کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بڕینی ئێنترنێت لە ئێران واتە بێکار کردنی ٩ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی!

Untitled 1

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی کوشتار لە خیابانەکان و میلیتاریزە کردنی فەزای شارەکان دەست ڕاگەیشتن بە ئێنترنێتیشی بۆ خەڵک دژوار و تا ڕادەیەک نامومکین کردوە.

حسێن سەلاح وەرزی، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئێران بە ئاماژە کردن بە ڕاپۆرتی یەکێتی فەنئاوەرانی یارانە وتویەتی:” لەگەڵ لاواز بوون و بڕانی ئێنترنێت بژیوی ٩ ملیۆن کەس کەوتۆتەبەر مەترسی”. لە مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٦ وە تا ئێستا هەر جارێک ڕژیم بەرەو ڕووی ئاخێزە جەماوەریەکان بۆتەوە، بەرلە هەموو شتێک دەستیداوەتە بڕینی ئێنترنێت و تەنەنات دەست ڕاگەیشتن بە تەلەفونی موبایلیشی بەرتەسک کردۆتەوە.

لەسەر بنەمای قەتعنامەی شوڕای مافی مرۆفی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کە کۆماری ئیسلامیش خۆی یەکێک لە واژۆکارانیەتی:” ئینسانەکان بە ئامانجی کەڵکوەرگرتن لە ئازادی بەیان و دەست ڕاگەیشتن بە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤ دەبێ دەستی بە ئێترنێت ڕابگات”. لە دنیای ئەمرۆدا ژیانی رۆژانەی بەشەر، لە ڕێکخستنی کاروباری رۆژانەی تاکەکەسیەوە بیگرە تا تەفریحات و سەرگەرمی، لە ئاگادار بوون لە هەواڵەکانی دنیاوە تا دەربڕینی بۆچوون و ئازادی بەیان، مەرجدارە بە دەست ڕاگەیشتن بە ئێنترنێت. کاروکاسبی بە ملیۆن کەس لە خەڵکی ئێران بەستراوەتەوە بە بوونی ئێنترنێتی گونجاوەوە. بڕانی ئێنترنێت ژیانی ئاسایی بە ملیۆن بنەماڵە توشی ئاستەنگ و کێشە دەکات. ١٧ ملیۆن دانش ئاموز و خوێندکار، تۆڕی دەرمانی و پزیشکی و گەلێک لە کاروبار و سەرویسە پێویستە سەرەتاییەکان لەگەڵ بڕانی ئێترنێت توشی کێشەی جیددی دەبن. تەنانەت هەزاران نەخۆش و خەڵکی بەساڵاچوو بەرەو رووی مەترسی مردن دەبنەوە.

  ڕژیمە سەرکوتگەرەکان و لەوانە کۆماری ئیسلامی بەباشی هەست بە گرنگی دەور و نەخشی ئێنترنێت دەکەن بۆ ئاگاهیدان و وشیار کردنەوە و بە تایبەت لە خەبات دژبە سیستەمە دیکتاتۆڕیەکان. لاواز کردن و بڕینی ئێنترنێت، پرۆژەی ئێنترنێتی موهەندیسی کراوی میللی، یان ئیسلامی بۆ کۆنترۆڵ کردنی هەواڵ و زانیاری  بە گشتی بە واتای سەرکوت و پێشێلکردنی مافی شارۆمەندانە.

  لەمڕۆدا دابین کردن و زەمانەت کرانی ئێنترنێتی گشتی و گونجاو لە زومڕەی مافە بنەڕەتیەکانی بەشەرە. بڕینی ئێنترنێتی خەڵک لە لایەن حکومەتەوە هەوڵێکی نەخشە بۆ کێشراوە بۆ سەرکوت، پێشێل کردنی ئازادی بەیان، بەرگرتن لە بڵاو بوونەوەی هەواڵی ڕاست و دروست، و بڕینی پێوەندی خەڵکە بەیەکەوە.

پێوەندی حکومەتی ئیسلامی لەگەڵ خەڵکدا پێوەندیەکی تاک لایەنەیە. کاربەدەستانی حکوموتی دەست ڕاگەیشتن بە ئامرازەکانی پێوەندی گشتییان خستۆتە ژێر چنگی خۆیانەوە و بە نەشیاو ترین ئەدەبیات سوکایەتی بە خەڵک دەکەن. زمانشڕی کاربەدەستانی ڕژیم بەرانبەر بە خەڵکی ناڕازای و نەیاران لەم رۆژانەدا بەشێک لە پێوەندیەکی یەکلایەنەیە کە ڕژیم، بەتایبەت بە بڕینی ئێنترنێت، توندتری کردۆتەوە.

جیا لە ڕاگەیەنەرە تەبلیغاتیەکانی وەک تەلەویزیۆ، رۆژنامەکان، گۆڤارەکان، بڵاوکردنەوەی کتێب و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، حکومەتی ئیسلامی لە ئیمام جومعەکان، لە نزیکەی نیو ملیۆن ئاخوند، تەلەبە و پڕسونێلی ناوەندە مەزهەبیەکان لە تەبلیغات و بڵاوکردنەوەی خورافە و نەزانی دا کەڵک وەردەگرێت.

لە بارودۆخێکدا کە سەرجەم بڵندگۆ حکومەتیەکان، هەموو دامودەزگا تەبلیغاتیەکان، بە گشتی لە ئیختیار حکومەت دایە، بڕینی ئێنترنێت بێجگە لە پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی ئینسانیی خەڵک هیچ واتایەکی تری نییە.

  بەڵام ئەم هەوڵە کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەیەی ڕژیمی ئیسلامیش بە هیچکوێ ناگات.هەروەک چۆن، هەوڵەکان بۆ بەرگرتن لە کەڵک وەرگرتن لە ویدۆ و ماهوارە و ناردنی پاڕازیت بۆسەر ڕادیۆ و تەلەویزیۆنەکان، دەردی ڕژیمی چارەسەر نەکرد. گەشەی رۆژ لە رۆژ زیاتری زانست و تێکنولۆژی، بەرز بوونەوەی ئاستی مهارەت و کارزانی بەرەی لاو و ناڕازی، پیلانی کۆنەپەرستانە و سەرکوتگەرانەی حکومەت لە بواری بڕینی ئێنترنێتیشدا بەرەو رووی شکست و ناکامی دەکاتەوە.