ڕافایل گروسی، سەرپەرشتی گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی کە رۆژی هەینی ١٢ ی مانگی ڕەشەمە چووبوو بۆ تان، ئێوارەی هەمان ڕۆژ بەشداری کۆبوونەیەکی کاربەدەستان و هەڵسوڕاوانی بەرنامەی هەستەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و پێی وتن کە ئامانجی ئەو زەمانەت کردن و تەئیدی ئاشتی خوازانە بوونی بەرنامەی هەستەیی ئێرانە. بازڕەسانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی لە ئێران لەم دواییانەدا وردیلە و زەڕاتی ئۆڕانیۆمی پیتێندراوی تا ئاستی ٨٤ لەسەدیان، بە ڕادەی کەمتر لە ئاستی چەکی ئەتۆمی لە دامەزراوەی فۆردۆدا دۆزیوەتەوە.
هەڵبەت ڕوون و ئاشکرایە کە تەوافوقی بەرجام خۆی گرێدراوی گەلێک هۆکاری دیکەیە کە لە لایەکەوە ناڕەزایەتی قوڵ و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران لەنێوخۆدا و لە لایەکی دیکەوە، هاو ئاڕاستەیی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی ئۆکڕاینە لەگەڵ ڕوسیە و دەور و نەخشی وێرانگەری پشتیوانی لە گەروپە نیابەتیەکان لە شوێنە جۆراو جۆرە زۆر هەستیارەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، و کەوتنە مەترسی نەزمی دڵخوازی سەرمایەداری جیهانی و لەم نێوانەدا کەوتنە مەترسی ئەمنیەتی ئیسرایلیش، کۆمەڵێک فاکتۆڕن کە سەرئەنجام چارەنووسی بەرجام دیاری دەکەن. ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا لە هەوڵدان بەو گوشارانەی هێناویانە و دەیهێنن، بێجگە لەوەی کە بەرنامەی هەستەیی کۆماری ئیسلامیان لە کۆنتڕۆڵدا بێت، هاوکات کۆماری ئیسلامیش لە بلۆکی روسیە و چین بە دوور بگرن، مزاحیمەتەکانی لە زێدە خوازی کردن لە ناوچەکەدا کۆنتڕۆڵ بکەن و لە کۆتاییدا ئێران هەروا لە ناوچەی ژیر نفوزی خۆیاندا ڕابگرن.
ئەوەی کە سەلمێندراوە ئەوەیە، ئێستاش ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژئاوا لە حکومەتی ئیسلامی بێ هیوا نەبوون و ئێستاش هیوادارن ئەم حکومەتە لە ئاکامی ئەو گوشارانەدا لە ڕاستای سیاسەتەکانی ئەواندا بجوڵێتەوە. نەخستنە نێو لیستی تیرۆری سپای پاسداران لە لایەن یەکێتی ئوروپاوە و هاتنی گروسی و ئەگەری هەیە دەکردنی ڕاپۆرتێک لەسەر بنەمای هاوکاری کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانشیش دەکرێ سیگناڵەکانی ئەم هیواداریە بێت. لە بەرانبەردا دانی دەنگی بێلایەنی کۆماری ئیسلامی بە حکومەتی ڕوسیە لە هێرش بۆسەر ئۆکڕاین و دەربڕینی بۆچوونی کاربەدەستانی حکومەت سەبارەت بە دوور کەوتنەوە لە شەڕی ئۆکڕاین وەدەچێ وەک سیگنالەکانی لایەنی بەرانبەر هەڵبسەنگێندرێت.
ڕوون و ئاشکرایە کە لە پشت پەردەی ئەو ڕووداوە زۆرانەی لە ئارادان و زانیاری وردیش سەبارەت بە هەموویان لەبەرد ەستدا نییە، بەڵام گەلێک دیاردە بوونیان هەیە کە چەنە لێدان بۆ دان و ئەستاندنی ئیمتیاز لە ئەگەری پێکهاتنەکان لە داهاتودا لە ئارادایە، هەرچەند هەرکام لە لایەنەکان هەوڵ ئەدات کارتەکانیان نەسوتێنن.
