کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێ ئیعتینایی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە سەفەری کاربەدەستانی ڕژیم

رۆژی دوشەممە ٤ی مانگی جۆزەردان ، “ئیسحاق جهانگیری” جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران چوو بۆ شاری سنە. لە جەریانی ئەم سەفەرەدا، وەزیری سەنعەت، مەعدەن و بازرگانی، نیرو، جیهادی کەشاوەزی و جێگری زانستی و تێکنولۆژی سەرۆک کۆمار، لەگەڵ جهانگیریدا بوون. سەفەری جهانگیری، ٦ رۆژ دوای سەفەری لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی رژیم و محەممەد ڕەزا نەقدی، سەرۆکی سازمانی بەسیج بەڕێوەدەچێت. چەند مانگ لەوەپێش واتە، لە رێکەوتی ٢٤ی مانگی سەرماوەزی ٩٣ “حەسەن قازی زادە” وەزیری بێهداشت و دەرمان و مانگێک بەرلەویش لە ٢١ی خەزەڵوەردا، وەزیری سەنعەت، مەعدەن و تیجاره‌تی کۆماری ئیسلامی هاتبوون بۆ کوردستان. لە جەریانی سەفەری جهانگیریدا راگەیەندرا کە، قەرارە لە داهاتویەکی نزیکدا رۆحانیش بێت بۆ کردستان.جهانگیری لەگەڵ گەیشتنی بە فرودگای سنە سەبارەت بە ئامانجی سەفەرەکەی بۆ کوردستان ئاوای وت: “ئامانجی سەرەکیم لەم سەفەرە بۆ کوردستان عەرزی ئیرادەتە بە خەڵکی کوردستان کە لە ماوەی مێژوی شۆڕشی ئیسلامیدا شانازی خولقێن بوون. خەڵکی ئۆستانی کوردستان بە ئازایەتی زۆرەوە دیفاعیان لە سنورەکانی شۆڕشی ئیسلامی کردوە و بەم هۆیەوە سرنجدان به‌ کێشە و گرفتەکانیان، یەکێک لە بەرنامە سەرەکیەکانی دەوڵەتی تەدبیر و ئومیدە”جێگری یەکەمی حەسەن رۆحانی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بە خەڵکی کوردستان نیسبەت ئەدات و لەبەر ئەم تایبەتەمەندیانەش تەحسینیان ئەکات کە خەڵکی کوردستان ئەوانە بە تەوهین و سوکایەتی بە خۆیان دەزانن. ئەم جۆرە تایبەتمەندیە خاڵی بەرانبەری خەباتێکە کە لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردودا خەڵکی کوردستان بە هەزاران قوربانیان لە پێناویدا داوە.جهانگیری لە حاڵێکدا ریاکارانە باس لە عەرزی ئیرادەت بە خەڵکی کوردستان دەکات، کە دەوڵەتەکەی رۆژ نییە ژمارەیەک لە باشترین رۆڵەکانیان نەخاتە زیندان و ئەشکەنجەیان نەدات. ئیرادەتی ئەو و دەوڵەتەکەی بۆ خەڵکی کوردستان دەربڕینی دۆستایەتی لە قسەدا و دژمنایەتییە لە کرداردا. روانگەی جهانگیری و باقی سەرانی ئەم نیزامە بۆ خەڵکی کوردستان ستەمگەرانە و کرداریشیان دوژمنانەیە. ئاماری بێکاری لەنێو دانیشتوانی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە هەموو ئۆستانەکانی دیکە زیاترە. ئاماری ئیعتیادی لاوان لە کوردستان لە هەموو ناوچەیەکی تری ئێران زیاترە. یەک سێهه‌می جەمعیەتی ناوچە کوردنشینەکانی وڵات نەخوێندەوارن.

