لەشکرکێشی هەفتەی ڕابردووی ئەڕتەشی تورکیە بۆ سەر باکوری سوورییە و داگیر کردنی شاری جرابلۆس كه رێككه‌وتنی ژێر به ژێر له‌گه‌ڵ “داعش”یشی بۆ كرابوو، بەرەو رووی خۆڕاگریی ” هێزەکانی سوورییه‌ی دێمۆكراتیك ” و ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” بۆوە. بەشوێن داگیر کرانی شاری جرابلۆس دەوڵەتی تورکییە بە ئامانجی سەندنەوەی شاری منبج و ناوچەکانی رۆژئاوای رووباری فورات لە ” هێزەکانی سورییه‌ی دێمۆكراتیك” و ” یەکینەکانی پاراستنی گەل”، بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی و ئاگری به‌رده‌وامی تۆپخانە دەستی بە پێشڕەویی کرد. ” شوڕای نیزامی جرابلۆس” و ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنی جیاجیا هوشدارییان دایە ئەڕتەشی تورکیە و هێزەکانی ” سوپای بەناو “ئازاد”ی سوریە” و ڕایانگەیاند کە لە بەرانبەر هه‌ر جۆرە هێرش و پێشڕه‌وییه‌كدا خۆڕاگریی دەکەن.لە نێو ئەم هۆشدارانەدا، فرۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانیی و تۆپخانەی زەمینی ئەڕتەشی تورکیە، هێرشی تووندیان كرده سه‌ر ژمارەیەک لە گونده‌كانی دەوروبەری جرابلۆس. لە ئه‌نجامی ئەم بۆمبارانانەدا ژمارەیەکی زیاتر ١٠٠ کەس لە دانیشتووانی ئه‌م گوندانه گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی زیاتریش بریندار بوون. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن ئەڕتەشی تورکیە گوندی ” ئه‌لده‌نییه”ی به چه‌یك شیمیایی داوەتەبەر هێرش. لە ئه‌نجامی ئەم شەڕە ده‌سته‌ویه‌خه‌یه‌ی نێوان “هێزەکانی سوورییه‌ی دێمۆکڕاتیک” و ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” لە لایەک و ئەو جیهادییانه‌ی كه لە لایەن تورکییەوە پشتیوانی‌یان لێ ده‌كرێت و هه‌روه‌ها دەکرێن و ئەڕتەشی ئەم وڵاتە لە لایەکی دیکەوە، ٢٥ کەس لە ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی گەلیش گیانیان لەدەستدا. ئەڕتەشی تورکیەش تەلەفات و گورزێکی قورسی به‌ركه‌وتوون. گومان له‌وه‌دا تێدا نەبوو کە ئامانجی ئۆپراسیۆنی ” قه‌ڵغانی فوڕات” داعش نەبوو، بەڵکوو پێش‌گرتن بوو بە تێکەڵ بوونەوەی جوغڕافیای هەرسێ کانتۆنەکە. بەڵام دەوڵەتی تورکیە له‌وه‌ها بارودۆخێكدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کێشە وگرفت و قەیرانە نێوخۆیی و نێونەتەوەییانەی كه به‌رۆكی گرتووه، به ته‌نها و تەنانەت بە پشت بەستن بە هێزه نیزامییه‌كه‌شی، توانای دەستەبەر کردنی ئەو ئامانجه‌ی نابێ.
ئامانجی درێژ ماوەی دەوڵەتی تورکیە لەم لەشکرکێشییە، بەرگرتنە به سەقامگیر بوونی جێگه و پێگه‌ی كانتۆنه‌كانی رۆژئاوا و بەرگرتنە لە ده‌سته‌به‌ربوونی یه‌كگرتوویی جۆغڕافیای ئه‌م كانتۆنانه. ئەڕتەشی تورکیە هه‌ر ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبریش له ڕێگه‌ی به‌زاندنی سنووره‌كانی عێراق و جێگیر کردنی چەند یەکەیەک لە نزیک شنگال، هەر بەشوێن جێبەجێ کردنی ئەم پیلانه‌وه بوو. بەڵام دەوڵەتی تورکیە لەم قۆناغەدا ناتوانێ ئامانجە سەرەکی و کۆتاییەکانی خۆی ئاشکرا بکات. لەبەر ئه‌وه‌یكه له لایەکەوە دەوڵەتانی رۆژئاوایی و له سه‌رووشیانه‌وه دەوڵەتی ئامریکا تەنانەت دەوڵەتی رووسییه بۆ تێکشکاندنی بەتەواوەتی داعش، هێشتا پێویستیان بە هێزی پیادە نیزامی یەکینەکانی پاراستنی گەل هەیە. لە لایەکی دیکەوە بیروڕای گشتیی جیان بە چاوی رێز و تەحسینەوە ئەڕواننە خۆڕاگریی قارەمانانەی ژنان و پیاوانی ڕێکخراو لە هێزەکانی سوورییه‌ی دیموکڕاتیک و یەکینەکانی پاراستنی گەل و روو بە روو بوونەوە لەگەڵ ئەم هێزە کە هه‌تا ئێستا شێلگیرترین و کاریگەر ترین خه‌باتكارانی دژی داعش بوون و لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا،مۆدێل و شێوازێكی دێمۆکراتیکیشیان لە بەڕێوەبردن و ڕاپه‌ڕاندنی کاروباری ژیانی خەڵک بە جیهان نیشان داوە، هیچ شتێک بێجگە لە بەدنێوی بۆ دەوڵەتی تورکیە و پەیمان شکێنی ناجوامێرانە بۆ دەوڵەتانی رۆژئاوایی بەشوێنەوە نابێت. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ڕاستیانەیە کە پێشڕه‌ویی تورکیە دەوڵەتانی رۆژئاوایی، لەوانە ئامریکا و فەڕانسەی نیگه‌ران كردووه و هه‌ڵوێستێكی تا ڕاده‌یه‌ك ڕه‌خنه‌گرانه‌یان ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان كردووه. دەوڵەتی ئامریکا کە پێشتر چرای سەوزی بۆ چوونی ئەڕتەشی تورکیە بۆ جرابلۆس هەڵکردبوو، سەبارەت بە زێده‌ڕۆییه‌كانی ئەڕتەشی تورکیە هۆشداری داوە.