تا ئەو جێگایەی بە کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە، دەزانێ کە لە کۆتاییدا وادار بە پاشکەشە دەبێت، بەڵام دەیەوێ ئەم پاشەکشەیە بە شێنەیی بەرەو پێش بچێت. بە تایبەت کە لە نێوخۆدا بۆتە ئامانجی هێرشی خەڵکی ستەمدیدە و ڕەوایەتیەکی بۆ نەماوەتەوە، ئابووریەکەی داتەپیوە و ڕۆژ بە ڕۆژی ئاستی ناڕەزایەتی و خەباتی خەڵک بەرینتر دەبێتەوە. تا ئەو جێگایەی بە ڕۆژئاواش دەگەڕێتەوە لە هەوڵدان گوشارەکان هەروا تا سنوری ڕوخان و لێکهەڵوەشان درێژە پێبدەن تا کۆماری ئیسلامی بگێڕنەوە بۆ نێو نەزمی جێگای سەرنجی خۆیان. بەم پێیە لە قۆناغی دواییدا ئیمە شاهیدی گەلێک چەنە لێدان دەبین، هەرچەند ڕۆژئاوا بەردەوام ئاڕاستەی پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی دەخاتە ژێر چاودێریەوە.
سەرەڕای ئەم بارودۆخە کە خاوەنی ئاڵۆزی تایبەت بە خۆیەتی، ڕاستیەکە ئەوەیە کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران وەک فاکۆڕێکی جیدی دەتوانێ سەرجەم نەخشە و پیلانەکان تێکبدات، لەبەر ئەوەی ئەگەر هۆکارەکانی دیکەی جێی قسە لەسەر کردن شیاوی کۆنتڕۆڵ بن، ئاخێزی شۆڕشگێرانە ڕەنگە لە ئەگەری بەردەوام بوونیدا لە کۆنتڕۆڵ دەربچیت، بەم هۆکارە لە ئێستاوە دەبێ ڕێکارەکانی کۆنتڕۆڵی ئاخێزی جەماوەری ئامادە بکرێت، تەمرینی ئوپوزسیۆنی ڕاست لەوانە کۆمەڵێک کە ناوی خۆیان ناوە” کۆبوونەوەی جۆرج تاون” خاوەنی ئەم خاسیەتەیە.
دەکرێ بڵێین ئاکامێکی کە بەدەست دێت لەگەڵ بەردەوام بوونی شۆڕشی ژینادا لە ئێران ڕەنگە سەرجەم نەخشەکانی ڕۆژئاوا بگۆڕدرێت و دەستێوەردان لەم بزوتنەوەدا بۆ هیدایەت کردنی بە ئاڕاستەی دڵخوازدا، لە ڕێگای ئوپوزسیۆنی ڕاستەوە کە لەمڕۆدا خەریکی ڕاهێنانیانن بنێنە دەستوری کارەوە. بێ هۆ نییە کە ئەم بەشە لە ئوپوزسیۆن خوازیاری جیدی ئەو گەمارۆیانەن کە ژیانی خەڵکیان کردۆتە نیشانە و لە هێندێک حاڵەتدا خوازیاری کرداری نیزامیشن لەدژی کۆماری ئیسلامی. ئەوان لەگەڵ ڕۆژئاوا و کۆماری ئیسلامیش لە ئاڕاستەیەکی نەنووسراودا لە بەردەوام بوونی ئاخێزێکی شۆڕشگێرانە نیگەرانن. کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی توند و خوڵقاندنی جەنایەت دەیەوێ بڵێسەکانی شۆڕشی جەماوەری دامرکێنێتەوە، ئوپوزسیۆنی ڕاستیش بۆ یەکسەرە کردنەوەی کاری کۆماری ئیسلامی نەک لە ڕێگای شۆڕشەوە بەڵکو لە ڕێگای کردەوەکانی ئامریکا و ڕۆژئاواوە، هەڵپەیەتی. ڕۆژئاوا ئەگەرچی نیگەرانە لە درێژەی شۆڕش لە ئێران، بەڵام تا ئەم ساتە کۆماری ئیسلامی بە شەرتی ملکەچ بوون، بە بژاردەیەکی گونجاوتر دەزانێ بۆ بەرەنگار بوونەوەی شۆڕش، و لە ئێستادا بە گشت ئاڵۆزیەکانیەوە خەریکە کاری لەسەر دەکات.