کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ ڕێزگرتن لە ساڵیادی گیانبەختکردنی فەرزاد کەمانگەر و هاوبەندەکانی

ئەمرۆ یەکشەممە ١٩ ی مانگی گوڵان، هاوکاتە لەگەڵ شەشەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ” فەرزاد کەمانگەر” و هاوبەندەکانی” شیرین عەلەم هولی، فەرهاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان و مێهدی ئیسلامیان”. ڕژیمی ئیسلامی، ئەم خۆشەویستانەی لە بەرەبەیانی رۆژی ١٩ ی مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٨٩ لە زیندانی ئوین ئێعدام کرد. ئێعدام کردنی جەنایەتکارانەی ئەم ئازیزانە لە بارودۆخێکدا روویدا کە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە ئاستی ئێران و دنیادا لەدژی دەرکرانی حوکمی ئێعدام بۆیان کەوتبوە ڕێ. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی وڵامی ئەم ناڕەزایەتیانەی نەدایەوە، بەڵام لە هەمان رۆژی ئێعدام کردنیاندا لەبەر کاردانەوەی خەڵک کەوتە ترس و وەحشەتەوە و تەرمەکانیانی تا ئێستاش ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردۆتەوە.

چوار رۆژ پاش ئێعدامی ئەم تێکۆشەرانه بوو کە مانگرتنی گشتی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتی بە ئێعدام کرانی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێکانی ڕێکخرا. ڕژیم پێی وابوو کە ئێعدام کردنی ٥ تێکۆشەری سیاسی زیاتر پەرە بە فەزای ترس و وەحشەت ئەدات و خەڵکی کوردستان چاوترسێن و بێدەنگ دەکات. بەڵام مانگرتنی گشتی رۆژی ٢٣ ی گوڵان وڵامی خەڵکی کوردستان بەم گومانە ساویلکانەی سەرانی کۆماری ئیسلامی بوو. لە ناڕەزایەتی بەم ئێعدامە جەنایەتکارانەیە، کوردستان یەکپارچە داخرا و کەس نەچووە سەرکاری رۆژانەی. کرێکارانی کارگا و ناوەندە خزمەت گوزاریەکان و بەرهەمهێنان مانیان گرت، بازاڕیەکان دوکانەکانیان نەکردەوە، کارمەندانی ئیدارە دەوڵەتیەکان و کەرتی تایبەت لە چوون بۆ ئیدارەکان خۆیان پاراست، دانش ئاموزان و خوێندکاران، موعەلیمان و مامۆستایان، کلاسەکانی دەرسیان داخست، بەم جۆرە هاوپشتیەکی گشتی لە ناڕەزایەتی بە جەنایەتی کوشتاری زیندانیانی سیاسی بەندکراو شکڵی گرت. ئەم حەرەکەتە گشتیە نیشانیدا کە ئێعدام کردنی فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێکانی نەک تەنیا خەڵکی کوردستانی چاوترسێن نەکرد، بەڵکو ئیرادەی گشتی ئەوانی بۆ خەبات لەدژی ئەم ڕژیمە و خۆراگری لەبەرانبەر سیاسەتە سەرکوتگەرانەکانیدا پتەوتر کردوە. 426
فەرزاد کەمانگەر ساڵی ١٣٥٥ لە کامیاران لە دایک بوو. دوای وەگرتنی مەدرەکی دیپلۆم بۆ ماوەی چوار ساڵ خەریکی کاری مامۆستایی لە دێهاتەکانی کامیاران بوو. دواتر لە ڕشتەی ڕەوانشناسیدا لە زانکۆی ” پەیامی نوور” ی سنە دەستی بە خوێندن کرد و دوای کۆتاییهاتنی خوێندنەکەی گەڕایەوە بۆ کامیاران و ئاموزش و فێرکردنی منداڵان کە ئەویندارانە هۆگری بوو، دەست پێکردەوە. فەرزاد لە مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٨٩ لە سەفەرێکدا بۆ تاران لە لایەن کەسانی سەربە ڕژیمەوە گیرا و تا کاتی گیانبەخت کردنی بەردەوام لەژێر ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دروونیدا بوو وە لە گشت قۆناغەکانی بازجویی و ئەشکەنجە کردنیدا نمونەی قارەمانێکی خۆراگر بوو. نامە و نووسراوەکانی لە زینداندا کە دەرخەری رۆحیەی لێوانلێو لە هیوا و ئومێدی بوون، یەکێک لە دەستەکەوتە نەمر و بەنرخەکانی ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانەن. ئەو بەو ئەندازەیەی کە دڵی لە گرەوی منداڵانی بێبەشی دێهاتە دواکەوتو ڕاگیراوەکانی کوردستاندا بوو، بەو ڕادەیەش بیری لە منداڵانی پێ پەتیی قەراخ شارەکانی ئێران و منداڵانی خیابانی وڵاتانی بریزیل و هێند و کچانی کەم تەمەنی قوربانی دەستی باندەکانی بازرگانی سێکس لە ئیمارات و تایلەند و فیلیپینیش دەکرەوە. فەرزاد لە کوردستان لە دایک بوو وە هەموو وجودیشی بۆ بێبەش ترین منداڵانی کوردستان تەرخان کردبوو، بەڵام لەڕێگای ئەندیشەی بەرز و ئاواتە گەورەکانیەوە بیری لە هەموو ئەو شتانەی کە پێیدەڵێن ستەم و چەوسانەوە و لە هەر گۆشەیەکی ئەم دنیادا بێت دەکردەوە.