لە ئێستادا لە ئه‌نجامی هۆشدارەکان و خۆڕاگریی ” یەکینەکانی پاراستنی گەل”، پێشڕه‌ویی ئەڕتەشی تورکیە ڕاوەستاوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەش له جیاتی پێشڕه‌ویی ئه‌ڕته‌ش لەم ناوچانە، جارێکی تر گوشارە دیپلۆماتیکەکانی چڕ کردۆتەوە و داواشی لە ئامریکا کردووە تا گۆشار بخاتە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل بۆ ئه‌وه‌یكه بگەڕێنەوە بەری رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات. بەڵام بە سه‌رنجدان بە هاوسه‌نگییه‌كی هێزی ناوچەیی و نێو نەتەوەیی کە لە ئارادایە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ ئه‌وه‌ن کە لەم قۆناغەدا لانیکەم بەر بە ده‌ستڕاگه‌یشتنی هێزەکانی سورییەی دێمۆكراتیك بە دەریای مەدیتەرانە و تێکەڵ بوونەوەی جوغرافیای ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پارتی یەکێتی دیموکراتیک ناسراو به “په‌یه‌ده” بگرێت.
دەوڵەتی تورکیە کە ئاگاداری ناكارامه‌بوونی ئێستراتێژیی نیزامیی خۆیەتی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ” یەکینەکانی پاراستنی گەل” و ” هێزەکانی سوورییه‌ی دیموکراتیک”، له ماوه‌ی ئه‌و چەند رۆژەدا کە بەسەر چوونه ناو ناوچەی جرابلۆس تێپەڕیوە، لاواز کردنی ورەی خەڵک و گوشار خستنەسەر هێزەکانی سوورییه‌ی دیموکراتیک لە ڕێگای کوشتاری شارۆمەندانی كردووه‌ته ئامانج.
ره‌وتی ڕووداوه‌كان و نیشانه‌كان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه دەست پێکردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئەڕتەشی تورکیە لە دژی یەکینەکانی پارستنی گەل و دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی نیزامی لە خاکی سوریەدا پێشتر لە دیداری ئه‌ردۆغان و پوتیندا لە مۆسکۆ بواری بۆ خۆش کرابوو. باجێکی کە ئه‌ردۆغان لەم پێوەندیەدا دایە پوتین، شتێک نییە بێجگە لە نەرمی نواندن لەگەڵ ڕژیمی بەشار ئەسەد. دەوڵەتی روسیە و رژیمی كۆماری ئیسلامیی له‌م دانوستانه‌دا، هێندێک زەمانەتیان بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد لەسەر كورسی دەسەڵات لە دەوڵەتی تورکیە وەرگرتوە. بەڵام دەوڵەتی تورکیە لەهەمانحاڵدا نوێنه‌رایه‌تیی بەرژەوەندییە درێژ ماوەکانی دەوڵەتانی رۆژئاواییش دەکات. مانۆڕە تاكتیكییه‌كانی ئه‌ردۆغان لە نێوان رژیمی کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی روسیەش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه دانانێت. ئه‌نجامی مه‌نتێقیی ئه‌م باسەش ئەوەیە کە خه‌ڵك له سورییە و بە تایبەت لە به‌شی کوردستانه‌كه‌ی ناتوانن لەسەر پشتیوانیی درێژ ماوەی دەوڵەتانی ئامریکا و روسیە و دەوڵەتانی تری رۆژئاوایی حیساب بکەن. ئەگەر ئەم زلهێزانە ئەمرۆ لە شه‌ڕ لەگەڵ داعشدا وەک دوژمنێکی هاوبەش پێویستیان بە به‌شداریی ئەم هێزە لە مەیدانەکانی نه‌به‌رد هەیە، لە هەمانحاڵدا ئەو زه‌رفییه‌ته‌شیان هەیە کە لە سبەی رۆژدا پشتی بزووتنەوەی ڕەوا و مافخوازانەی رۆژئاوای کوردستان بەردەن. پیلانی دەوڵەتی تورکیە و پشت تێکردنی راشكاوانه‌تری سبەی رۆژی دەوڵەتانی رۆژئاوایی، تەنها لە ڕێگه‌ی پشت بەستن بە خەڵکی ڕاپەڕیو و هێزی ڕاستەقینەی له بن نه‌هاتووی خۆوه پوچەڵ دەکرێتەوە.