کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
هه‌واڵه‌کانوتاری ڕۆژ

بێ ئاكام مانه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌سازی ڕژیم له‌ دژی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و پێشڕه‌وانی بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمان

دوای به‌ دوای ئازادی ئه‌سكه‌نده‌ر لوتفی، وته‌ی بێژی شۆڕای هاوئاهه‌نگی ڕێكخراوه‌ سنفییه‌كانی فه‌رهه‌نگیانی ئێران، له‌ ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٦ی گه‌لاوێژ، هه‌واڵه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌، شه‌عبان موحه‌ممه‌دی و مه‌سعود نیكخاه‌ ئه‌ندامانی هه‌یئه‌ت مودیره‌ی ئه‌نجومه‌نی سنفیی موعه‌لیمانی كوردستان_مه‌ریوانیش، ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٩ی گه‌لاوێژ ئازاد كراون. ئه‌م سێ خه‌باتكاره‌ی بواری كاری سه‌ربه‌خۆ بۆ دابینكردنی مافه‌ پێشێلكراوه‌كانی موعه‌لیمان، له‌ په‌نای هه‌ڵسووڕاوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی تر، به‌كارزانی خۆیان و هه‌روه‌ها ئیلهام وه‌رگرتن له‌ ئه‌و وره‌ی خه‌باتكارانه‌ی ئێستای ناو كۆمه‌ڵگا و بنه‌ماڵه‌كانیان، پیلانه‌ جۆاروجۆره‌كانی بازجووه‌كانیان له‌ زیندانی سنه‌ و ئێڤین به‌ مه‌به‌ستی ناچاركردنیان به‌ وتووێژی زوره‌ ملێی ته‌له‌ویزیۆنیی، پووچه‌ڵ كرده‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه خه‌باتكارانه‌ی موعه‌لیمان كه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ به‌باوه‌شی بنه‌ماڵه‌ و خه‌ڵكی ئازادیخواز شادبوونه‌وه‌، نموونه‌ی ناكام كردنیپڕۆژه‌یه‌كی كۆن و سواوی كۆماری ئیسلامین به‌مه‌به‌ستی گرێدانی هه‌ر جۆره‌ خه‌باتێكی مافخوازانه‌ به‌ دام و ده‌زگا سیخوڕییه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌. خۆڕاگری ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ سه‌ربه‌خۆ خۆشناوانه‌ی كانوونی فه‌رهه‌نگیان له‌ په‌نا باقی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و موعه‌لیمه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كان، ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌م خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی كهئێستا له‌ ئارادایه‌.

خه‌باتی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و ژنان له‌ دژی ڕژیم، له‌ به‌فرانباری ٩٦ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، گه‌یشته‌ لووتكه‌. ئه‌م ئاخێزه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ به‌ خه‌باتی پێشڕه‌وانه‌ و ڕوو له‌ گه‌شه‌ی كرێكارانی فولادی ئه‌هواز، شیركه‌تی نه‌یشه‌كه‌ری حه‌وت ته‌په‌ و كرێكارانی پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌كان و به‌رین بوونه‌وه‌ی خه‌باته‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌ دژی بێ ئاویی، پیسبوونی ژینگه‌ و خۆڕاگری ژنانی ئازادیخواز له‌ دژی حیجابی زۆره‌ ملێ، پێی نایه‌ قۆناغێكی نوێوه‌. به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی كه‌ له‌ داویی قه‌یرانی چاره‌ هه‌ڵنه‌گه‌ری ئابووری، قه‌یرانی مه‌شروعیه‌ت، جێگیربوونی گه‌نده‌ڵی، ناكۆكیی و پرش و بڵاوی ناوخۆیی و بێتوانایی له‌ ئاست وڵامدانه‌وه‌ به‌ هه‌ر چه‌شنه‌ داخوازییه‌كی ئاسایی خه‌ڵكدا گرفتارن، ده‌ستیاندایه‌ هه‌وڵێكی بێ هیوا و بێ سه‌مه‌ر. ئه‌وان له‌ ئۆمێدی پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، له‌ په‌نای هه‌وڵه‌ ته‌بلیغاتییه‌ بێ بنه‌ماكان له‌ ڕێگای ده‌نگ و ڕه‌نگ و باقی ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌ به‌كرێگیراواكانه‌وه‌، په‌نایان برده‌ به‌ر‌ ئۆرگانه‌ ئیتلاعاتی و سه‌ركووتگه‌ره‌كانیش. یه‌ك له‌و هه‌وڵانه‌ بریتی بوو له‌ په‌نابردنه‌ به‌ر په‌روه‌نده‌ سازییه‌كی درۆ و بێ بنه‌ما.

