ڕۆژی سێشه‌ممه ١٢ی به‌فرانباری ١٤٠٢، هێرشه‌كانی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه، دیمه‌شق له سووریه و باشووری لوبنان به‌رده‌وام بوو و ده‌یان كه‌سی دیكه له غه‌زه بوونه قوربانی.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، فڕۆكه‌كانی ئیسڕائیل ده‌ورووبه‌ری دیمه‌شقیان به چه‌ڕی بۆردوومان كردووه و چه‌ند كۆگای ته‌قه‌مه‌نی و بنكه‌ی تۆپخانه‌ی حیزبۆڵڵای لوبنان و سپای قودسیان كردۆته ئامانج، به‌ڵام ڕێژه‌ی زیانه گیانیه‌كان هێشتا ئاشكرا نه‌كراوه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه هێرشی ئاسمانی، زه‌مینی و ده‌ریایی ئیسڕائیل بۆ سه‌ر غه‌زه‌ش درێژه درا و به‌وته‌ی به‌رپرسانی بێهداشتی فه‌له‌ستین، له ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا، ٢٠٧ فه‌له‌ستینی دیكه گیانیان له‌ده‌ست داوه و ٣٨٨ كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون. به‌پێی ئاماره‌كان، ڕێژه‌ی قوربانیانی هێرشه‌كانی ئیسڕائیل گه‌یشتۆته ٢٢ هه‌زار و ١٨٥ كه‌س و ئاماری برینداره‌كان سنووری ٥٧ هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌هۆی بۆردوومانی بنكه‌كانی حیزبۆڵڵا له باشووری لوبنان، چوار فه‌رمانده‌ی ئه‌و گرووپه كوژراون و چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.