ڕژیمی كۆماری ئیسلامی به ڕاگه‌یاندنی و ئیجرای هاوكاتی به‌رز كردنه‌وه‌ی قیمه‌تی بێنزین له ڕۆژی ٢٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ر و خافڵگیر كردنی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵك، به‌كرده‌وه بێبه‌شانی شار و لاوانی وه‌گیان هاتوو له هه‌ژاری و بێكاریی به‌ره‌و ڕاپه‌ڕین برد تا به پێی نه‌خشه‌ی له‌پێشدا داڕێژراوی خۆی، ڕاپه‌ڕینه‌كه‌یان هه‌ر له یه‌كه‌مین ساتهكانیهوه به شێوه‌یه‌كی خوێناوی سه‌ركوت كات. كۆماری ئیسلامی ده‌یهه‌ویست یه‌ك ڕۆژه ئاگری تووڕه‌یی پنگ خواردووی بێبه‌شان خامۆش كات و به قسه‌ی خۆی كۆتایی به “فیتنه‌ی ئاژاوه‌گێڕان” بێنێت. به‌ڵام خرۆشی هه‌ژارانی پهرواوێزخراو و خێرایی سه‌راسه‌ری بوونه‌وه‌ی ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ترسی خسته ناو دڵی كۆماری ئیسلامییه‌وه و لێكدانه‌وه‌كانی شێواند و بۆ جارێكی دیكه نیشانی دا كه چ ئاڵووگۆڕێكی قووڵی مێژوویی خه‌ریكه له ئێران ده‌خوڵقێت. ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و په‌ره‌سه‌ندنی برووسكهئاسای شه‌پۆلی خرۆشانی ئه‌و ئاخێزه بۆ زیاتر له ١٥٠ شاری ئێران، دیارده‌یه‌كی له ناكاو نه‌بوو. قه‌یرانی پێكهاته‌یی سه‌رمایه‌داری ئێران و دواهاته وێرانكه‌ره‌كانی سیاسه‌تی نێئۆلیبڕالیی ئابووری تێكه‌ڵ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ئایین و گه‌نده‌ڵی و ڕانت‌خۆری و هه‌روه‌ها پانتایی بێ وێنه‌ی هه‌ژاری و فهلاكهتی ئابووریی سه‌پێندراو به‌سهر زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران، زۆر پێشتر به‌ستێنه واقعیه‌كانی ئه‌و شۆڕشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی ئاماده كردبوو. گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره و توندتر بوونه‌وه‌ی گه‌مارۆ ئابووریه‌كان، دابه‌زینی ئه‌رزشی ڕیال و هاتنه خواری توانای كڕینی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی كۆمه‌ڵ، ئه‌و به‌ستێنانه‌ی پته‌وتر كرد و ڕه‌وتی ڕوو له گه‌شه‌ی مانگرتن و ناڕه‌زایه‌تی كرێكاری، خه‌باتی سه‌رتاسه‌ری موعه‌لیمان و خانه‌نشینان، سه‌رهه‌ڵدانی دووباره‌ی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری و حزووری پڕ جوش و خرۆشی ژنان له‌و خه‌باته‌دا، ئیمكانی وه‌دی هاتنی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ی مسۆگه‌ر كرد.
هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم به پێی پیلان و نه‌خشه‌ی داڕێژراو، به‌ریان به هه‌موو جۆر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانی سه‌رشه‌قام گرت و له زۆربه‌ی ئه‌و شارانه‌ی كه ناوه‌ندی ناڕه‌زایه‌تی بوون، هه‌ر له یه‌كه‌مین ساتهكانهوه، شه‌ڕ و ئاڵۆزیی سه‌رشه‌قامیان به‌سهر ناڕازیاندا سه‌پاند. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان له ده‌ستپێكی ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندا، گولله‌یان به‌سهر سه‌ر و سینگی ناڕازیاندا باراند و جۆگه‌له‌ی خوێنیان وه‌ڕێ خست، ناڕازیانیش ڕێگایه‌كیان بۆ نه‌ماوه بێجگه‌له ئه‌وه‌یكه به هه‌ر وه‌سیله‌یه‌ك كه له ده‌ستیان دایه به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه. له حاڵێكدا كه ناڕازیان نه پێشكاریهكیان كردبوو و نه ئاماده‌یی ئه‌وه‌یان بوو كه بیر له شه‌ڕی نیهایی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام تواناكانی خۆیان له گرتنه به‌ری تاكتیكی گونجاو‌دا نیشان دا. لاوانی پڕ جوش و خرۆش به تاكتیكی به‌ستنی ئۆتووبان و شه‌قام و چوارڕاكان، هه‌وڵیان دا تا پێش له هاتووچۆی خێرای هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان بگرن و له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان له شوێنه جۆراوجۆره‌كانی شار، هێزی دوژمنیان لێك بڵاو كرد. كاتێك كه ناڕازیان له به‌رامبه‌ر دو‌ژمنێك كه شه‌ڕی هاوشێوه‌ی شه‌ڕی نیهایی به‌سهر دا سه‌پاندبوون، خۆیان بێ چه‌ك بینی، به ده‌ستی به‌تاڵ و به‌وپه‌ڕی بوێری و فیداكاریه‌وه هێرشیان كرده‌سه‌ر ناوه‌ندی ئایینی و بانكه‌كان، كه