هێزەکانی سووریای دیموکرات ناسراو بە هەسەدە، ناسنامەی ١١ گیانبەختکردووی دیکەی غوێرانی بڵاوکردەوە و بەوەش کۆی ئەو شەرڤانانەی کە لەو پیلانگێڕیەدا گیانیان بەختکردووە گەییشتە ٢٢ کەس.
هەسەدە لە ڕاگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی دەوڵەتی تورکیە کردووە و دەڵێت: دەوڵەتی تورکیە بەمەبەستی ڕزگار کردنی زیندانیانی داعش و دەستبەسەرداگرتنی شاری حەسەکە، ڕاستەوخۆ پشتگیری هێرشەکانی چەکدارانی داعشی بۆ سەر زیندانی حەسەکە کردووە کە هەزاران ئەندامی داعشی تێدا ڕاگیرابوو. جێگای ئاماژەیە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو دەیان چەکداری داعش هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر زیندانی حەسەکە و بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەری “ئەلعەرەبیە” چەند چەکدارێکی داعش توانیویانە لەو زیندانەدا هەڵبێن کە لە نێویاندا دوو سەرکردەی داعش بوونی هەیە و هەتا ئێستا نەتوانراوە دەستبەسەر بکرێنەوە.