بڵێسه‌كانی ئاگر، كاتژمێر ٢ی به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٩ی خه‌رمانان، به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٩ی سێپتا‌مبر، كه‌مپی په‌نابه‌رانی “موریا” له دوورگه‌ی “لێسبۆس“ی یونانی كرد به خه‌ڵووز. ١٣ هه‌زار په‌نابه‌ری نیشته‌جێكراوی ئه‌م كه‌مپه، كه له ڕاستیدا جێگای ٣ هه‌زار كه‌س ده‌بێته‌وه، پاش چه‌ندین ڕۆژ، له حاڵێكدا كه به‌رده‌وام ئه‌م بهراوبهریان پێده‌كرێ، له سه‌ره‌تاییترین پێداویستیه‌كانی خۆراك و ده‌رمان بێ به‌رین. ئه‌م په‌نابه‌رانه هه‌موو ڕێگاكان بۆ ده‌رباز بوون له‌م كاره‌ساته تاقی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام له هه‌موو شوێنێك، له‌گه‌ڵ گه‌مارۆی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان به‌ره‌وڕوو ده‌بنه‌وه. حه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌رپرسانی یونان به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشیی كۆرۆنا له‌و كه‌مپه قه‌ره‌نتینه‌یان ڕاگه‌یاند و ئه‌وه‌ش بۆ دانیشتووانی ئه‌م كه‌مپه، به‌مانای دیلیه‌تی و به‌ندكرانی واقعی بوو. هه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ش ناڕه‌زایه‌تی و تووڕه‌یی زۆرێك له په‌نابه‌رانی لێكهوتهوه. ترس له‌و نه‌خۆشییه، سه‌رتاپێی ئه‌م كه‌مپه‌ی داگرتبوو. به‌رپرسانی یونان له ڕۆژی سێشه‌ممه ١٨ی خه‌رمانانه‌وه، وێڕای پشتڕاست كردنه‌وه‌ی ٣٦ حاڵه‌تی كۆرۆنا، ڕایانگه‌یاند كه یاساكانی په‌یوه‌ندیدار به قه‌ره‌نتینه توندتر ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ش وڵامی بێبه‌زه‌یانه‌ی ئه‌م به‌رپرسانه بوو به نیگه‌رانی و دڵهڕاوكهێی زاڵ به‌سه‌ر گه‌وره‌ترین زیندانی په‌نابه‌ران له ئۆرووپا.
ساڵانێكی زۆره كه ڕێكخراوه جیهانیه‌كانی چالاك له‌بواری په‌نابه‌ریه‌وه سه‌باره‌ت به باروودۆخی ناله‌باری كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ری له یونان و به‌تایبه‌ت كه‌مپی “موریا” هۆشداریان داوه و گه‌لێك ڕاپۆرتیان له‌مباره‌یه‌وه بڵاوكردووه‌ته‌وه. یه‌ك ڕۆژ پاش ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه له كه‌مپی “موریا“، وته‌بێژی ڕێكخراوی “پزیشكانی بێ‌سنوور” ڕایگه‌یاند كه “ناكرێ مرۆڤه‌كان بۆ ساڵیانێكی زۆر له‌ناو پیساییدا ڕابگیرێن و له‌هه‌موو مافه به‌ڕه‌سمی ناسراوه‌كانیان بێبه‌ری بكرێن و ئێستاش به‌بێ هیچ به‌رگریه‌ك ویرووسی كۆرۆنایان له گیانی بهردرێ و ئه‌وكات چاوه‌ڕێی ئه‌وه بكرێت كه له به‌رامبه‌ر ئه‌م باروودۆخه‌دا بێده‌نگ بن“.
