کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆچی كۆماری ئیسلامی به‌مجۆره‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمان ده‌ترسێ؟

maxresdefault

له‌م ڕۆژانه‌دا، گه‌لێك هه‌واڵ سه‌باره‌ت به‌ توند بوونه‌وه‌ی گوشاره‌كان بۆسه‌ر موعه‌لیمانی خه‌باتكار، له‌ گۆشه‌ و كه‌ناری ئێران، بڵاوده‌كرێته‌وه‌. بۆ نموونه‌، ڕۆژی ڕابردوو ڕاگه‌یه‌ندرا كه‌ ٧ چالاكی بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمانی ئێران به‌ ٤١ ساڵ زیندان و ٢٠٠ زه‌ربه‌ شه‌للاق و ٣ ملیۆن تمه‌ن جه‌ریمه‌ی نه‌خدی مه‌حكووم كراون. ئه‌و تۆمه‌ته‌ پڕ و پووچانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ لێیان دراوه‌، بێ ماناتر له‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت باسیشی لێبكه‌ین. به‌ڵام “تاوان“ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی عه‌له‌نی له‌ مافه‌ پێشێكراوه‌ پیشه‌ییه‌كانی خۆیان و هاوكارانیان دیفاعیان كردووه‌. ئیسماعیل عه‌بدی كه‌ ٢١ ساڵ پێشینه‌ی ده‌رس كوتنه‌وه‌‌ی هه‌یه، له‌ حاڵی تێپه‌ڕاندنی حوكمێكی سته‌مكارانه‌ دایه‌ كه‌ به‌سه‌ری داسه‌پاوه‌. ناوبراو له‌ سه‌روبه‌ندی ئازادكرانی دا، بۆ جارێكی دیكه‌ به‌ ١٠ ساڵ زیندان مه‌حكووم كراوه‌. ئه‌مجاره‌یان ته‌نانه‌ت به‌ پێویستیان نه‌زانی كه‌ ته‌شریفاتی گاڵته‌جاڕیی یاسای خۆدی ڕژیمیش به‌ڕێوه‌به‌رن. محه‌ممه‌د حه‌بیبی كه‌ بۆ ماوه‌ی ١٨ ساڵ موعه‌لیم بووه‌، پاش چه‌ند جار ڕه‌وانه‌ كردنی بۆ زیندان، ئاخرین جار به‌ هۆی ناڕه‌زایه‌تیی به‌ كاڵایی بوونی ئامووزش و په‌روه‌رش، ٢ ساڵی دیكه‌شیان زیندانی كرد و له‌ سه‌روبه‌ندی كۆتایی ده‌وره‌ی مه‌حكوومیه‌ته‌كه‌شیدا، ئه‌ویان له‌ ئامووزش و په‌روه‌ره‌ش ده‌ركرد. به‌ڕاستی، سه‌رانی كۆماری ئیسلامی ده‌بێ چه‌نده‌ له‌ حه‌ره‌كه‌تی ناڕه‌زایه‌تیی سه‌رتاسه‌ریی موعه‌لیمان ترسابن كه‌ ئیسماعیل عه‌بدیان پاش كۆتایی مه‌حكوومیه‌ته‌ چه‌ند ساڵه‌كه‌ی، دووباره‌ خسته‌وه‌ زیندان و یان بۆ ده‌یان موعه‌لیمیكی دیكه‌ حوكمی زیندان و شه‌للاق ده‌رده‌كه‌ن.

هه‌ڵبه‌ت ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا موعه‌لیمه‌كان نین كه‌ له‌ژێر گوشاره‌كانی به‌رده‌وامی ڕژیم دان. گوشار بۆسه‌ر موعه‌لیمان به‌شێك له‌ سیاسه‌تێكی سه‌ركوتگه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌‌ كه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه‌، به‌كرده‌وه‌ ده‌ردێت. له‌ ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوودا، بێدادگای ڕژیم ١٢ كه‌س له‌ به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی، سه‌رجه‌م به‌ ١٠٠ ساڵ و ٤ مانگ زیندان مه‌حكووم كرد. هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌یان كه‌سیان له‌ شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی تۆمه‌ت و په‌روه‌نده‌ سازیی بێ بنه‌ما، خسته‌ زیندانه‌كانه‌وه‌. ڕۆژ نییه‌ كه‌ هه‌واڵی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتیانی به‌هایی نه‌بیستین. زۆربه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركراوانی ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨ هه‌روا بیلاته‌كلیف له‌ زیندانه‌كاندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن. ده‌یان هه‌ڵسووڕاوی كرێكاریی خه‌باتكار دژبه‌ چه‌وسانه‌وه‌ و بێ مافیی كرێكاران، ده‌یان چالاكیی ژینگه‌پارێز، ده‌یان ژنی ئازاده‌ و خه‌باتكاری ڕێگای یه‌كسانیی مرۆڤ، هه‌روا له‌ سیاچاڵه‌كانی ڕژیمی ئیسلامیدان. كۆماری ئیسلامی دوژمنی چالاكانی هه‌موو بواره‌كانی خه‌باتی سیاسی و مه‌ده‌نییه‌ له‌ ئێرانه‌ و گشت ئامرازه‌ دژه‌ مرۆییه‌كانی خۆی بۆ كپ كردنی ده‌نگی ئه‌وان به‌كار دێنێت.

به‌ڵام له‌و نێوه‌دا، ترس و نیگه‌رانی و له‌ ئاكامدا كینه‌ و نه‌فه‌ره‌تی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی له‌و بزووتنه‌وانه‌ی وا ڕێكخراون و له‌ ئاست سه‌رتاسه‌ریدا و هاوئاهه‌نگ كار ده‌كه‌ن، پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌. بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمانی ئێران، كه‌م و زۆر، له‌مجۆره‌ بزووتنه‌وانه‌یه‌. مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌ی موعه‌لیمان له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، زۆر جار سه‌رتاسه‌ری و هاوئاهه‌نگ به‌ڕێوه‌چووه‌ و له‌ لایه‌ن “ناوه‌نده‌ پیشه‌ییه‌ خۆجێییه‌كان” و “شۆڕای سه‌رتاسه‌ریی موعه‌لیمان“ه‌وه‌، هیدایه‌ت كراوه‌. به‌كورتی هه‌ستیار بوونی كۆماری ئیسلامی به‌ نیسبه‌ت چالاكانی بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمان و ئه‌وه‌یكه‌ به‌مجۆره‌ دڕندانه‌ ده‌ست ده‌داته‌ سه‌ركوت كردنیان، له‌ دوو تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت:

یه‌كه‌م: هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێكرا، حه‌ره‌كه‌تی ناڕه‌زایه‌تیی موعه‌لیمان، ڕێكخراو و سه‌رتاسه‌ریه‌. “شۆڕای هاوئاهه‌نگیی ڕێكخراوی سینفیی موعه‌لیمان“، پتر له‌ ٤٠ ڕێكخراوی ئۆستانی و شاره‌ستانی له‌خۆده‌گرێت. ئه‌م شۆڕایه‌ ئه‌ركی خۆی، هاوجه‌هه‌ت كردن و هاوئاهه‌نگ كردنی ناوه‌ند‌ و ئه‌نجومه‌نه‌ پیشه‌ییه‌كانی موعه‌لیمان له‌ سه‌رتاسه‌ری ئێران دیاری كردووه‌. له‌ ئێستادا موعه‌لیمه‌كان، له‌ چوارچێوه‌ی ڕێكخراوه‌ خۆجێیی و سه‌رتاسه‌ریه‌كانی خۆیاندا، ڕێكخراوترین به‌شی بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئێرانن. ڕێك به‌هۆی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ ده‌توانێ له‌ پێناو گه‌یشتن به‌ خواسته‌كانی، ڕژیم بخاته‌ ژێر گوشاری جیدیتره‌وه‌‌.

دووهه‌م: ترسی ڕژیم له‌ ڕه‌وتی حه‌تمیی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی خواست و موتالباتی بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمان و له‌وه‌ش گرینگتر، ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنی بۆ باقیی كۆمه‌ڵگایه‌. له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، موعه‌لمیان، له‌ په‌نا خواسته سه‌ره‌كی و‌ ڕه‌واكانی خۆیان له‌وانه‌، زیاد كردنی حقووق، به‌ڕه‌سمی ناسینی موعه‌لیمانی “حق التدریسی“، پێڕاگه‌یشتن به‌ باروودۆخی دژواری ژیانی موعه‌لیمانی خانه‌نشین كراو، گه‌لێك درووشم و خواستی دیكه‌شیان هێناوه‌ته‌ گۆڕێ كه‌ بریتین له‌: فێركاریی بێبه‌رامبه‌ر، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی كاڵایی بوونی فێركردن و لابردنی مه‌دره‌سه‌ی پووڵی، ئیمه‌ن كردنی مه‌دره‌سه‌كان، ناڕه‌زایه‌تی به‌ ناوه‌رۆكی كتێبه‌ ده‌رسیه‌كان، پێداگری له‌سه‌ر خوێندن به‌ زمانی دایكی و هیتر. بێ گومان ئه‌م درووشم و خواستانه‌ خه‌سڵه‌تی سیاسیی ده‌ده‌نه‌ بزووتنه‌وه‌ی پیشه‌یی موعه‌لیمان و به‌كرده‌وه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ پێشڕه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه‌ له‌وانه‌ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری نزیك ده‌كه‌نه‌وه‌. نیگای ئه‌منییه‌تیی ڕژیم به‌ بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمان، له‌م توانا زاتیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئه‌م توانایانه‌شی، له‌ بوونی به‌ستێنی گونجاو بۆ به‌هێزكردنی درووشم و داخوازی و له‌ سه‌رتاسه‌ری بوونه‌وه‌كه‌یدا، ده‌بیندرێ. كۆماری ئیسلامی كه‌ متمانه‌به‌خۆییی له‌ده‌ست داوه‌، له‌ ترسی ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر حه‌ره‌كه‌تێكی ناڕه‌زایه‌تیی سه‌رتاسه‌ری وه‌له‌رزه‌ ده‌كه‌وێ‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕژیم به‌ره‌و كرده‌وه‌ی سه‌ركوتگه‌رانه ده‌بات و له‌ ئه‌نجامی دا و به‌كرده‌وه‌، به‌ بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمان، خه‌سڵه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی ده‌دات.  گوشاری ڕۆژانی ڕابردوو بۆ سه‌ر موعه‌لیمانی خه‌باتكار و توند بوونه‌وه‌ی ڕه‌شبگیریه‌كان، له‌ ڕاستیدا، هه‌وڵی پێشگیرانه‌ی ڕژیمن بۆ ڕێگری له‌ قووڵ بوونه‌وه‌ و به‌رینتر بوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ریی موعه‌لیمانی ئێران. به‌ڵام ئه‌مڕۆ، كۆماری ئیسلامی له‌ یه‌كێك له‌ قه‌یراناوی ترین باروودۆخه‌كانی ته‌مه‌نی دایه‌. ئه‌م ڕژیمه‌ له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییدا له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی وه‌گیان هاتوو، له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ دایه‌. هه‌ر ئه‌م ڕاستیه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمانی ئێران، وزه‌ و توانای زیاتر ده‌به‌خشێت و ڕێگا بۆ جێخستن و ڕادیكاڵ بوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی موعه‌لیمان و هاوڕێیه‌تی و هاوئاهه‌نگیی له‌گه‌ڵ باقیی بزووتنه‌وه‌ پێشڕه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه‌ خۆش ده‌كات.