سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی باشووری كوردستان ئاماری پێشێلكارییاكانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن بۆ ساڵی ٢٠٢١ بڵاوكردەوە و بەپێی ئامارەكە، ١٨٧ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە و ٣٥ ڕۆژنامەنوسیش دەستگیركراون.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، ئاماری پێشێلکاریەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بۆ ساڵی ٢٠٢١ی زایینیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: ژمارەی ئەو پێشێلكارییانەی لەساڵی ڕابردوودا كراوە ٧٩ حاڵەت بووە و ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووس و دەزگایانەی پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە ١٨٧ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن بوون. بەپێی ئامارەكە، ١٧حاڵەتی دەستگیركردن، ٢٢ حاڵەتی هێرش و سوكایەتی ، ٤ حاڵەتی لێدان، ٢ حاڵهتی هەڕشە و ٣ حاڵهتی داخستنی نووسینگە و كەناڵ تۆمار كراوه. جێگای ئاماژهیه لە كۆی ئەو پێشێلكارییانە، ١٨٦ حاڵهتی بەرامبەر بە پیاو و یەك پێشێلكاریی بەرامبەر بە ژنان كراوە.