ئه‌وه یه‌كه‌م جار نه‌بوو كه وێنه‌ی وێرانه‌كانی یونان كه ناوی كه‌مپی په‌نابه‌رانیان له‌سه‌ر داناوه، به لاساریهكی بێوێنه‌وه، خۆی له‌ناو میدیاكانه‌وه ده‌رده‌خست. ئه‌مجاره‌یان به‌ڵام بڵێسه سه‌ركه‌شه‌كانی ئاگر و پاشماوه ئاسنیهكان و خۆڵه‌مێشی به‌جێماوی چادره سووتاوه‌كان، یه‌كجار وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕ بوو. له ئۆرووپا ئه‌م وێنانه له سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له‌ساڵه‌كانی پاش له‌ناوچوونی فاشیزمی هیتلێر و تا ڕاده‌یه‌ك له بۆمبارانی یۆگسلاوی له لایه‌ن ناتۆ، ده‌بیندران كه ئێستا به بیری مێژوو سپێردراون. به‌ڵام له ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له عێراق و سووریه، لیبی و یان ئه‌فغانستان ئه‌م چه‌شنه وێنانه به مێژوو نه‌سپێردراون و به‌رده‌وام له لێره و له‌وێ ده‌بیندرێن. له‌و نێوه‌دا كه‌مپی په‌نابه‌رانی یونانی ئه‌ندامی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، له بواری میحنه‌ت و بێ داهاتوویی، له كه‌مپه‌كانی سووریه و عێراق و توركییه و یان لیبی، هیچ كه‌متر نییه. هه‌موو ئه‌و ده‌یان و سه‌دان هه‌زار كه‌سه‌ی كه له شه‌ڕی نیابه‌تی، قه‌ومی و ئایینی و به‌تاڵان بردنی دوایین سه‌رچاوه‌كانیان، ده‌رباز بوون، ئه‌گه‌ر له كه‌مپی ئاواره‌كانی توركییه به كۆیله نه‌گیرێن و بتوانن خۆیان بگه‌یه‌ننه یونان، چه‌ند ڕۆژێك به‌هیوای گه‌یشتن به ئۆرووپا تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌م هیوایهشیان زۆر زوو مفع ده‌بێته‌وه و سیمی خاردار به‌ده‌وریان دا ده‌كێشن. لێره‌دا دیسان ده‌بێ وێنه‌ی ده‌ستچن كراوی تێكهه‌ڵچوونی نێوان په‌نابه‌ران له‌گه‌ڵ پاسه‌وانانی سه‌رسنووری توركییه و یونان و چاوه‌دێریی سه‌رۆكی كۆمیسیۆنی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا به جلوبه‌رگی جه‌نگی له ئاسمانه‌وه و ده‌ربڕینی پیشتیوانی له ده‌وڵه‌تی یونان، ده‌بێ “وێنه‌یه‌كی “ئاژاوه‌گێڕانه” له‌وان ده‌ربخات تا به به‌ره‌كه‌تی ئه‌م وێنانه بتوانن هه‌موو یاسا و كۆنوانسیۆنه به‌ڕه‌سمی ناسراوه‌كان پێشێل بكه‌ن و به‌شێك له دانیشتووانی دوورگه‌كانی “سامۆس، چیۆس و لێسبۆس“، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ران بێننه مه‌یدان.
له ئێستادا پاش تێپه‌ڕ بوونی چوار شه‌و و ڕۆژ، ١٣ هه‌زار په‌نابه‌ر به‌بێ هیچ جۆره سه‌رپه‌نایه‌ك، به بێ هیچ كه‌ره‌سته‌یه‌كی ده‌رمانی، به بێ ئاوی خواردنه‌وه و خۆراك، له‌ناو گه‌مارۆی هێزه ئینتزامیه‌كانی یوناندا شه‌و و ڕۆژیان پێكه‌وه گرێ ده‌ده‌ن. ده‌وڵه‌تی یونان به ناردنی هێزی نیزامی و ماشێنی ئاوپاشی زیاتر، بێشه‌رمانه په‌نابه‌رانی به ئاگردانی كه‌مپه‌كه تۆمه‌تبار كردووه و ڕایگه‌یاندووه كه ئه‌وه خه‌یاڵێكی خاوه كه ئه‌و به‌ناو ئاژاوه‌چیانه، پێیانوابێ ده‌توانن به‌م كارانه‌یان لێره ده‌رباز بن.
