کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
راگه‌یاندنه‌كان

بۆ پشتگیری لە بانگەوازی هەفتەی کەمپەینی جیهانی دژ بە لەسێدارەدان لە ئێران

download 35

بەناوی ژن، ژیان، ئازادی

ماشێنی کوشتاری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خیراتر بووە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جینایەتکارانی ڕژیم بە شێوەیەکی بێباکانە و بەبێ گرنگیدان بە کاردانەوەی بیروڕای گشتی، تۆمەتباران لە زیندانەکاندا لەسێدارە دەدەن و هاوکات زەخت و گوشارەکانیان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی لە ناو زیندانەکاندا پەرەپێداوە. بەڵام هەروەک زۆر جاریش شایەتی ئەوە بووین، پەرەسەندنی گوشارەکان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە، نەک لە هێز و دەسەڵاتی ڕژیم، بەڵکوو لە ڕووی داماویی و ترس لە گەشەکردن و پەرەسەندنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم هەوڵە دزێو و ترسنۆکانەی ڕژیم بۆ کوشتاری زیندانیان، سەرکەوتوو نابێت و کرێکارانی ناڕازی و کۆمەڵانی خەڵکی مافخواز و چەوساوە و ستەمدیتوو، بەم هەوڵانە چاوترسێن نابن. پەرەسەندنی خەبات و خۆڕاگری ژنانی ئازادیخواز لە دژی حیجابی ئیجباری و خەباتی کرێکاران و خانەنشینان لە چەند مانگی ڕابردوودا، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە. بێگومان ئەگەریش سەرکوت لە قۆناغێکدا بتوانێت هەنگاوێک پاشەکشە بە خەڵک بکات، بەڵام زەمینە بابەتییەکانی هەڵچوونی ڕق و توڕەیی جەماوەر پەرەپێدەدات و سەرەنجام ئاگری خەبات و ناڕەزایەتییە جەماوەریی و مافخوازانەکان بڵێسە دەستێنێ و بە تێکڕوخاندی بینای کۆشکی ستەم و زۆرداری کۆماری ئیسلامی، زەمینە بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانی پشتبەستوو بە هێزی ڕێکخراو و یەکگرتووی جەماوەری کرێکاری و زەحمەتکێش و چەوساوە، خۆش دەکات.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پشتیوانی لە بانگەوازی کەمپەینی هەفتەی دژ بە لەسێدارەدان لە مەودای ١٣ تا ٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٤ بەرامبەر لەگەڵ (٢٣ تا ٢٩ی بەفرانباری ١٤٠٢)، بە نۆرەی خۆی داوا لە سەرجەم حیزب و ڕێکخراو و تێکۆشەرانی خەباتکار و دژبەری ڕژیم دەکات کە بەم حەرەکەتەوە پەیوەست بن و هەرچی زیاتر بەهێزی بکەن. داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و سەرتاسەری وڵات، هەموو ڕێکخراوە مەدەنی و جەماوەرییەکان، سەرجەم هەڵسووڕاوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بنەماڵە دادخوازەکان، خوێندکاران و ژنان، کرێکاران و مامۆستایان دەکەین بۆ ڕزگارکردنی ئەو جگەرگۆشانەی کە لە پێناو ئامانجی هاوبەش و دادپەروەرانەی هەمووماندا هاتنە مەیدان و ئێستا لە زیندان و لە ژێر ئەشکەنجەدا و بە دانپێدانانی زۆرەملێ، سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپێنراوە، بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن بەم کەمپەینەوە پەیوەست بن.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٩ی ژانویەی ٢٠٢٤

١٩ی بەفرانباری ١٤٠٢