میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیە ڕۆژی ڕابردوو دوو گەڕەكی سەنتەری شاری كۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانیان تۆپباران کرد و بەو هۆیەوە زیان بەر چەند ماڵ و بینایەکی هاووڵاتییانی ئەو شارە گەییشت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، كاتژمێر ١٠ی بەیانی ڕۆژی ڕابردوو میلیشیاکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیە گەڕەكەكانی كانی كوردان و كۆڵانی ٤٨ی ناوەندی شاری كۆبانێیان بە تۆپ و هاوەن بۆردوومان کرد و لە لایەکی دیکەوە شەوی پێنجشەممە سوپای تورکیە و میلیشیاکانی شارۆچکەی زرگان و گوندەکانی دادا عەبدال، ئەسەدییە، ئوم حەرمەلا، تلوەرد و خربەت شەعیری تۆپباران کردووە و لە ڕۆژانی ڕابردوویش لە باشووری کوردستان هێرشێكی داگیركاری دەستپێكردووە.