کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
به‌لگه‌ نامه‌كان

بڕیارنامەی کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە سەبارەت بە خەباتی یەکگرتووانەی مامۆستایان

final 2 360

 

1-    کۆمەڵگای ئێران لەبەردەم ئاڵ و گۆڕێکی چارەنووس سازدایە. لەلایەکەوە بێکاری، قووڵتر بوونەوەی کەلێنی چینایەتی، پەرەسەندنی وایرۆسی کڕۆنا هاوکات لەگەڵ سەرکوتی خوێناوی و بێبەزەییانە، لەلایەکیترەوە ناڕەزایەتی، مانگرتنی هەرڕۆژە، نەفرەت و بێزاری لە کۆماری ئیسلامی و هیوا بە کۆتاییهاتن بە دەسەڵاتە فاشیستییەکەی، وێنایەکە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران. ناڕەزایەتی و مانگرتنە کرێکارییەکان، خانەنشین کراوان، مانگرتن و کۆبوونەوەی سەراسەری و یەکگرتووانەی مامۆستایان لە سەرەوەی خەبات و بەربەرەکانێ لە دژی کۆماری ئیسلامیدان.

2-    بزوتنەوەی ئەمڕؤی مامۆستایان وەک بەشێک لە چینی کرێکار، رێکخراوترین و یەکگرتووانەترین بەشی ئەو چینە، لە حەرەکەتێکی سەراسەری و بەردەوامدا بۆ بەدەست هێنانی ماف و داخوازییە رەواکانی خۆی تێدەکۆشێت. خاڵی بەهێزی بزوتنەوەی مامۆستایان لەچاو بزوتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی تر بریتییە لە یەکگرتوو بوونی توێژی مامۆستایان و هەبوونی ناوەندێکی رێبەریی وەک ” شۆڕای هاوئاهەنگی رێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیانی ئێران”. بزوتنەوەی مامۆستایان لە ئاست گرتن و زەبەر و زەنگ و هەڕەشەکانی رژیمدا بەچۆکدا نەهاتووە و فریوی وادە و بەڵێنییە درۆیینەکانی رژیمی نەخواردووە.

3-    داواکاری مامۆستایان بریتییە لە: گەڵاڵەی پۆلێنبەندی، بەرزکردنەوەی حەقدەستی مانگانە، هاوتا کردنی حەقدەستەکان، ئازادی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو، فێرکردن و بارهێنای بەخۆڕایی. پشتگوێ خستنی خواست و داواکارییەکانی مامۆستایان، گرتن و زیندانی کردنی هەڵسووڕاوانی پێشڕەوی ئەم بزوتنەوەیە و گەڵاڵەی نیوە و ناتەواو و فریوکارانەی مەجلیس سەبارەت بە “گەڵاڵەی پۆلێنبەندی”، نەیانتوانیوە بزوتنەوەی سەراسەری مامۆستایان خامۆش بکات.

4- هێزی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان، جگە لە شێلگیری و بەردەوام بوونیان لەسەر ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی هەتا ئێستایان، لە راکێشانی پشتیوانی و هاوخەباتی بەشەکانی تری بزوتنەوەی کرێکاری، بەتایبەت کرێکارانی ناوەندە پیشەییەکان، لەوانە کرێکارانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و پترۆشیمی، خوێندکاران و بنەماڵەکانیاندایە.

5 –   کۆمەڵە چ لە کوردستان وەک رێکخراوێکی چەپ و شۆڕشگێڕ و چ لە ئاستی سەراسەریدا وەک بەشێک لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، خۆی بە پشتیوان و هاوخەباتی بێ درێغ و شێلگیری بزوتەوەی حەقخوازانەی مامۆستایان دەزانێت.

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە، وێڕای پشتیوانی و پێداگری لەسەر ئازاد بوونی دەستبەجێی مامۆستایانی بەندکاراو و سەرجەم زیندانیانی سیاسی، ڕێزدەگرێت لە ئیرادە و هاوپشتی یەکگرتووانەی مامۆستایان لە ناڕەزایەتی و مانگرتنەکانی هەتا ئێستایان لە سەەراسەری ئێران و لەوانە بەشداری بەرچاو و چالاکانەی مامۆستایانی کوردستان لەو حەرەکەتە رەوا و مافخوازانەیەدا لە ئاست رژیمی سەکوتگەر و جنایەتکاری کۆماری ئیسلامیدا. هەروەها داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی شۆڕشگێڕ و ناڕازی کوردستان دەکات چالاکانە و بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە خەبات و ناڕەزایەتی بوێرانەی  مامۆستایان پشتیوانی بکەن.

 

کۆنگرەی ١٨ی کۆمەڵە

رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ مانگی ژانوییەی ٢٠٢٢