بۆ جارێكی دیكه و بۆ چه‌ندومین جار، په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فونیی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئاڵمان و سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕانسه و به‌رپرسانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، ده‌بێ ئه‌و فریوكاریه گشتییه په‌ره‌پێبدات، كه گۆیا ئه‌وان بیر له ڕێگاچاره‌یه‌ك بۆ ئه‌م كاره‌ساته ده‌كه‌نه‌وه. گۆیا مرۆڤه به‌ویژدانه‌كان له‌بیریان چووه‌ته‌وه كه ئه‌وان چلۆن گهڵاڵهكانیان، یه‌ك به‌دوای یه‌ك، بۆ ڕێگری كردن له گه‌یشتنی په‌نابه‌ران به ئۆرووپا، به‌كرده‌وه ده‌ردێنن. هه‌موو چه‌نه‌لێدان و ههراوهوریاكهیان بوو به‌وه كه ڕایگه‌یه‌نن “ده وڵاتی ئۆرووپایی ئاماده‌ن كه چوارسه‌د منداڵ و تازه‌لاوی بێ سه‌رپه‌رست، بگه‌یه‌ننه ئه‌و ده وڵاته“. له‌بیرمان نه‌چووه‌ته‌وه ٦ مانگ له‌مه‌وبه‌ریش سه‌رانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا، له باروودۆخێكدا كه ویرووسی كۆرۆنا له هێندێك له‌و كه‌مپانه زه‌نگی مه‌ترسیی وه‌ده‌نگ هێنابوو، به دڵئاواڵهیهكی بێوێنه‌وه به‌ڵێنیان دا كه هه‌زار و ٥٠٠ منداڵی بێ سه‌رپه‌رست له‌و كهمپانهوه ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی ئۆرووپایی بكه‌ن. پاش چه‌ندین حه‌فته مه‌علووم بوو كه ته‌نیا نزیك به ١٠٠ كه‌سیان توانی ده‌رباز بكه‌ن. له ئێستاشدا كه وێنه‌ی ١٣ هه‌زار په‌نابه‌ر به لاساریهكی كه‌م وێنه‌وه له‌ناو میدیاكاندا خۆی ده‌رخستووه، به‌نیازن ئه‌وه به‌سه‌ر بیروڕای گشتیی‌دا بسه‌پێنن كه بیر له “ڕێگاچاره‌یه‌كی ئۆرووپایی” ده‌كه‌نه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ده‌شزانن كه به‌هۆی بوونی ده‌وڵه‌تی ڕاسیستی و دژه په‌نابه‌ر له هێندێك له وڵاتانی ئۆرووپایی ناتوانن به ڕێگاچاره‌یه‌كی واحید بگه‌ن، به‌ڵام لانیكه‌م له‌ژێرناوی “ڕێگاچاره‌ی ئۆرووپایی” ده‌توانن به‌ئاشكرا كۆمه‌ڵگا فریو بده‌ن. ڕاگواستنی چوارسه‌د منداڵی بێ سه‌رپه‌رست ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌كرده‌وه‌ش ده‌ربێت، به‌مانای ڕه‌ها كردنی ئه‌و ٤٠ هه‌زار مرۆڤه‌ی دیكه‌یه به‌حاڵی خۆیان و ئه‌وه‌ش له باروودۆخێك دایه كه هاوكات ژماره‌یه‌ك له سه‌رانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا به ههراوهوریایهكی زۆره‌وه باس له بایه‌خه ئۆرووپاییه‌كان ده‌كه‌ن كه گۆیا له باروودۆخی ئێستادا ئه‌و بایه‌خانه له كه‌مپی “موریا” زه‌ربه‌یان وێكه‌وتووه. ده‌بێ به‌و ئاژاوه‌گێڕانه بوترێ كه پێویست نه‌بوو ڕووداوی ئاگر كه‌وتنه‌وه ڕوو بدات تا هێندێك له ئێوه‌ی سه‌رانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا به‌وه بگه‌ن كه كه‌مپی موریا و باقیی كه‌مپه‌كانی دیكه‌ی یونان، بێ ڕێزیه به مافی مرۆڤ و به هه‌موو به‌ناو بایه‌خه ئۆرووپاییه‌كان. به‌ڵام له‌ڕاستیدا، سه‌رانی یه‌كیه‌تیی ئۆرووپا چ موعامه‌له قیزهونهكهیان له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان و چ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی پاراستنی قه‌ڵای ئۆرووپاكهیان به‌ئامانجی له‌ناوبردنی په‌نابه‌ران، گاڵته كردنه به هه‌موو بایه‌خه‌كانی مرۆڤایه‌تی و نومایشی بهربهریهتێكه كه نه‌زمی سه‌رمایه‌داری به‌سه‌ر جیهانیدا زاڵ كردووه.