وه‌زاره‌تی ئیتلاعات به‌پێی پلانێكی له‌پێشدا داڕژا و به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان خاتووسیسێل كۆهلێر و هاوسه‌ره‌كه‌ی ژاك پاری، دوو هه‌ڵسووڕاوی سه‌ندیكایی ناسراو و خۆشناوی موعه‌لیمانی فه‌رانسه‌ و لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و موعه‌لیمانی ئێرانیان، له‌ مانگی گوڵانی ١٤٠١دا هێنایه‌ ئێران. مه‌ئموره‌ به‌دناوه‌كانی ئیمامی زه‌مان هه‌موو ئاسانكارییه‌كی پێویستیان بۆ سه‌فه‌ره‌كه‌یان كردبوو و ته‌نانه‌ت هوتێل و ژووری دیاریكراویان پێشتر بۆ دابین كردبوون و ڕێگه‌یان خۆشكرد بۆ ئه‌وه‌یكه‌ بتوانن له‌گه‌ڵ هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكاری و موعه‌لیمه‌ ناسراو و خاوه‌ن جێگه‌ و پێگه‌كان، له‌ ئێران دیدار بكه‌ن. ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌كی پیلانگێڕانه‌ له‌ هه‌موو سه‌فه‌ر و چاوپێكه‌وتنه‌كانیان فیلم و وێنه‌یان هه‌ڵگرتبوو و كاتی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ ئێران له‌ فرۆكه‌خانه‌ ده‌ستبه‌سه‌ریان كردن. ئه‌م فریوكارانه‌ دواتر له‌ ده‌نگ و ڕه‌نگ و ڕاگه‌یه‌نه‌ره‌ به‌كرێگیراوه‌كانیانه‌وه‌، به‌ بێ ئه‌وه‌یكه‌ هیچ تۆمه‌تێك له‌ دژیان پشتڕاست كرابێته‌وه‌، وه‌ك سیخوڕ ناویان بردن كه‌ گۆیا به‌ ڕۆژی ڕووناك ویستویانه‌ بزووتنه‌وه‌ی به‌رین و مافخوازانه‌ی كرێكاری و موعه‌لیمان، به‌ دام و ده‌زگا سیخوڕه‌كانی ڕۆژئاواوه‌ گرێ بده‌ن.