سه‌مبۆلی ده‌سه‌ڵاتی ئایین و سه‌رمایه‌ن، ئاگریان تێبه‌ردان و گۆشه‌یه‌كیان له هێزی به‌زه‌به‌ری شۆڕش به دوژمنی دژه شۆڕش نیشان دا. له ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا، زۆرتر خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی په‌راوێزی شاره‌كان هه‌ستان و كرێكارانی ناوه‌نده گه‌وره سه‌نعه‌تیه‌كان كه به خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان به‌ستێنی فیكریی ئه‌و ئاخێزه سهرتاسهریهیان دابین كردبوو، ئه‌م جاره‌یان ده‌رفه‌تیان نه‌هێنا كه به مانگرتنه‌كانی خۆیان له ناوه‌نده‌كانی به‌رهه‌مهێنان، به ڕاپه‌ڕینی هاوچینه‌كانی خۆیان په‌یوه‌ست بن و ئه‌وه‌ش خۆی یه‌كێك له كه‌م و كوڕیه‌كان و خاڵه لاوازه‌كانی ئه‌و ئاخێزه گشتییه بوو. به‌ڵام چینی كرێكار له ئه‌زموونی ئاخێزی خه‌زه‌ڵوه‌ردا به‌قه‌د چه‌ندین ساڵ فێر بوو و ئه‌و ده‌رسه‌ی كه لێی وه‌رگرت، فه‌رامۆشی ناكات.
ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر وه‌ك درێژه‌ده‌ری ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦، بزووتنه‌وه‌یه‌كی مه‌زنی سیاسی له پانتاییه‌كی گه‌وره‌تر و به‌هێزتردا بوو كه هه‌ژارانی شار و لاوانی بێكار و په‌راوێزخراو، مۆتۆری حه‌ره‌كه‌ته‌كه‌ی بوون. ئه‌و بزووتنه‌وه سه‌رتاسه‌ریه وه‌ك هه‌موو بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی سیاسی، هاوسه‌نگیی هێزی به قازانجی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی دژبه ڕژیم گۆڕیوه و به‌ستێنێكی گونجاوتری بۆ په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی ئابووری و سیاسی دابین كردووه. ئه‌و ئاخێزه سه‌رتاسه‌ریه دووباره ڕێگای بۆ گه‌شه‌ی خه‌باتی ئابووری و سیاسیی كرێكاران و بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی خۆش كرد. ئه‌و ئاخێزهش هه‌روه‌ك ئاخێزی مانگی به‌فرانبار، په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی كرێكاران و حه‌ره‌كه‌ته ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی لێده‌كه‌وێته‌وه و نیشانی ده‌دا كه ئه‌و ئاخێز و شه‌پۆله خرۆشانانه چلۆن ده‌بێته بزوێنه‌ری به‌هێز بۆ خه‌باتی ئابووری و سیاسی و مه‌یلی ده‌روونیی كرێكاران بۆ هاتنه مه‌یدانی خه‌بات توندتر ده‌كاته‌وه.
ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر بۆ جارێكی دیكه هێزی خه‌باتكارانه‌ی شاراوه‌ی له ناوچه په‌راوێزنشینه‌كان به هه‌موان نیشان دا. ئه‌و ناوچانه‌ی كه زیاتر بنه‌ماڵه كرێكاریه‌كان و هه‌ژارانی شار تێیدا نیشته‌جێن و له باروودۆخێكی ناله‌باری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریدا به‌سهر ده‌به‌ن. بێ گومان ڕه‌وتی ڕوو له گه‌شه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و مانگرتنه‌كان له ناوه‌نده گه‌وره كرێكاریه‌كان و بوونی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی و ڕۆڵی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری له ڕێبه‌ری كردنی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا كه به ده‌یان جۆر له‌گه‌ڵ هه‌ژارانی په‌راوێزنیشینی شاره‌كان گرێ دراوه، له خوڵقاندنی به‌ستێنه زهینیهكانی ئه‌و شۆڕشه‌دا كاریگه‌ر بوون. ئه‌زموونی ئاخێزی سه‌رتاسه‌ریی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و به‌شداریی لاوان و خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش له‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌دا ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌یه كه ئه‌و ترسه‌ی ڕژیم كه له ڕێگه‌ی ماشێنی سه‌ركوته‌وه به‌سهر كۆمه‌ڵی داده‌سه‌پێنێ، جێگای خۆی داوه به تووڕه‌یی و هاوپشتی و موقاومه‌ت. ئه‌و گۆڕانكاریه به‌ستێنێكی گونجاوتری بۆ هه‌نگاو هه‌ڵێنان له پێناو پێكهێنانی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندی و خه‌باتی ڕێبه‌رانی مه‌حه‌لی و پێكهێنانی ناوه‌ندی جه‌ماوه‌ری و شۆرایی وه‌ك ئۆرگانی خه‌باتكارانه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كان، خۆڵقاندووه.
ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و پانتایی ئه‌و جه‌نایات و كوشتاره ڕێكخراوه‌ی كه هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كانی ڕژیم دژبه هاووڵاتیانی ناڕازی ئه‌نجامیان دا، دژایه‌تیی تاقمی ده‌سه‌ڵاتداری له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، ئاشتی هه‌ڵنه‌گر كردووه. سه‌رانی ڕژیمی ئیسلامی به ئاژاوه‌گێڕ و شه‌ڕه‌نگێز ناولێنانی هاووڵاتیانی وه‌گیان هاتوو له هه‌ژاری و بێكاری و به ته‌قه كردن لێیان، ترسی قووڵی خۆیان له په‌ره‌سه‌ندن و به‌هێزتر بوونی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان وه‌ده‌رخست. ئه‌و ڕژیمه جه‌نایه‌تكاره كه هیچ كات ڕه‌وا نه‌بووه ئه‌مجاره‌یان ته‌نیا به پشت به‌ستن به سه‌رنێزه و توندوتیژیی تۆخ توانیی درێژه به ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بدات.
پاش ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر و له‌و جێگه‌وه كه به‌كار هێنانی تۆندوتیژیی تۆخ له هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ خه‌ڵك، بژارده‌ی سه‌ره‌كیی كۆماری ئیسلامی بووه، ئارایشی سیاسی هێزه‌كان له پێكهاته‌ی ڕژیمدا، نیزامیتر ده‌بێته‌وه و فه‌رمانده‌كانی سپا زیاتر دێنه مه‌یدان. ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر وه‌ك زه‌نگی “مه‌ترسیی شۆڕش“، وێده‌چێ كێشه‌كانی نێوان باڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر سازش له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا به مه‌به‌ستی كۆتایی هێنان به گه‌مارۆكان و پێكهێنانی كرانه‌وه‌ی ئابووری له پێناو ده‌رباز كردنی ده‌وڵه‌ت له داڕمانی ماڵی، توندتر بکاته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه، ڕه‌وتی لێكبڵاوبوونی ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی توندتر ده‌كاته‌وه. به توندبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری، چینی مامناوه‌ند كه وه‌ك پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی ڕێفۆرمخوازهكانی حكوومه‌تی به حیساب دێت زیاتر لێكههڵدهوهشێت و به‌شێكیان به چینه‌كانی خوارتری كۆمه‌ڵ په‌یوه‌ست ده‌بن. له بوار سیاسیه‌وه له‌ژێر كاریگه‌ریی ئاخێزه جه‌ماوه‌ریه‌كان و كه‌وتنی بۆشایی له‌ناو ڕێبهریاند، توێژه‌كانی خواره‌وه‌ی ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی كه به ستراتێژی ڕێفۆرمی ڕژیم خۆشباوه‌ڕ بوون به ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی ئێستا په‌یوه‌ست بوون و به‌شێكی دیكه‌شیان به‌ره‌و ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوا لیبڕاڵی لایه‌نگری ڕۆژئاوا مه‌یلیان په‌یدا كردووه. ئه‌و گۆڕانكاریانه نیشانی ده‌دا كه لێكهه‌ڵوه‌شانی پایه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ڕژیم خێراتر بووه‌ته‌وه.
ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، له بوار كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، ستراتێژی سیاسیی ئه‌و به‌شه له ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی ئێران كه له‌سه‌ر تێپه‌ڕینی ئارام له كۆماری ئیسلامی پێداگری ده‌كرد، دایه به‌ر ڕه‌خنه. ئه‌گه‌ر ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦ به درووشمی ” ئیسلاح ته‌ڵه‌ب، ئۆسوولگه‌را، ئیتر ته‌واو بوو ماجه‌را“، كۆتایی به دوو ده‌یه زاڵ بوونی گوتاری ڕێفۆرمخوازانی حكوومه‌تی به‌سهر كه‌ش و هه‌وای سیاسی ئێران‌دا هێنا، ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ریش زه‌ربه‌یه‌كی قورسی له گوتاری تێپه‌ڕینی ئارام و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ شۆڕش له‌ژێرناوی دووری كردن له توندوتیژی، دا. ستراتێژی سیاسی و ڕێگاچاره‌ی ئه‌و به‌شه له ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی له‌ژێر ناوی به‌ڕێوه‌بردنی ڕێفراندۆمی قانوونی ئه‌ساسی و به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردنی ئازاد، بۆ ده‌ست به ده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵات له سه‌رووی جه‌ماوه‌ره‌وه، زیاتر له جاران كه‌مڕه‌نگ بۆوه. به‌كار هێنانی ئه‌و ڕاده‌یه له توندوتیژی حاكمانی دین و سه‌رمایه دژبه ناڕه‌زایه‌تی ڕه‌وای هه‌ژاران و لاوانی بێكار و به‌كار هێنانی ته‌نیا گۆشه‌یه‌ك له زه‌بری شۆڕش له لایه‌ن ناڕازیانه‌وه دژبه توندوتیژیی دژه شۆڕش، زیاتر له جاران پێویستیه‌كانی ئاماده‌بوون بۆ تێپه‌ڕینی شۆڕشگێڕانه و كه‌ڵك وه‌رگرتن له زه‌بری شۆڕش بۆ ڕووخاندنی دوژمنی پڕچه‌ك، لهبوار كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه دێنێته ئاراوه. به ئاشكرا بوونی بنبه‌ستی ستراتێژی تێپه‌ڕینی ئارام، به‌ستێنه‌كانی پێشڕه‌ویی ستراتێژی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانه‌ی كۆماری ئیسلامی به پشت به‌ستن به بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری و باقی بزووتنه‌وه پێشڕه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان وه‌ك كرده‌وه‌یه‌كی شۆڕشگێڕانه بۆ لێستاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری له بورژوازی، زیاتر ئاماده ده‌بێت.
ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هه‌ژارانی شار و لاوانی بێكار و په‌راوێزخراوی له شاره گه‌وره و چكۆلهكانی ئێران، وهحهرهكهت خست. شاره‌كانی كوردستان و خوزستان كه له ئاخێزی مانگی به‌فرانباری ٩٦دا تا ڕاده‌یه‌ك له حه‌ره‌كه‌تی سه‌رتاسه‌ری جێ مان، له مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ردا، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به شێوه‌یه‌كی به‌رین هاتنه مه‌یدان. له كوردستانیش، كرده‌وه‌ی هێزه سه‌ركوتگه‌ره‌كان بۆ خوێناوی كردنی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه له شاره‌كانی كرماشان، جوانڕۆ، مه‌ریوان، بۆكان وسنه، بۆ جارێكی دیكه بێگانه بوونی سیاسه‌ت و ستراتێژی حیزبه ناسیۆنالیسته‌كانی كوردستانی له‌گه‌ڵ خه‌باتی مافخوازانه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه نیشان دا. له حاڵێكدا كه خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی كوردستان به پانتایی كۆمه‌ڵ نیشانیان دا كه بۆ ڕزگار بوون له چنگ كۆماری ئیسلامی ڕێگایه‌كیان جگه له هاوپشتی كردن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی سه‌رتاسه‌ری بۆ ڕووخاندنی یه‌كجاری ئه‌و ڕژیمه له به‌رده‌ست نییه، حیزبه ناسیۆنالیسته‌كان كه له زۆر پێشتره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕژیمه جه‌نایه‌تكاره كه‌وتوونه‌ته فازی وتووێژ و سازش، له ئێستاشدا چاوه‌ڕوانی ده‌وره‌یه‌كی دیكه‌ن بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ ڕژیم و به‌كرده‌وه به‌ره‌و جیا كردنه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری هه‌نگاو هه‌ڵدێننه‌وه.
ئاخێزی شۆڕشگێڕانه‌ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨، خاڵێكی وه‌رچه‌خانی دیكه بوو له خه‌باتی شكۆداری خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی ئێران له مه‌سیری ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی‌دا. هێزی بزوێنه‌ر و خه‌باتكاری جه‌ماوه‌ری بێبه‌شی شار، به‌هێزتر له‌وه بوو كه دوژمنی ڕیزبه‌ستوو بتوانێ به یه‌ك ڕۆژ سه‌ركوتی كات. ئه‌و ئاخێزه هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و ٧ ڕۆژه‌دا، سه‌ركه‌وتنی مه‌زنی له پێناو خه‌بات بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامی به‌ده‌ست هێنا كه بێ گومان حاكمانی دین و سه‌رمایه له دواهاته‌كانی گیان به سڵامه‌ت به‌ده‌ر نابه‌ن. بێ گومان ئێران ناگه‌ڕێته‌وه ده‌وره‌ی پێش ئاخێزی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر.
درێژه‌ی هه‌یه…