تەنیا دوو ڕۆژی ماوە بۆ ڕۆژی مێژوویی ٢٥ی خەرمانان. ساڵێک لەمەوبەر و لەو ڕۆژەدا، هێزە جینایەتکارەکانی گەشتی ئیرشاد لە تاران بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەی زۆرەوە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی ژینا (مەهسا) ئەمینی، کچێکی لاوی ئازادیخواز، کە ئاواتی ئەوە بوو و هەوڵی دەدا ببێتە دوکتۆر و خزمەتی جەماوەرەکەی بکات. ژینا لە سەقز، یەکێک لە شارەکانی کوردستان و لە دیارێکدا گەورە ببوو کە دانیشتووانەکەی بە ئاسانی ملکەچی زۆر و ملهوڕیی نەدەبوون. ناڕەزایەتی و تەسلیمنەبوونی ژینا لەبەرامبەر هێزێکی پۆلیسدا کە بەدرێژایی ٤٤ ساڵ، هێمای جینایەت و وەحشیگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بوو، بوو بە بروسکەیەک و گڕکانی تووڕەیی و بێزاریی ئەو خەڵکەی بڵێسەدار کرد کە ئاواتەخوازی مەرگ و لەگۆڕنانی ڕژیمی ئیسلامی بوون. پۆلیسی درۆزن و پەروەندەساز، وەک هەمیشە هەوڵیدا وا نیشان بدات کە مەرگی ژینا بەهۆی نەخۆشی درێژخایەنی دڵەوە بووە. بەڵام دایک و باوکی و خاڵی، ئەو بابەتەیان ڕەتکردەوە و وتیان کە ژینا بەڵگەی پزیشکی هەیە کە دەریدەخات ئەم کچە وەرزشکارە و یاری والیباڵی کردووە و بڕوانامەی ڕاهێنەری مەلەوانی هەبووە و بە تەواوی تەندروست بووە. پێداگریی و دیفاع لە مافی ژینا، ژنێکی لاوی خەڵکی کوردستانی شۆڕشگێڕ لە کاتی دەستبەسەربوون و هەروەها درۆ و دەلەسەی ئاشکرای پۆلیس، ناڕەزایەتی و تووڕەیی پەنگخواردووی جەماوەر و بەتایبەت ژنان و لاوانی تەقاندەوە و بوو بە هۆی لەدایکبوونی ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەی کە دروشمە سەرەکییەکەی بوو بە “ژن، ژیان، ئازادی“.
ئەو ڕاپەڕینە، درێژترین ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی چوار دەیەی ڕابردوو دژ بە کۆماری ئیسلامی بوو. ئەم بزووتنەوەیە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕواڵەتی ئێرانی بەتەواوی گۆڕی و گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە بواری فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسیی لەم کۆمەڵگایەدا پێکهێنا. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە هەنگاوی یەکەمدا ئایینی دەوڵەتی و هاوکات حیجابی ئیجباریی، ئەم هێمای ئیدئۆلۆژیکی ڕژیمی ئیسلامییەی، بردە ژێر پرسیار. ئەمەش ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان لە ئارامستانی ئایچی لە شاری سەقز، لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ژینادا ڕوویدا. لەو ڕۆژەدا ئەو هاووڵاتیانەی کە سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگانەی کە لەلایەن پۆلیسەوە پێکهاتبوو، لە ئارامستانەکە کۆبوونەوە و بە پێچەوانەی نەریتی باو، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەیان بە وتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە و وتاری سیاسی و چەپڵە لێدانی بەردەوام بەڕێوە برد. ئەو ژنانەی کە بۆ یەکەمجار لەماوەی سەدەکانی ڕابردوودا لەڕێزی پێشەوەی پیاوان بەشداری مەراسمەکە بوون، بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” سەرپۆشەکانیان فڕێدا و یەکێک لە ئامانجەکانی بزووتنەوەکەیان دیاری کرد و ناوی ژیناش بوو بە ڕەمز. ڕێوڕەسمەکەی ئەو ڕۆژە و دروشمی یەکگرتووانە و ئامانجە دیاریکراوەکەی لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر لە ١٥٠ شاری ئێرانی گرتەوە. ئەم بزووتنەوەیە سنوورەکانی ئێرانیشی تێپەڕکرد و ناڕەزایەتییەکان لە چوار گۆشەی جیهاندا تەشەنەی کرد و ناوی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە ئاشناترین ناو لە جیهاندا.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، لە هەمان کاتدا کە پۆلیسی بەدناوی بەچۆکدا هێنا، تەواوەتی نیزام و ئەو داب و نەریتە ڕزیو و کۆنەپەرستانەشی بردە ژێر پرسیار کە لەلایەن ئەو ڕژیمەوە پارێزراو بوون. دیاردەی پیاوسالاریی کە لە ئیسلام و نەریتی دواکەوتووانەی کۆمەڵگادا جێگیربووە، لەبەرامبەر خەباتی شۆڕشگێڕانەی ژنان و لاوان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبدا تا ڕادەیەکی زۆر پاشەکشەی پێکرا و جێگە و پێگەی ژن لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگادا بەرز بووە. پێکهاتنی یەکگرتوویی نەتەوەیی و بایەخدان بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە ستەم لێکراوەکان و هیوا بە شکڵگرتنی پێکهاتە یەکسانیخوازەکان و دروستکردنی یەکێتییەکی دڵخوازانەی هەموو دانیشتوانی وڵات، دەتوانرێت وەک دەستکەوتێکی گرنگی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژینا هەژمار بکرێت.