ڕژیم دواتر ژوماره‌یه‌ك هه‌ڵسووڕاوی ناسراوی كرێكاریی وه‌ك، ڕه‌زا شه‌هابی، ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت مودیره‌ی سه‌ندیكای كرێكارانی شیركه‌ت واحد، حه‌سه‌نی سه‌عیدی ئه‌ندامی ئه‌و سه‌ندیكایه‌ و هه‌روه‌ها ژوماره‌یه‌ك چالاكی خۆشناویی موعه‌لیمان له‌وانه‌، ڕه‌سوڵ بوداقی، جه‌عفه‌ر ئیبڕاهیمی، موحه‌ممه‌د حه‌بیبی، ناسر موسه‌وی، شه‌عبان موحه‌ممه‌دی، ئه‌سكه‌نده‌ر لوتفی و مه‌سعوود نیكخایان، به‌ بیانووی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌ فه‌رانسه‌وییه‌، ده‌ستبه‌سه‌ر كرد. ئه‌وان دواتر چه‌ند په‌روه‌نده‌ی درووستكراویتریان له‌ دژی چه‌ند هه‌ڵسووڕاوێكی كرێكاریتر له‌وانه‌، ڕێحانه‌ ئه‌نسارینێژاد، ئانیشا ئه‌سه‌دوڵڵاهی و هاوسه‌ره‌كه‌ی كه‌یوان موعته‌دی و هه‌روه‌ها هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و مه‌ده‌نی، به‌ په‌روه‌نده‌ ساخته‌ و درۆێنه‌كان زیاد كرد. په‌روه‌نده‌ سازانی وه‌زاره‌تی ئیتلاعات به‌م كاره‌ قێزه‌ون و ترسۆنه‌كانه‌یان به‌ خه‌یاڵی خاوی خۆیان هه‌وڵیاندا خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئێستای كرێكاران و موعه‌لیمان، وه‌ك پلانگێڕی و حه‌ره‌كه‌تێكی داڵده‌دراو له‌لایه‌ن ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ نیشان بده‌ن. به‌ڵام خۆڕاگری ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ خه‌باتكارانه‌ له‌ زیندان و هه‌وڵی ڕێكخراوه‌ سه‌ربه‌خۆكانی كرێكاران و موعه‌لیمان، ئه‌و پیلانه‌ی به‌ زیانی ڕژیمی ئیسلامی ته‌واو كرد. سه‌ره‌نجام كۆمه‌ڵێك له‌ به‌رپرسانی سه‌ره‌وه‌ی ڕژیم تێگه‌یشتن له‌وه‌یكه‌ ماونه‌وه‌ی زیاتری ئه‌م ڕۆڵه‌ خه‌باتكارانه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌ زیندانه‌كاندا، زیانێكی گه‌وره‌تر به‌ دام و ده‌زگای داڕزیویان ده‌گه‌یه‌نێت و به‌م پێیه‌ ده‌كرێ چاوه‌ڕوانی ئازادی باقی زیندانیه‌ سیاسیه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌م كه‌یسه‌وه‌‌ بین.

زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدامی خه‌باتكاران، شۆڕشگێڕان، دژبه‌ران و هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و مه‌ده‌نی، كه‌ له‌ ڕێگای په‌روه‌نده‌ سازییه‌وه‌ مومكین و تاهه‌نووكه‌ش یه‌كێك بووه‌‌ له‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی مانه‌وه‌ی ڕژیم. ڕژیمی ئیسلامی ته‌نیا له‌ ده‌یه‌ی شه‌ست و به‌ تایبه‌ت له‌ ساڵی ٦٧دا به‌ هه‌زاران شۆڕشگێڕی كۆمۆنیست و دژبه‌ری سیاسی خۆی، هه‌ر به‌م بیانوانه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ و ئێعدام كرد. ئێستا به‌ پشت بستن به‌ خه‌باتی كرێكاران، موعه‌لیمان، خانه‌نشینكراوان، ژنانی ئازادیخواز، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ناڕازیی، ئازادیخوازان و زیندانیانی سیاسی ژن و پیاوی ده‌ستبه‌سه‌ركراو، ئه‌م پیلانانه‌ به‌ دژی خودی ڕژیم هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌. ئازادی ئه‌سكه‌نده‌ر، شه‌عبان و مه‌سعوود كه‌ بێگومان ده‌بێ به‌ ئازادی باقی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌كانی ئه‌م په‌روه‌نده‌یه‌ ته‌كمیل بێت، به‌یانگه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه‌، هاوسه‌نگی هێز له‌ نێوان كۆماری ئیسلامی و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئازادیخوازدا، به‌ زیانی ڕژیم گۆڕدراوه‌.

بابەتی پەیوەندیدار

كوژران و برینداربوونی ٩ به‌كرێگیراوی ڕژیم له‌ مه‌رگه‌وه‌ڕی ورمێ

komalah

ئاگاداركردنه‌ویه‌ك له‌ نێوخۆی وڵات بۆ لاوانی شۆڕشگێڕی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

komalah

درێژه‌ی هێرشه‌كانی سپای پاسداران بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان

komalah

گیان له‌ده‌ستدانی كۆڵبه‌رێك له‌ سنووری بانه‌

komalah

ده‌ستبه‌سه‌ركرانی 13 كه‌س له‌ شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان

komalah

ده‌ستبه‌سه‌ركرانی ١٢ خوێندكار له‌ مانگرتنی زانكۆكانی ئێران

komalah