کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەئێعدام و تیرۆر بەر بە ماراتۆنی شۆڕشی ژینائەمینی ناگیرێ

لە سەرەتای دەستپێکی چوارەم مانگی شۆڕشیژن، ژیان، ئازادیداین، کە ناوی ژینا ئەمینی بوو بە ڕەمزی بەرپا بوونی. حکومەتی ئیسلامی هەرچیەکی لە توانایدا بوو بۆ ڕاگرتن و شکست پێ هێنانی ئەم ماراتۆنە شۆڕشگێڕانەیە کردی و ناکام مایەوە. ئێعدام، قەتڵی خیابانی و تیرۆر تەنیا شگرد و بژاردەی حکومەتە بۆ بەرەنگار بوونەوەی خەڵکی ڕاپەڕیو. بەڵام لە بارودۆخێکدا کە کوشتنە بە ئاشکرا حکومەتیەکان هەزینەیەکی زۆری هەیە بۆیان، هاوکاتیش دەستیان داوەتە شێوازێکی داماوانە تر. ڕفاندنی ناڕازیان و زیندانی کردنیان لە زیندانە شاراوەکان و کوشتنیان لەژێر ئەشکەنجەدا و فڕێدانی پەیکەرەکانیان بۆ نێو دەریاچە و ڕوبارەکان، بۆنێو دەشت و قەراغ جادەکان. کۆماری ئیسلامی سیاسەتی جەنایەتکارانەی ڕفاندن، تیرۆر و کوشتنی لە دەیەکانی ڕابردوشدا لە بەرانبەر نووسەران، هونەرمەندان و ژمارەیەک لە نەیارانی سیاسی دا گرتبوەبەر. لە ڕاستیدا ئەمە هەمان سیاسەتی ڕیسوا بووی قەتڵە زنجیرەییەکانە کە ڕژیم بە شاراوەیی بەڕێوەی ئەبرد و حاشای لێدەکرد.

بەڵام تیرۆر، کوشتنە حکومەتیەکان لەسەر شەقام و ئێعدام کردن لەنێو زیندانەکاندا، ماراتۆنی ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەی خاو نەکردۆتەوە و ناشتوانێ ڕایبگرێت. بە قەتڵی حکومەتی ژینا ئەمینی قین و تورەیی کەڵەکە بوو لەژێر پێستی شار و کۆمەڵدا سەری هەڵدا. بەڵام لەم ماوە کورتەدا شاهیدی بەرپا بوونی شۆڕشێکی بەهێزی سیاسین کە هاوکات گەلێک لە پێوەندیە کۆن و پەڕتوکاوی کۆمەڵایەتیشی کردۆتە ئامانج. ئامادە بوونی بەرینی ژنان کە بۆیەکم جارە لە مێژوی ئێراندا لە لایەن پیاوانی بەرابەری خوازیشەوە پشتیوانی دەکرێت، لە ئاستی ناوچەکە و دنیادا بێ وێنەیە.

شۆڕشی ١٣٥٧ کە لەلایەن جەریانی مەزهەبیەوە دەستی بەسەردا گیرا و حکومەتی مەزهەبی شیعەی هێنایە سەرکار، لەسەر خوێن، شەڕ، تازیەباری، سینەزەنی، مردن و شەهادەت، بێگانە هەراسی و نەفرەت لە هەرشتێکی مۆدێڕن، ئەمڕۆیی و زانستی بوو، دامەزرا. شۆڕشی ژینا ڕاست بە پێچەوانە و بۆ سڕینەوەی هەموو دزێویە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی سەرچاوە گرتوو لە بە دەسەڵات گەیشتنی حکومەتی مەزهەبی بەرپا بووە.

لە شۆڕشی ژینادا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕەنگدانەوەی خواست و ئاواتەکانی زۆربەی خەڵکی ئێرانە. ئەو چەمکانەی کە ڕاست دژ و پێچەوانەن لەگەڵ فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی دامەزراو لەسەر نایەکسانی ژن و پیاو.

لە شۆڕشی ژینادا تەنیا پەڕاوێز خستن، لاواز کردن و سەرئەنجام شکاندنی شکۆ و دەسەڵاتی مەزهەبی ئامانج نییە بەڵکو تێکشاندن و سڕینەوەی پیرۆزیە لە هەرشتێک کە بۆتە سیمبول و هێمای پایەداری و بەهێز بوونی مەزهەب.

شتێک کە هیوا بە سەرکەوتنی شۆڕش لە دڵدا دەبووژێنێتەوە، بەردەوامی حوزوری ژنان و لاوان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، خوێندکاران و قوتابیان، هونەرمەندان و وەرزشکاران، فەرهەنگیان و خانەنشینان، و بەکورتی بەشێکی بەرین لە دانیشتوانی کۆمەڵگایە لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردودا. ئاستی جەماوەری بوونی ئەم بزوتنەوەیە بەتایبەت لە کوردستان و بەلوچستان بێ وێنەیە. ئێستا ئەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە گەورەیە بەرەو ئەوە دەچێت تا جەماوەری بەرینی کرێکاران لە ناوەندە گەورەکانی بەرهەمهێناندا لەخۆ بگرێت و ئەم ڕاستیەش زەنگی مەرگی ڕژیمی لێداوە.

  ماراتۆنی بزوتنەوەی جەماوەری بۆ ئاڵوگۆڕی جیدی و قوڵی کومەڵایەتی و سیاسی، و دەستەبەر کردنی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی بە ئێعدام و تیرۆر ڕاناوەستێت. شۆڕشی ژینا بەرەو ئەوە دەچێت کە نەک تەنیا ئێران، بەڵکو ناوچەکەش بۆ حکومەتە مەزهەبی و ئیستبدادیەکان بەرتەسک و نائەمن بکات. بە دەسەڵات گەیشتنی ڕژیمی ئیسلامی لە ئێران بوو بەهۆی پێكهاتنی تالیبان، داعش، حیزبۆاللە و باقی ڕەوتە کۆنەپەرستە مەزهەبیەکانی شیعە و سوننی لە ناوچەکەدا. ئەم شۆڕشە ڕاست بە پێچەوانەی ئەو، ناوچەکەی بۆ ڕەوتە کۆنەپەرستە مەزهەبیەکان نائەمن کردوە و موژدەدەری ئاڵوگۆڕی قوڵی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و سیاسییە لە داهاتودا.

بابەتی پەیوەندیدار

 سیاسه‌تی  داسەپاوەی هه‌ژاری ڕژیم پێویستە  تێك بشكێندرێت!

-

  دیفاع لە ژینگە داکۆکی لە مافە سەرەتاییەکانی ئینسانە

-

فەرهەنگ لۆغەتی ئاوەژوو لە زمانی ئاخوندیدا

-

  ڕژیمی ئیسلامی و سەرکوت بە بیانوی ڕەچاو نەکردنی رۆژوی ئیجباری

-

  نان و ئازادی دەبێ لە گرەوگانی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکرێت!

-

نوێچارەیەکینییەبێجگەلەوەیجێگایکۆنەبگرێتەوە

-