442

انگێک لەوەپێش، یانی لە رۆژی ٣ی مانگی گوڵانی ئەمساڵدا “بایەزید مەردوخی” راوێژکاری ئابووری ئۆستانداری کوردستان، لە کۆبونەوەی هاوئەندیشی نوخبەگانی زانستی، سیاسی و دانشگاهیدا وتی: “کاتێک کە لە وڵاتدا ١٨ ئۆستانمان هەبوو، کوردستان لەباری شاخسەکانی گەشە کردنەوە خاوەنی پله‌ی ١٧ یان ١٨ بوو. لە ئێستاشدا لە پلەکانی ئاخری وڵاتدایە. ئەو لە درێژەدا دەڵێ: بەپێی توێژینەوە مەیدانیەکان لە ماوەی ١٠ ساڵدا لە ئۆستانی کوردستان ٥٨ هەزار کەس هێزی ئینسانی کۆچیان کردوە کە ئەمەش دەکاتە کۆچی ساڵانەی ٦ هەزار کەس. کۆچی هێزی کاری خوێندەواری ئۆستان بەرەو دەرەوەی کوردستان گەلێک جێی نیگەرانیە و رەوتی گەشە کردنی ئۆستان لاوازتر دەکات و دەبێ سرنج بدرێتە ئەم بابەتە گرنگە کە رێژەی گەشەی جەمعیەتی کوردستان لە ١٠ ساڵ لەوەپێشدا ٢،٢٦ بووە و لە ئێستادا بۆ ٦٨/٠ دابەزیوە”.جهانگیری و باقی سەرانی رژیم لە حاڵێکدا دەچن بۆ کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا کە کەش و هەوای زاڵ بەسەر کوردستاندا بەتوندی ئەمنیەتییە و هێزەکانی سپای پاسداران و ئەڕتەش هێڵە سنورییەکانیان لەگەڵ کوردستانی عێراق بەشێوەیەکی بەرین میلیتاریزە کردووه‌ و رۆژانە سینگی ژمارەیەک لە لاوانی کوردستان کە خەریکی پیشەی مەرگ ئافەرینی کۆڵبەرین، لە رێگا کوێستانی و پڕ لە مین و بەفرەکانی سنوری ئێران و عێراقدا دەکرێتە نیشانەی گوللەی پاسدارانی سەرمایە و پارێزەری ئەمنیەت و بەرژەوەندی سەرانی کۆماری ئیسلامی.لەمساڵدا گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی مەجلیس لەڕێدایە و یەکێک لە ئامانجی سەفەرە پڕ هەرا و هوریاکانی کاربەدەستانی رژیم بۆ ئەم ناوچەیە لە ئێستاوە زەمینە سازییە بۆ راوکردنی دەنگی خەڵکی کوردستان. ەبدوالحەمید زاهدی ئۆستانداری ئۆستانی کوردستان لە کۆبونەوەی شورای ئیداری ئۆستاندا دەڵێ: “ئەمساڵ هەڵبژاردنی مەجلیسمان لەپێشە، لەبەر ئەوە پێویستە سەرجەم جەریانە سیاسیەکانی نێوخۆی نیزام لە ئۆستاندا چالاک ببنەوە و ئەم بابەتە گرینگە لەبەرچاو بگرن و کاریشم بەوە نییە کە خەڵک دەنگ بە نوێنەری کام جەریان ئەدەن، مەسەلە بەشداری بەرینی خەڵکە”. تا ئەو جێگایەی کە دەگەرێتەوە بۆ کەش و هەوای سیاسی کوردستان بۆ سەرانی کۆماری ئیسلامی گرنگ نییە کە خەڵک دەنگ بە کام لە باڵەکان ئەدەن گرنگ ئەوەیە کە بتوانن ئەم خەڵکە بکێشنە پای سندوقەکانی دەنگدان و لەو گۆپاڵێک لەدژی ئەو جەماوەرە بەرینەی کە گاڵتەجاڕی هەڵبژارد تەحریم دەکەن، دروست بکرێت.کۆماری ئیسلامی سەبەبکاری هەموو ئەو موسیبەتانەیە کە لەمرۆدا داوێنگیری خەڵکی کوردستان بەگشتی و دوو نەسڵ لە لاوانی کوردستان بە تایبەتییە. ئەم رژیمە هۆکاری رەاج گرتن و پەرەسەندنی مادەی هۆشبەر، لەشفرۆشی ژنان، زیاد بوونی منداڵانی خیابانی و گەلێک لە خەسارە کۆمەڵایەتیەکانە. مێژووی مەسرەفی ئەم یاریانە کۆتایی پێهاتووە. لە هەواڵەکانی دوێنێدا هاتبوو کە سەرەڕای ئامادەکاریەکی زۆر کە لەلایەن ناوەندەکانی رژیمەوە بۆ سەفەری “ئیسحاق جهانگیری” جێگری یەکەمی رۆحانی بۆ شاری سنە کرابوو، لە کاتی بازدید لە شه‌هره‌كه‌ سەنعەتیەکانی ئەم شارە حزوری ئەم کاربەدەستەی رژیم بەرەوروی بێ ئیعتینایی کرێکاران بۆوە. راستیەکەی ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان کۆماری ئیسلامی بە دوژمنی خۆیان دەزانن و کۆماری ئیسلامیش خەڵکی کوردستان لە باشترین حاڵەتدا بە پشتی جەبهەی دوژمنەکانی. کەوایە چارەسەر بوونی سەرەتایی ترین کێشە و گرفتەکانی خەڵکی کوردستان لە گرەوی کورت بوونەوەی دەستی ئەم رژیمەدایە لەسەر چارەنووسیان.