ئەم شۆڕشە هێزە پارێزەرەکانی نیزامی ئیسلامیی تووشی پرشوبڵاوی کردووە و دوودڵی لەناو ڕیزەکانی ئەو هێزەدا درووستکردووە و کەلێن و ناکۆکی قووڵ و ئاشکرای خستووەتە ناو لایەنگران و داکۆکیکارانی کۆماری ئیسلامییەوە. ئێستا ئیتر تەنیا کەمینەیەکی ڕێکخراو و بناژۆخواز و تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست و پشتبەستوو بە هێزی چەک، لایەنگری ئەم نیزامەن. ئێستا زۆرێک لە هێزەکانی ناوخۆی ڕێژیم باس لە “ڕووخانی ڕژیم. بە دەستی خودی بەرپرسانی ڕژیم” و “لەبەریەک هەڵوەشانەوە” و “تەقینەوەی توڕەیی خەڵک” و شۆڕش دەکەن و لەم بابەتەوە زۆر نیگەرانن. هەروەها ناوەندی سەرەکی دەسەڵاتیش بە خەیاڵی خاوی خۆی پێیوایە کە دەتوانێت، بە زەبری چەک و بە یارمەتی کەمینەیەکی هار و دڕندە و بێبەزەیی، بەبێ وڵامدانەوە بە لانیکەمی ویست و داخوازییەکانی خەڵک و گرینگیدان بە داواکارییە ئازادیخوازانە و
کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی جەماوەر، بەردەوامبوونی ئەم دەسەڵاتە مسۆگەر بکات. بە پشتبەستن بەم دەستکەوتانەیە کە ئاسۆیەکی نوێ بەڕووی خەباتی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی خەڵکی کوردستانیشدا دەکرێتەوە. ئەم دەستکەوتانە بەرهەمی خەبات و فیداکاریی ئەو لاو و ژن و پیاوە شەریفانەیە کە مەرگی سەربەرزانەیان بە گیان کڕی و ئامادە نەبوون لەئاست دەسەڵاتی کۆنەپەرستدا چۆکدابدەن و وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی تاریکی شەودا دەدرەوشانەوە و ئاسۆی سەرکەوتنیان ڕووناک کردەوە.
لەم ڕۆژانەدا خەڵکی کوردستان ئامادەکاریی دەکەن بۆ بەرزڕاگرتنی ساڵیادی دەستپێکردنی شۆڕشی ژینا و نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ گیانبەختکردووانی ئەو ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە. ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەرمانان، کوردستان وەک ئاکتێکی سیاسیی لێبڕاوانە لە وڵامی بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکاندا یەکپارچە دادەخرێت. خەڵک لە ئارامستانی ئایچی لە شاری سەقز و ئارامستانی هەموو شارەکانی دیکەی کوردستان کۆدەبنەوە و ڕێز لە یادی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا دەگرن. لەو ڕۆژەدا خەڵکی کوردستان بنەماڵەی گیانبەختکردووان بە تەنیا ناهێڵنەوە و بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شکۆدار و جەماوەریی لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، بەشێوەیەکی شایستە یادی ئەو ئازیزانە بەرز ڕادەگرن، وەفاداری خۆیان بە ڕێبازی ئەو ئازیزانە دووپاتدەکەنەوە و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ بنەماڵە سەربەرزەکانیان نیشان دەدەن.