت هاتنەپێش بەڵام هەرجارە و لەگەڵ ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە ئاستی محەلی، ناوچەیی و جیهانی، لە گۆڕەپانی فکری و سیاسیدا، هاتنە سەر ڕێی بابەتی یەکگرتن، دەرفەتەکانیان لەکیسدا و هەوڵەکان بێ ئاکام مانەوە. قۆناغی شۆڕشگێڕانەی ساڵەکانی ١٣٥٧ و ١٣٥٨، کە سەرئەنجام بوو بەهۆی روخانی ڕژیمی پاشایەتی، یەکێک لەو دەرفەتانە بوو. چینی کرێکار لە میقیاسی ملیۆنی و سەرتاسەریدا، لە ئەمری گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسیدا لە ئێران دەوری گێڕابوو، تەنانەت شکڵ و شێوەی سەرەتایی سازماندەهی خۆی لە دەورەی شۆڕشگێڕانەدا ئەزمون کردبوو، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا نەیتوانیبو مۆری خۆی بە ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی ئەو دەورەیەوە بنێ و لە حاڵێکدا کە کۆڵەبارێکی لە تەجروبە پێبوو، ناکام مابۆوە. کومونیستەکان کە دواتر لە حیزبی کومونیستی ئێراندا خۆیان رێکخست، هەوڵێکی سادقانەیان بۆ وڵامدانەوە بە پێویستی و دەرس وەگرتن لە ئەزمونێک دەست پێکرد. ئەم هەوڵانە سەرئەنجام لە ساڵی ١٣٦٢دا بە پێکهاتنی حیزبی کومونیستی ئێران بە ئاکام گەیشت و رەوتەکەمان سەهمی خۆی لە بابەتی دابین کردنی وەحدەتی بزوتنەوەی کومونیستی ئێراندا، ئەدا کرد.پێکهێنانی حیزبی کومونیستی ئێران هەنگاوێکی سیاسی بەجێ و بیرلێکراوە بوو کە لە یەکێک لە هەستیارترین ساتەکانی حەیاتی کومونیستەکانی ئێراندا نرا. ئەم حیزبە لە بارودۆخێکدا پێکهات کە شۆڕشی گەلانی ئێران لەژێر زەبری حکومەتی دژی شۆڕشی ئیسلامیدا لە دوایین هەناسەکانیدا بوو. هێزە چەپ و رادیکاڵەکانی ئێران بەتوندی توشی لێکهەڵوەشان و سەر لێ شێواوی هاتبوون. سەرکوتی خوێناویی، گرتنی بەربڵاو و ئێعدامی بەرین، بەشێک لە هێزە چەپەکانی ئێرانی بەکردەوە لێک هەڵوەشانبۆوە. لە ئاوا بارودۆخێکدا پێکهاتنی حیزبی کومونیستی ئێران لە لایەن بەشێک لە هێزە چەپەکانی ئێرانەوە وڵامێکی شۆڕشگێڕانە بوو بەم بارودۆخە نابەسامانە. لە حاڵێکدا کە حکومەتی ئیسلامی لە هەموو شوێنێک لێک هەڵوەشانەوەی ڕێکخراوە سیاسیەکانی تەبلیغ دەکرد، حیزبێکی سیاسی نوێ و پڕشور، خاوەن رۆحیە و هیوادار پێکهات. حیزبێک کە هیوادار بوو وە ئێستاش هیوادارە بە یەکگرتن و بەیەکەوە کارکردنی خۆی، دەورێکی کاریگەر لە کۆتایی هێنان بە تەفرەقە و پڕژوبڵاوی بزوتنەوەی کومونیستی ئێراندا بنوێنێ. حیزبی کومونیستی ئێران لە سەرەتای دروست بوونیەوە، لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران و شوێنە کرێکاریەکان کۆمەڵێکی بەرچاو لە هەڵسوڕاوانی سیاسی کرێکاری لەگەڵدا بووە و ژمارەیەکی تا رادەیەک زۆر لە هەڵسوڕاوانی سیاسی و کومونیستی ئێرانی لەخۆدەگرت. ئەم هێزە لە ساڵەکانی دواتر و بەتایبەت لە جەریانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێڕاقدا بوو بە ئامانجی گەلێک سەرکوتی توند. حیزبی کومونیستی ئێران لە کوردستانیش پشتی بە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و بەرین گەرم بوو وە خاوەنی پێگەیەکی کرێکاری بەهێز بوو. پێکهاتنی حیزبی کومونیستی ئێران رەزمەندەگی و شور و شەوقی شۆڕشگێرانەی لە ریزەکانی تەشکیلاتی کوردستاندا بەرزتر کردەوە و ئیجازەی نەدا پاشەکشەی نیزامی بزوتنەوەی کوردستان ئاسۆی سیاسی خەباتکارانی لێڵ و تاریک بکات و یارمەتی کۆمەڵەیدا تا بەسەر قۆناغێکی سەخت و دژاواردا زاڵ بێت.