کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

 بێ ئابڕوویی لەکۆماری ئیسلامیدا سنورێکی نییە

2500006

  بەپێی ڕاپۆرتی ئیلنا هەواڵنێریی ڕسمی کۆماری ئیسلامی سەرۆکی سازمانی کاروباری کۆمەڵایەتی ئیران وتویەتی کە:” ١١ ملیۆن کەس لە وڵاتدا پەڕاویز نشینن کە بە لەبەرچاو گرتنی هەشت ملیۆن کەس کە لە بافتی پەڕتوکاو و مێژووییدا نیشتەجێن، بە گشتی ١٩ ملیۆن کەس لە ٦٠ ملیۆن کەسی دانیشتوانی شاری، لە ناوچە پەڕاوێز نشین و پێکهاتە کۆنەکاندا دەژین.”

بەهمەن مشکینی، ڕاوێژکاری وەزیری نێوخۆش دانی پێدا ناوە کە:” نزیکەی ٤ ملیۆن گیرۆدەبوو لە ئێراندا بوونیان هەیە کە ئەمە بە واتای دەرگیربوونی ژمارەیەک لە بنەماڵەکان لەگەڵ گرفتی ئیعتیاد و ئاسەوارەکانیەتی.” ئەو هەرەوەها وتویەتی کە جەمعیەتی پەڕاوێزنشین لە ئێراندا خۆیان بەرەهەمهێنەری خەسارە کۆمەڵایەتیەکانن.

ڕوون و ئاشکرایە کە ئەم جۆرە ئامارانە لە زمان سەرانی ڕژیمەوە بە هیچ شێوەیەک ڕاست و جێگای متمانە نین. بەم واتایە کە بۆ شاردنەوەی ئاستی کارەساتەکە، تا ئەو جێگایەی بتوانن کەمترین ئاست لە ڕێژەی ڕاستەقینەی لایەنی نەرێنی نیشان ئەدەن. بەم جۆرە هەم جەمعەیەتی پەڕاوێزنشین و هەم جەمعیەتی دانیشتوی نێو شوێنە کۆن و پەڕتوکاوەکان گەلێک زیاتر لەو ئامارەن. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بەم ڕادەیە لە زانیاریش کە بڵاو دەبێتەوە، ئاستی فەلاکەتێک کە کۆمەڵگای ئێرانی داگرتوە، تا ئاستێک ڕوون دەبێتەوە.

بێ ئابڕوویی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئاست و سنورێکی نییە. تەقریبەن یەک کەس لە هەر ٤ نەفەر لە جەمعیەتی ئێرانی کردۆتە پەڕاوێزنشین و یان لە مەکانی نەگونجاو و کۆندا نیشتەجێن و ئێستا ئەم حاشیە نشینانەی دەستکردی خۆیان بە هۆکاری خەسارە کۆمەڵایەتیەکان ناودەبەن.

ئەگەر هەر ئەو ڕەقەمەی کە ئیدیعای دەکەن ٤ ملیۆن گیرۆدەکەی ئاغای مشکینی لەبەرچاو بگرین و هەر کەسە و خاوەنی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی بێت، ١٦ ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران دەرگیری کێشەی گیرۆد بوونی خۆیان یان ئەندامێکی بنەماڵەکەیانن.

ئامارەکان ڕواڵەتی دزێوی کۆماری ئیسلامی نیشان ئەدەن. ١٨ ملیۆن پەڕاوێز نشین، ٤ ملیۆن گیرۆدە بوو، ٥ ملیۆن کۆچبەری ئیرانی کە لە دەورەی کۆماری ئیسلامیدا وڵاتیان جێهێشتوە. ئەو ١٦ ملیۆن کەسەی کە بەرەوڕووی کێشەی گیرۆدە بوون بوونەتەوە، زیاتر لە ٢٥٠ هەزار زیندانی، زیاتر لە ٥ ملیۆن بێکار، جەمعیەتی ملیۆنی دەستفرۆشان و لە ڕاستیدا بێکاری شاراوە،  چەند سەد هەزار کۆڵبەر و سوختبەر لە کوردستان و بەلوچستان، ئەمانە تەنیا بەشێک لە کارنامەی ڕژیمی ئیسلامین لە ئێران.

بێ ئابڕوویی ڕژیمێک کە وەها بارودۆخێکی فەلاکەتباری بەسەر خەڵکدا سەپاندوە، ڕژیمێک کە لە ئاستی وڵاتدا و بە تایبەت لەو ناوچانەی کە زیاتر دژایەتی حکومەت دەکرێت، بە گازی شیمیایی هێڕش دەکرێتە سەر قوتابخانەی کچانە، منداڵان ئێعدام دەکرێن و دەدرێنەبەر دەستڕێژی گوللە، لەگەڵ هیچ پێوانەیەکدا شیاوی بەراورد کردن و ئەندازەگیری نییە.

لە وەها بارودۆخێکدایە کە ژنان و لاوان و بێبەشانی ئەم کۆمەڵگایە هاتونەتە مەیدان، تا شەڕی ڕژیم لە کۆڵ خەڵکی ئێران بکەنەوە. یەکێتی زیاتری خەڵک، خەباتی سەرتاسەری و لە پەیوەند لەگەڵ یەکتردا، پشتیوانی شار و ئوستانەکان لە یەکتر، هاتنە مەیدانی زیاتری ژنان و پیاوان مەرجی سەرەکی پێویستی پاشەکشە کردن بە حاکمانی گەندەڵ و گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتاییە.

بەردەوام بوونی حکومەتی ئیسلامی هیچ شتێک نابێت بێجگە لە بەردەوام بوونی جەنایەت دژبە منداڵان، پەرەسەندنی ئیعتیاد و باقی خەسارە کۆمەڵایەتیەکان، داسەپاندنی بێ مافی و خەفەقانی زیاتر.

هاتنە مەیدانی بەهێزی کرێکارانی ناوەندەکانی بەرهەمهینان و خزمەتگوزاری، خەباتی یەکگرتوانەی خەڵکی کوردستان و بەلوچستان، بەشداری بەرین تری ژنان و پیاوان لە سەرتاسەری وڵاتدا، تەنیا ڕێگای ڕزگاربوونی واقعی و ڕاستەقینەیە لە چنگ ڕژیمی ئیسلامی.