ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی ئێران و خەبات و ناڕەزایەتی بەرینی جەماوەر لەدژی حکومەتی ئیسلامی سەرجەم ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی لە عەلی خامنەییەوە تا ئەشکەنجەگەران و بازجوەکانی زیندانی توشی سەرلێشێواوی، ڕاچڵەکین و بێتوانایی لە هەست کردن و دەرکی قوڵی قین و نەفرەتی خەڵک لە ڕژیم ئیسلامی کردوە.
عیزەت اللە زەرغامی، وەزیری میراسی فەرهەنگی و یەکێک لە فەرماندەکانی سپا و بەرپرسی پێشوی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی وتی کە بازجوی سەرەکی گیراوەکانی دەیەی هەشتا پێی وتم، من تەمەنێک بازجوییم لە کەسایەتیە گەورە سیاسیەکان کرد بەڵام ئەم چەند رۆژە دژوار ترین دەورەی بازجووی من بوو، لەبەر ئەوەی نە من دەزانم ئەوان چی دەڵێن و نە ئەوان لەمن حاڵی دەبن.
لە لایەکی دیکەوە ئەندامێکیمەجمەعی تەشخیسی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەڵێ:” هاسان گرتنی بە ڕواڵەتی و زاهیری هێندێک لە دەوڵەتەکانی پێشوو بۆتە هۆی تەربیەت و پەروەردە بوونی نەوەیەک کە بە هیچ شێوەیەک نایەنە سەر ڕێگای ڕاست.” ئەو باسی لە پشکنینی بیروبۆچوونی نزیکەی هەزار کەس لە گیراوەکانی ئەم دواییە کرد وتی:” تێگەیشتین کە هیچ نزیکایەتیەکیانلەگەڵ فەرهەنگی دینی و میللی ئێمەدا نیە و تەنانەت هیچ زانیاریەکیان سەبارت بە بنەما سەرکیەکانی وەک نوێژیش دا نییە.”
ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکان بە ڕێبەری و بەشداری بەرچاوی ژنان و پیاوانی لاو حکومەتی کۆماری ئیسلامی وەها توشی سەرلێشێوای کردوە کە ناتوانێ هیچ نوسخەیەکی عەمەلیاتی بۆ تێپەڕ بوون لە ناڕەزایەتیەکان بدۆزێتەوە. ڕەسول سەنایی ڕاد، جێگری سیاسی دەفتەری عەقیدەتی سیاسی نیزامی عەلی خامنەیی لە پێوەند لەگەڵ ناڕەزایەتیە سەرتاسەریەکانی خەڵکی ئێران دوای کوژرانی ناجوامێرانەی بەدەسەتبەسەر کراوی ژینا و هەوڵدان بۆ گۆڕینی حکومەت کە بەرەو ڕووی سەرکوت بۆوە، وتی:” نیزام لەدەست نەچووە بەڵام ئێمە گورزی قورسمان بەرکەوتوە.”
سەرجەم ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە سەبارەت بە خەبات و تێکۆشانی پەنجا و چەندرۆژەیئەم دواییەی خەڵک لە کوردستانەوە تا سیستان و بەلوچستان، لە مازندەرانەوە تا تاران و لە هەرچوار کۆشەی ئیران دەرخەری بارودۆخێکی تازە و پاشکشە و بێتوانایی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمە. ژنان بەکردەوە لە مەدرەسە و زانکۆکان، لە سەرشەقام و شوێنە گشتیەکان حیجابی زۆرەملییان تێکشکاندوە.
ئێستا کە فڕێدانی مێزەری ئاخەندەکان کەم لەم دواییەدا دەستی پێکردوە، تەنانەت موقتەدا سەدر ڕێبەری شیعەکانی عێڕاقیشی نیگەران کردوە کە نەکا ئەم بزوتنەوەیە عێڕاقیش بگرێتەوە. لە ئێستادا هیچ ئاخوندێک بە عەبا و عەمامەوە ناتوانێ بێ ترس لە خرانە خوارەوەی عەمامەکەی و فڕێدرانە نێو سەتڵی زبڵەوە لە شوێنە گشتیەکان دەرکەوێ. ئەم بزوتنەوەیە بەرەو ئەوە دەچێت تا ئەم توێژە لە پێگەیەکی باڵای کە دەستەبەریان کردوە بکێشێتە خوارێ و بیانکاتەوە بە شارۆمەندێکی ئاسایی. خەڵک لە کەمتر لە دوو مانگدا سوڵتەی حکومەتی ئیسلامیان بەرەو ڕووی هەڕەشەی لێک هەڵوەشانی سەرجەم نیزامی ئیسلامی کردۆتەوە و ئاخونەکان و بە کرێگیراوانی ڕژیم، و ئەو شوێنە حکومەتیانەی کە بەشدارن لە سەرکوت کردنی خەڵکدا بەرەو ڕووی نائەمنی بوونەتەوە. ترس و وەحشەتی خەڵک لە ڕژیم تێکشکاوە. بوێری پەرەی سەندوە، لە ڕاستیدا حکومەت و هێزە سەرکوتگەرەکان توشی ترس و نا ئەمنی بوونەتەوە.
ئەم بزوتنەوەیە بە تەمای سازان و پاشکشە نییە و رۆژ لەگەڵ رۆژ باڵغ و باڵغتر دەبێت. لەم رۆژ و مانگانەی داهاتودا شاهیدی ئەوە دەبین کە بزوتنەوەی ڕوخاندن و بەرئەندازی لە ناوەندە گرنگ و کلیدەیەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری، لە ناوەندەکانی کار و ژیان، لە ئیدارە و ناوەندە دەوڵەتیەکان پەرەدەستێنێ. یەکگرتوتر بوون و جەماوەری تر بوونەوەی زیاتری ناڕيزایەتیەکان و خەباتی خەڵک دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی و نائەمنی زیاتری حکومەت و بەکرێگیراوانی. ڕوخانی حکومەتی ئیسلامی و جێگرتنەوەی بە نیزامێک کە: تێیدا ستەم و هەڵاواردن و نایەکسانی نەبێت، ئازادی بێ شەرت مەرجی سیاسی ئاسایی بێت، هەموان وەک یەک لە کە ئیمکاناتێکی لەبەردەست دایە بەهرەمەند بن، ڕێگای گەشەی ئابووری و قەرەبووی دواکەوتوییەکان خۆش بکرێت و کۆمەڵگا بەرەو یەکسانی و ڕیفاه هیدایەت بکات.