مێژوو، گەلێک جار نیشانیداوە کە کاتێک جەماوەری بەرینی بێبەشان و زۆرلێکراوان، یەکدڵ و یەکدەنگ بۆ رزگار کردنی خۆیان پێ بنێنە مەیدانی نەبەردێکی هەمەلایەنەوە لەگەڵ چەوسێنەران و حکومەتەکانیان، هیچ هێزێک ناتوانێ بەریان پێ بگرێت. گۆڕینی ئەم بارودۆخە، لەبەین بردنی خاڵە لاوازەکان، پێکهێنانی ئیعتیماد و باوەڕ بە هێزی خۆ لەنێو جەماوەری بەرینی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا و وێنا کردنی ئاسۆیەکی روون لەبەردەم ئەم جەماوەرە گەورەدا کە خۆیان ڕزگارکەرانی ڕاستەقینەی خۆیانن، ئەرکی ئێمەیە. حیزبی کومونیستی ئێران لێبڕاوانە هەوڵ ئەدات تا لە هەموو ئان و ساتەکانی خەباتی ئازادیخوازانە و چینایەتی ئێستای ئێراندا دەوری شایستەی خۆی بگێڕێ و ئەرکەکانی بەجێ بگەیەنێ. هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز، هەموو نەتەوەیەکی زۆرلێکراو هەموو ژنێکی ئازادە، هەموو لاوێکی مافخواز، هەموو هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێست، دەتوانێ پێگەی ئینسانیی خۆی لە ستراتیژی و بەرنامەی حیزبی کومونیستی ئێراندا بدۆزێتەوە.ئەمرۆ، کە لە ڕابردوی ئەم سێ دەیەی دوایی دەڕوانین ئەو ڕاستیە بە روونی دەبینین کە ڕاگەیاندنی دامەزرانی حیزبی کومونیستی ئێران لە رۆژی یازدەی خه‌رمانانی ساڵی ١٣٦٢، خاڵێکی دەست پێک بوو لە ڕێگایەکدا کە چینی کرێکار دەتوانێ و دەبێ سەرکەوتوانە بیبڕێت تا لە پێگەی چینێکی چەوساوە و بێبەشی ئەم کۆمەڵگایەوە، بچێتە ئاستی چینی دەسەڵاتدار، تا کۆمەڵگای ئێران لە هەموو ئەو موسیبەتانەی کە زۆربەی خەڵکی ئێران لەگەڵی دەستەویەخەن، رزگار بکات.حیزبی کومونیستی ئێران بە ستراتیژیەکی روون کە هەیەتی، لە ڕاستای ئەو ئەرک و ڕه‌سالەتە گرینگانەی لەم قۆناغەدا خستویەتە سه‌ر شانی خۆی، بە عەزمێکی لێبڕاوانەوە هەموو زەرفیەتەکانی بۆ یارمەتی گەیاندن بە سازمانیابی و بەسیج کردنی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگە دەخاتەکار. حیزبی کومونیستی ئێران لەسەر بنەمای پێشینەی ئەم سێ دەیەی دوایی و پێبەند بوونی بە دیفاع و داکۆکی کردن لە قازانج و بەرژەوەندی کرێکاران، بەپێی ئەو پێوەندیە قوڵ و پتەوەی کە لەگەڵ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و چەوساوەی کوردستاندا هەیەتی، لەسەر بنەمای ئیعتیبارێک کە لە نێوان هێزەکانی بزوتنەوەی چەپ و کومونیستی ئێراندا لێی بەهرەمەندە، بەپێی ئەو چی دەبێ بکرێ روونانەی کە هەیەتی؛ دەتوانێ ببێتە زەرفێکی سازمانیابی و چالاکیی ڕێبەران و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری ئێران. حێزبی کومونیستی ئێران له‌سه‌ر خێراتر کردنی ئەم رەوتە پێداگرانه‌ زەرفیەت و تواناییەکانی لە گشت بوارەکاندا ده‌باته‌ پێش و بە دیفاع کردنی لێبڕاوانە و بێ راڕایی لە قازانج و بەرژەوەندی چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکی زۆرلێکراو و بێبەشی کۆمەڵگا و خەباتێکی لێوانڵێو لە فیداکاری و لەخۆبردویی، لە رێگای هێنانەدی کۆمەڵگایەکی سوسیالیستیدا هەنگاو ده‌نێت.