” فەرهاد وەکیلی”، لەدایک بووی سنە باوکی ٣ منداڵ و جێگری پێشوی ئیدارەی جیهادی کەشاوەرزی لەم شارە بوو. ئەو لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٨٦ گیرا و چندین مانگ لە زیندانەکانی سنە، کرماشان و تاران لەژیر ئەشکەنجەدا بوو. فەرهاد وەکیلی لە نامەیەکدا کە لە زیندانەوە نووسی بووی، دەڵێ لە بێدادگایەکی ١٠ خولەکیدا بە ئێعدام مەحکوم کرام، بەڵام ئەگەر رۆژێ دە جار ئێعدام بکرێم و دیسان زیندوو ببمەوە سەرلەنوێ هاوار دەکەم ئازادی.

” عەلی حەیدەریان” لە دایک بووی شاری سنە بوو. هاوکات لەگەڵ فەرهاد وەکیلی گیرا و کەوتە بەر توندترین ئەشکەنجەوە و ئەویش لە بێدادگایەکی ١٠ خولەکیدا لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٦ بە تاوانی ئەندام بوون لە “پارتی کرێکارانی کوردستان “دا بە ئێعدام مەحکوم کرا. ” شیرین عەلەم هولی ئاتەشگا”، لە دایک بووی ١٣ ی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ لە ئاوایی ” دیم قشلاق” ی شاری ماکۆ بوو. شیرین لە ساڵی ١٣٨٧ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و پاش ٢١ رۆژ گواستیانەوە بۆ ئەشکەنجەگایەک لە تاران. ئەو دوای تێپەڕکردنی ساڵیک و ٩ مانگ لە زیندانی “ئوین” رۆژی ٨ ی مانگی سەرماوەز بەتاوانی ئەندام بوون لە ڕیکخراوی “پژاک” دا بە ئێعدام مەحکوم کرا.

” مێهدی ئیسلامیان” خەڵکی شیراز بوو. ئەو لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٨٧ گیرا. سەبارەت بە تاوانێک کە لە بنەڕەتدا ئاڕاستەی برا گیانبەختکردوەکەی ” موحسین ئیسلامیان” بوو، کەوتە بەر نەفرەتی قازی و لە بێدادگایەکی کۆماری ئیسلامیدا حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا.

یاد و بیرەوەری فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێکانی کە بوێرانە و قارەمانانە لە بەرانبەر دوژمنێکی هار و وەحشیدا خۆراگریان کرد و گیانیان لەپێناو ئەم خۆراگریەدا بەخت کرد، ڕیز لێدەگرین و سلاو دەنێرین بۆ خەڵکی قەدرشناسی کوردستان کە بە مانگرتنی یەکپارچە و شکۆداریان لە ناڕەزایەتی بەم جەنایەتەی کۆماری ئیسلامی، یادی ئازیزی گیانبەختکردوانی خۆیان بەرز نرخاند.

 

بابەتی پەیوەندیدار

درووستكردنی سناریۆی نه‌زانانه‌ دژ به‌ چالاكانی مەدەنی سیاسه‌تێكی شكست خواردووه‌

komalah

زیانپێگەیشتوانی شەڕی  کۆنەپەرستانە لە ئوکراین چ کەسانێکن؟

komalah

منداڵان ئاسیب پەزیرترین توێژ له کۆمەڵگای ئێران

komalah

نەشتەرگەری ئابووری، ئاگری ڕق و تووڕەیی خەڵک بڵێسەدارتر دەگات

komalah

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah