کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆچی دەوڵەتانی رۆژئاوایی پشتیوانی لە جەنایەتەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە دەکەن؟

ئەوەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیە رۆژانە لە شارەکانی کوردستان دەیکات و دەوڵەتانی رۆژئاوایی بە چاوپۆشی کردن لێی پشتیوانی دەکەن جەنایەتێکی جەنگیە. ئامانجی شومی دەوڵەتی ئاک پارتی لە کردنی ئەم جەنایەتانە لە کەس شاراوە نییە. دەوڵەتی تورکیە هەرچەند بە بیانوی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ تیرۆر ئەم هێرشە نیزامیە بەرینەی ڕیکخستوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئاخێزی خەڵکی شارەکانی کوردستان و ئۆرگانەکانی حاکمیەتی جەماوەری ئەوانی کردوەتە ئامانجی سەرەکی هێرشی جەنایەتکارانەی. دەوڵەتی ئاک پارتی ساویلکانە دەیەوێ داروپەردوی شکلست و ناکامی سیاسەتەکانی لە ناوچەکە و نێوخۆدا بەسەر بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا بروخێنێ.

ئاک پارتی لە دەورەی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە لە خاوەرمیانە و باکوری ئافریقا و لە حاڵێکدا کە دەورانی گەشەی ئابووری تورکیە لە کۆتاییەکانی نزیک دەبۆوە لە هەوڵدابو کە بە پشتیوانی لە ئیخوان موسلمین لە میسر، النێهزە لە تونێس و ڕەوتە ئیسلامیەکان لە لیبی و سوریە ببێتە ئاڵترناتیو و ئۆلگوی جێی سرنجی ئامریکا و دەوڵەتانی رۆژئاوایی بۆ بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ئەم قەیرانانە لە ناوچەکەدا، تا بەم ئۆلگو سازیە بیرەوەری دەورانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی بە ئاڕاستیەکی نوێوە لە زەینەکاندا زیندو بکاتەوە. دەوڵەتی ئاک پارتی وەک نەخشەیەکی ڕێبەریی لە زەینیدا بوو کە بەرژەوەندیەکانی رۆژئاوا لە بەناو دنیای ئیسلامدا و بەرژەوەندی دنیای ئیسلام لە رۆژئاوا نوینەرایەتی بکات و بەڕیوەی بەڕێت. ئۆردوغان دەیهەویست تێکەڵەیەک لە حکومەتی دینی و دیموکراسیەکی لاوازی حیزبی داد و گەشە پێدان بکاتە ئۆلگویەک بۆ وڵاتانی عەرەبی موسڵمان نشین لە ناوچەکەدا تا بە گێڕانی ئەم دەورە وەک یەکێک لە بازیگەرانی گرنگی ناوچەکە ڕێگای پەیوەست بوونی تورکیەش بە یەکێتی ئوروپاوە خۆش بکار. بەڵام ڕەوتی بارودۆخی تونێس، میسر و لیبی نەخشەکانی ئوردوغانی یەک بە دوای یەکدا توشی شکست کرد و خەونەکانی بوون بە ئیمپڕاتۆڕیی ئەوی بەر با دا. لە سوریە پشتیوانیە هەمە لایەنەکانی دەوڵەتی تورکیە لە داعش و بەرەی نوسرە بۆ هێنانە سەرکاری دەوڵەتێکی هاوپەیمانی ئیسلامی لەم وڵاتەدا و بە ئامانجی تێکشکاندنی ئەزمونی حکومەتی خۆبەڕیوەبەریی لە کوردستانی سوریە وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری بۆ هەمیشە بە نێوچاوانی ئۆردوغانەوە مایەوە.1111
سیاسەتی فریوکارانە و ئاشتی خوازی درۆینەی ئۆردوغان لە بەرنبەر خەڵکی کورستانی تورکیەدا کە بە مزاکراتی سوڵح و ئاشتی ناسرابوو بەشێک لە نەخشە ڕاهبوردیەکانی ئۆردوغان بوو بۆ دروست کردنی دوبەرەکی لەنێو ڕیزی بزوتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و شکست پێهێنانی ئەم بزوتنەوەیە. دەوڵەتی فاشیستی ئوردوغان لە پرۆسەی ناسراو بە سوڵح و ئاشتیدا بەهیچ کام لە داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان و تەعەهودەکانی خۆی لەسەر مێزی ئەم وتووێژانە عەمەلی نەکرد و ئەو کاتەی کە نەیتوانی بڵێسەی ئاگری بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە ناوەندی شارەکاندا دامرکێنێ، ڕەوتی وتووێژەکانی توشی بونبەست کرد. بەڵام ناکامی لەم وتووێژانەدا بۆ شکست پێهێنانی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان ئاخرین مەیدانی شکستی سیاسەتە دەغەڵکارانەکانی دەوڵەتی ئا. کە. پە نەبوو. دەوڵەتی تورکیە لە هەوڵدان بۆ دروست کردنی ناوچەی بۆشایی لە سوریە بە ئامانجی تێکشکاندنی ئەزمونی کوردستانی سوریەش توشی شکست هاتوە.
دوای ئەوەی کە پڕۆسەی ناسراو بە ئاشتی بە بونبەست گەیشت کارزاری هەڵبژاردنی پارلمانی تورکیە لە ٧ ی ژوئێن و دواتر هەڵبژاردنی ١ ی نوامبر بوونە مەیدانی تری زۆرانبازی دەوڵەتی تورکیە لەگەڵ بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان. دەوڵەتی حیزبی داد و گەشە بە تونە کردنەوەی فەزای سەرکوت و گرتن و زیندانی کردنی ئینسانە ئازادی خوازەکان لە سەرتاسەری تورکیەدا، بە ئامادە کردنی بارودۆخی عەمەلیاتی تیرۆریستی لەدژی لاوانی سوسیالیست لە شاری سوروچ و کارەساتی خوێناوی ١٠ ی ئۆکتۆبر و تیرۆریزە کردنی فەزای کۆمەڵگا بە توند کردنەوەی میلیتاریزم لە کوردستان و سەرئەنجام بە گەمارۆدان و تەقە کردن لە خەڵکی شارەکانی کوردستان هەوڵێدا تا بە داسەپاندنی بارودۆخێکی بەتەواوەتی نایەکسان لە کارزاری هەڵبژاردندا، بەر بە چوونی حیزبی دیموکراتیکی گەلان بۆ پارلمان بگرێت. بەڵام دەوڵەتی ئاک پارتی سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە لە دەستەبەر کردنی ئامانجەکەیدا شکستی خوارد. دەوڵەتی ئوردوغان نویتوانی بەر بە چوونی ئەم حیزبە بۆ پارلمان بگرێت و ئەم شکستەشی لە ڕیزی باقی شکست و ناکامیەکانی تریدا تۆمار کرا.
لە ئێستادا ئەوە خەڵکی زۆرلێکراو و تێکۆشەری کوردستانی تورکیەن کە لەگەڵ تەحەمول کردنی جەنایەتە جەنگیەکانی ئەڕتەشی تورکیە، لەگەڵ ئاگر بارانی ماڵەکانیان و بە قوربانی دانی جگەر گۆشەکانیان تاوانی شکست و ناکامیە یەک لەدوای یەکەکانی دەوڵەتی فاشیستی ئاک پارتی ئەدەنەوە. بەڵام دەوڵەتانی رۆژئاویی ئەم داکۆکی کارە درۆینانەی مافەکانی مرۆڤ بۆچی بە چاوپۆشی کردن و بێدەنگ بوون پشتیوانی لەم جەنایەتە دەکەن؟ تورکیە بە پێگەیەکی جوغڕافی و سیاسی کە هەیەتی جێگایەی تایبەتی لە سیاسەتی ئەمنیەتی و دیفاعی دەوڵەتانی ئوروپا، ئامریکا و ئەندامانی پەیمانی ناتۆدا هەیە. ئەڕتەشی تورکیە بە زیاتر لە ٦١٢ هەزار پرسونێلی نیزامی، ٦٠٠ فڕۆکە، نزیکەی ٩٠٠ هێلیکوپتێر و زیاتر لە ١١ هەزار تانک و نەفەربەر زرێهی و ٩٩ فرودگای عەمەلیاتی و هێزێکی دەریایی کە هەیەتی دووهەمین ئەڕتەشی گەورەی ئەندامی ناتۆیە دوای ئامریکا. دەوڵەتی تورکیە وەک ئەندامێکی ناتۆ بەشێک لە نیازمەندیەکانی بانتر خوازانەی ئامریکا لە خاوەرمیانە دابین دەکات. دەوڵەتی ئامریکا بە کەڵک وەرگرتن لە زەرفیەتەکانی تورکیە هێندێک لە فرۆکە جەنگیەکانی لەم ولاتەدا مونتاژ دەکات و دروست کردنی ژمارەیەک لە قەتعە و بەشەکانی داوەتە تورکیە. لە لایەکی دیکەوە جێگیر بوونی زیاتر لە ٩٠ بۆمبی هەستەیی ناتۆ و بوونی پایەگایەکی گەورەی هەوایی ئامریکا و ئینگلیس بە زیاتر لە ١٨٠ فرۆکە و ٦ هەزار پرسونێلی نیزامی لە خاکی تورکیەدا، جێگیر کردنی موشەکەکانی پاتریوت وەک بەشێک لە سامانەی سپەری دیفاعی موشەکی ئامریکا لەم وڵاتەدا، دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆی بە تەوان و زەرفیەتەکانی تورکیەی بە توندی وابەستە کردوە. بە ئاوا ئاڕاستەیەک ناتۆ بە ناچاری بۆ پاراستنی بۆمبە هەستەییەکانی پشتیوانی لە سەقامگیری جێی سرنجی ئۆردوغان لە تورکیە دەکات. دەوڵەتی تورکیە بە پشت بەستن بە پشتیوانیەکانی دەوڵەتانی هاوپەیمانی ناتۆیە کە کەڵکەڵەی بوون بە هێزێکی بانتری ناوچەیی لە نیزامی مناسباتی نێونەتەوەییدا لە مێشکدا پەروەردە دەکرد، لە ناوچەکەدا دەستی ئەدایە ماجەرا جوویی نیزامی و بە هێرشی نیزامی بۆسەر کوردستان لە هیچ جەنایەتێک چاوپۆشی ناکات.
بەرژەوەندی ئیستراتیژیکی هاوبەشی تورکیە لەگەڵ ئامریکا و باقی هاوپەیمانانی ئوروپایی لە ناتۆدا تەنانەت ئیستراتیژی جەنگی ئیئتیلافی نێونەتەوەیی بە ڕیبەریی ئامریکا لەدژی داعشیشی خستوەتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. نە لە ئامریکا و نە لە باقی ئەندامانی ناتۆ شاراوە نییە کە دەوڵەتی تورکیە نەک هەر یارمەتی داعش ئەدات و بریندارەکانی بۆ دەرمان دەکات و ئیمکاناتی هەناردە کردنی نەوتی بۆ فەراهەم دەکات بەڵکو هێرشیش دەکاتە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل لە کوردستانی سوریە و هێزەکانی پ. ک. ک کە لە چەندین بەرەدا دەرگیری شەڕن لەگەڵ داعش.
یەکێتی ئوروپا نە تەنیا چاوپۆشی لە یارمەتیەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ داعش دەکات، بەڵکو لە کۆتایی مانگی نوامبردا قەراردادێکی پڕ لە شەرمەزاریشیان لەگەڵ ئیمزا کرد کە بەپێی ئەو قەراردادە، دەوڵەتی تورکیە لە بەرانبەر وەرگرتنی ٣ ملیارد یۆرۆدا حەرەکەتی پەنابەرەکان بەرەو ئوروپا هێور دەکاتەوە. واتا دەوڵەتانی ئوروپایی لە بەرانبەر باج خوازی دەوڵەتی تورکیەدا کە لە هۆکارە سەرەکیەکانی بەهێز کردنی بونیەی نیزامی و ماڵی داعش بووە تەسلیم دەبن. بێدەنگی و پشتیوانی ناراستەوخۆی دەوڵەتانی ئوروپایی لە بەرانبەر جەنایەتەکانی دەوڵەتی تورکیەدا لە کوردستان نە تەنیا ڕیشەی لە بەرژەوەندی هاوبەشی درێژ ماوەتر دایە لە هەمانحاڵدا بەشێک لە ئیمتیازاتێکە کە بەپێی ئەم قەراردادە شومە دراوە بە دەوڵەتی ئاک پارتی.
بەم جۆرە دەبێ بۆ خەڵکی کوردستان روون بوبێتەوە کە نە دەوڵەتی ئامریکا و نە دەوڵەتانی ئوروپایی هیچکامیان دۆست و خەمخۆری خەڵکی کوردستان نەبوون. ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا بەردەوام یارمەتی دەوڵەتی تورکیەی داوە بۆ سەرکوتی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان و بە پەیڕەوی لە دەوڵەتی ئەم وڵاتە بۆ چەندین دەیە هۆویەت و ناسنامەی کوردەکانی ئینکار کردوە. بە هاوکاری ویلاتە یەکگرتوەکان ئۆجەلان ڕێبەری پ. ک. ک لە ساڵی ١٩٩٩ لە وڵاتی کینیا دەستگیر کرا. بابەتێک کە بوو بە هۆی بەهێز بوونی زیاتر لەپێشوی لێک نزیک بوونەوە و هاوکاری هەردوو وڵات و لەم ڕاستایەدا تێکنولۆژی فڕۆکەی بێ سەرنشین بۆ سەرکوتی بزوتنەوەی کوردستان خرایە ئیختیار تورکیەوە. دەوڵەتانی ئوروپایی بەردەوام لە ڕاستای داسەپاندنی بارودۆخی جێی سرنجی خۆیان بەسەر تورکیەدا بۆ چونەنێو یەکێتی ئوروپا لە مەسەلەی کوردەکان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا وەک ئەهرومێکی گوشاری سیاسی و دیپلۆماتیک کەڵکیان وەرگرتوە.
لە بارودۆخیکدا کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیە، بە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی ئامریکا و دەوڵەتانی ئوروپایی و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، شارەکانی کوردستانی گەمارۆداوە و هەموو رۆژێک جەنایەتێکی نوێ دەخوڵقێنێ و لە بارودۆخێکدا کە خەڵکی تێکۆشەری شارەکانی کوردستانی تورکیە لەژێر بارودۆخی گەمارۆی نیزامیدا و لەژیر ئاگر بارانی چەکە قورسەکانی دوژمندا بۆ دیفاع لە دەستکەوتەکانی خەباتیان دەستیانداوەتە خۆراگریەکی قارەمانانە، لەم بارودۆخەدا پشتیوانی لە خۆڕاگری و خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستانی تورکیە ئەرکێکی شۆڕشگێرانە و پێویستیەکی سیاسیە. لە بارودۆخی ئێستادا پەرەدان بە پێوەندی بزوتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی تورکیە لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا و ڕاکێشانی پشتیوانی مرۆڤایەتی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەب لە ناوچەکە و سەرتاسەری دنیادایە کە دەتوانێ تیرۆریزمی دەوڵەتی و سیاسەتی فاشیستی دەوڵەتی ئاک پارتی توشی شکست بکات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خەڵک نەتەنیا لەدژی گرانی، بەڵکوو خوازیاری بەدەستهێنانی سەرجەم مافە پێشێلکراوەکانی خۆیانن.

komalah

ساڵهاتی دووهه‌م كاره‌ساتی شیمیاباران به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌دا

komalah

ڕاگه‌یاندنی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ست بوونی بزووتنه‌وه‌ی دژ به‌ گرانی و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان

komalah

ووته‌یه‌ك به‌بۆنه‌ی ساڵیادى مانگرتنی گشتی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر وهاوبه‌نده‌كانی

komalah

وڵامی کرێکاران بە قسە پڕوپووچەکانی خامەنەیی، ٦٠٠٠ مانگرتن و ناڕەزایەتی لە یەک ساڵدا

komalah

حەوت هەزار وردە فرۆشی مادە هۆشبەرەکان لە ئاستی تاراندا

komalah