کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
موناسبه‌ته‌كان

بژی 8ی مارس ڕوژی جیهانیی ژن

سبەینێ ٨ ی مانگی مارس بەرابەر لەگەڵ ١٨ ی مانگی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانیی ژنە. ئەم ڕۆژە مەزنە مێژوییە لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز پیروزبێت. ژنانی ئێڕان لەماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا شان بە شانی چینی کرێکار زۆر ترین ئازار و چەرمەسەریان بەدەست ڕژیمی کۆماری ئیسلامییەوە چێشتوە. سوکایەتی و بێ مافی ژنان لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا، سنورێک ناناسێت. کۆماری ئیسلامی زۆری هەوڵدا تا بە پشت بەستن بە باوەڕی مەزهەبی ، ستەم لەسەر ژنان دەرونی بکاتەوە و ئەوان ڕازی بکات کە بە پێگەی ژێر دەستەیی خۆیان بن و ئه‌و بارودۆخه‌ به چاره‌نووسی سرووشتی خویان بزانن، بەڵام نەک هەر لەم کارەیدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو بۆرکانی قین و توڕەیی و نەفرەتی كۆمه‌لی ژنانیشی زیاتر هەڵخراند. ئەگەر ئەمرۆ لە هەرکوێیەک خەبات و تێکۆشانێک بوونی هەیە، ژنان لە ڕیزی پێشەوەیدا دەبینین، ئه‌وه‌ تەنها بەشێکی چکۆلەیە لەو شەپۆلە گەورە و خورۆشاوەی کە لە ڕێدایە. وشیاریەکی کۆمەڵایەتی بەرز، باه‌ور به‌ خۆ و سەرسەختی و قاتعیەتێکی کەم وێنە لە بزوتنەوەی ڕزگاری ژندا لە ئێران لەحاڵی شکڵ گرتن دایە. بێ گومان ئەم بزوتنەوەیە لەپاڵ بزوتنەوەی کرێکاریدا دەبێتە یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی شۆڕشی داهاتووی ئێران. شۆڕشێک کە لە هەر هەنگاوێکیدا یەکێک لە به‌ربه‌سته‌كانی سه‌ر ریگای ئازادی ژنان ڕاده‌مالێ.داواکاری ژنان بۆ رزگاری لە کۆت و بەندی پیاوسالاری و لە کۆیلەتی یاسا مەزهەبییەکان، لە داواکاریەکانی چینی کرێکار بۆ ڕزگار بوونی لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری جیا نییە. بۆ ژنان و پیاوانی کرێکار، ڕزگار بوونی ژنان لە ستەمکێشی و بێ مافی، مەرجی بەرەوپێش چوونیانە بۆ ڕزگار بوون لە چەوساندنەوەی سەرمایەداری.

دابین بوونی یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییدا ئەرک و ئەمرێکی هەنوکەیی و خێرای چینی کرێکاری بە دەسەڵات گەیشتوە. ژنانی ئێران دەبێ بە یەکسانی لە مافی هەڵبژاردن و هەڵبژێردران لە سەرجەم ئۆرگانەکانی یاسادانان، قەزایی و ئیجرایی لە هەموو ئاستەکانی ده‌سه‌لاتداریه‌تی بەهرەمەند بن، هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە ئازادی ژنان لە پۆشینی جل و بەرگدا سنوردار دەکەن، وەک قانونی حیجابی ئیجباری، هەڵدەوەشێنەوە. هەموو جۆرە یاسا و ڕێسایەکی پێوەندیدار بە جیا کردنەوەی ژنان و پیاوان لە کۆبوونەوەکان، مەدرەسە و زانکۆکان، شوێن و ئامرازەکانی گواستنەوە و گەیاندنی گشتیدا هەڵوەشاوە ڕادەگەیەندرێت.

دانی هەقدەستی یەکسان بۆ کاری به‌رابه‌ر بە ژنان و پیاوان، بیمەی کۆمەڵایەتی بەرابەر بۆ ژنان و پیاوان، بەهرەمەند بوون لە مافی دوو ڕۆژ مەرەخەسی مانگانە بۆ ژنانی دوگیانی شاغڵ، قەدەغە بوونی سپاردنی هەموو جۆرە کارێکی زیان بەخش بۆ سه‌ڵامتی بە ژنانی دووگیان، قەدەغە بوونی دەرکردنی ژنانی دووگیان بە هەر بیانوویەک، خۆبواردن لە دامەزراندنی ژنانی دووگیان له‌سه‌ر كار و خاوەنی منداڵ، نایاساییە و وەک تاوان بە هه‌ژمار دێت. بەهرەمەند بوون لە ١٦ هەفتە مەرەخەسی بۆ دەورانی دووگیانی و کەڵک وەرگرتن لە ساڵێک مەرەخەسی بۆ ئاگاداری کردن لە منداڵ بە تەوافوقی هەردوو لایەنی ژن و مێرد. ئازادی لە ئەمری زەواج و هەڵبژاردنی هاوسەردا، بەڕەسمی ناسرانی هاوسەرگیری لە ڕێگای تۆمار کردن لە نووسینگه‌ی دەوڵەتیدا، قەدەغە بوونی سیغە و چەند هاوسەری، بەرابەری مافی ژن و پیاو لە کاروباری تەڵاق و سەرپەرستی کردنی منداڵدا، هاوسەرگیری ژنان و پیاوانی کەمتر لە ١٨ ساڵ قەدەغەیە. ئەو کەس و ناوەندانە مەزهەبیانەی کە کسانی ژێر ١٨ ساڵ مارە دەکەن، بە تاوانبار دێنه‌ ئه‌ژمار.

ژن و پیاو دەبێ لە ماف و بەرپرسیاریەتی وەک یەک لە بەرانبەر یەکتردا، لە بەرانبەر منداڵ و لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا، بەهرەمەند بن. شوێنی ژیان دەبێ بە ڕەزامەنی هەردوولا دیاری بکرێت. مافی ژنان بۆ کار کردن و سەفەر کردن نابێ مەرجدار بێت بە ئیجازەی هاوسەرەوە.

سەرجەم ئەو یاسا شەرعی و عورفیانەی کە لەژێر ناوی دیفاع لە ناموسدا، تاوانی ئەوانەی جەنایەتیان لەدژی ژنان ئەنجامداوە کەم دەکەنەوە هەڵدەوەشێنەوە. بۆ ئەو جورم و جەنایەتانەی کە نیسبەت بە ژنان، لەژێر ناوی دیفاع لە ناموس و شتی لەم چه‌شنه‌ بەڕێوەدەچێت، سزای قورس دیاری دەکرێت. هەموو جۆرە هەڵاواردن و نایەکسانیەکی نێوان ژن و پیاو لە قانونی پێوەندیدار بە به‌ش كردنی میرات، دابەشکردنی ماڵ و داراییەکان و ئیمتیازاتی یاسایی پیاوان و پشتاوپشت لە باوەکەوە، لە ته‌وه‌ری سەرپەرستی کردندا هەڵدەوەشێتەوە.

پێوەندی تایبەتی ژن و پیاو دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ و لە هەموو هیرش و هەڕەشەیەک پارێزراو بێت. دخاڵەتی کەسان و مەڕاجعی دەوڵەتی لە ژیانی خوسوسی ژن و پیاودا بەتوندی قەدەغەیە. ئەو ژنانەی کە بەبێ هاوسەرگیری دەبنە خاوەنی منداڵ دەبێ لە هەموو مافێکی تاكه‌كه‌سی و کۆمەڵایەتی دایکایەتی بەهرەمەد بن. منداڵەکانیشیان دەبێ هەموو مافێکی کۆمەڵایەتییان هەبێت. ڕۆژی جیهانیی ژنی ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو دەبێتە دەرفەتێک بۆ هێنانه‌ گۆر و شوێن گرتنی ئەم داواکاریانە.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-