له سێ به‌رنامه‌ی پێشوودا باسی به‌ستێنی بابه‌تی و كۆمه‌ڵایه‌تی شكڵگرتنی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی ئێرانمان كرد. هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسی جیهانی ئه‌و سه‌رده‌م و ده‌وری زلهێزه‌كان له گۆڕانكاری ئه‌و ده‌وره‌یه‌مان ده‌ستنیشان كرد و له درێژه‌ی ئه‌و باسه‌دا ده‌چینه سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخێك كه بووه هۆی هاتنه سه‌ر كاری رژیمی ئیسلامی له ئێران.
له راستیدا حه‌ره‌كه‌تی ئیسلامیش، لایه‌نێكی به‌هێز بوو له‌و سه‌رهه‌ڵدانه جه‌ماوه‌رییه. لایه‌نێك كه به پێچه‌وانه‌ى لایه‌نه‌كانى تر، خاوه‌ن رێبه‌ر بوو، دامه‌زراوه‌كانى تایبه‌ت به خۆى هه‌بوو، خاوه‌ن بنه‌ماى فیكرى خۆى بوو و به‌درێژایى ساڵانێكى زۆر وه‌ك ده‌وڵه‌تێك له ناو ده‌وڵه‌تدا، له كۆمه‌ڵگاى ئێران‌دا ژیابوو.
ئه‌گه‌ر چاوخشاندنێكمان بێت به‌سه‌ر مێژووى یه‌ك سه‌دساڵه‌ى ئێران، واته له شۆرشى مه‌شروته‌وه به‌ره‌و ئه‌ملا، ده‌بینین كه له سه‌ده‌ى رابردوودا، كۆمه‌ڵگاى ئێران سێ گوڕانكارى به‌رچاو و گرینگى سیاسى به‌خۆوه بینیوه.
هه‌ر جاره‌و كۆمه‌ڵگاى ئێران به سه‌ر قۆناغێكى قه‌یراناویدا تێپه‌ڕیوه و له هه‌ر سێ جاره‌كه‌دا، دۆسییه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى كراوه‌ته‌وه و چووه‌ته ژێر پرسیاره‌وه. هه‌رجاره‌و ئیمكانى گۆڕ‌انى ده‌سه‌ڵاتى سیاسى، به پشت به‌ستن به هیزى جه‌ماوه‌ر هاتووه‌ته ئاراوه، به‌ڵام هه‌موو جارێكیش خه‌باتی جه‌ماوه‌ر بۆ وه‌ده‌ست هێنانى ئازادى و ژیانێكى باشتر رووبه‌رووى شكست بووه‌ته‌وه. بێگومان خوێندنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنى لایه‌نه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ریزبه‌ندیی هێزه سیاسیه‌كان له هه‌ر كام له‌و سێ ده‌وره‌یه‌دا بۆ تێگه‌یشتنێكى بنه‌ڕه‌تى له شوێنى راسته‌قینه‌ى ئه‌م شكستانه، یارمه‌تیمان ده‌دات.
به درێژایى مێژووى ئه‌م سه‌دساڵه، به تایبه‌ت له ده‌سپێكى سێ دهورهى قه‌یراناوى و ناسه‌قامگیر، واته شۆڕشى مه‌شروتیه‌ت ١٢٨٥–١٢٩٩، دهورهى پاش رووخانى دیكتاتوری بیست ساڵه‌ى ره‌زاشا و شه‌ڕى دووهه‌مى جیهانى١٣٢٠ – ١٣٣٢ و سه‌رئه‌نجام دهورهى شۆڕشى دژه سه‌ڵته‌نه‌تى ١٣٥٧– ١٣٦٣، سێ ڕه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی بوون كه وێڕای حیزب و گرووپه‌كانی هه‌ڵگرى ئه‌و بۆچوونانه، كه‌م و زۆر وه‌به‌رچاو دێن.
یه‌كه‌م ڕه‌وت كه به هه‌موو توانایه‌وه تینووى وه‌رگرتنى ده‌سه‌ڵات بووه و هه‌یه، ڕه‌وتى سیاسی–ئایینى شیعه‌یه. ئه‌م ڕه‌وته به‌رده‌وام به شێوه‌ى ده‌وڵه‌تێكى ناو تارمایى، له مێژووى یه‌ك سه‌دساڵه‌ى ئه‌م دواییانه‌ى كۆمه‌ڵگاى ئێران‌دا بوونی هه‌بوه و به‌شێكى زۆر له چۆنیه‌تى كاروبارى رۆژانه‌ى جه‌ماوه‌ر له لایه‌ن ئه‌م ڕه‌وته‌وه به‌ڕێوه براوه، له كاروبارى پێوه‌ندى دار به مهحكهمهوه بگره تا پێكهێنانى خێزان و ته‌ڵاق و هتد.
به تایبه‌ت ده‌سكه‌وتى ماڵى ئه‌م ده‌وڵه‌ته له سه‌رچاوه‌ى شوێنه وه‌قف كراوه‌كان، له دوكان و خانوو به‌ره‌وه بگره تا هه‌زاران پارچه زه‌وى كشت وكاڵى و تۆڕى كۆكردنه‌وه‌ى وجوهاتى ئایینى له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه و خه‌رج كردنیان له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، مه‌جال و ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى پێدرا بوو تا رێكخراوێكى پان و به‌رین و ده‌وڵه‌مه‌ند، له ژێر كونترۆڵى بێ هاوتاى مه‌رجه‌عییه‌تى شێعه‌دا پێك بهێنێت.
له لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌م ڕه‌وته خاوه‌ن رێكخراوی تایبه‌ت به خۆی بوو كه له لایه‌ن كه‌سانێكى به‌ناوبانگه‌وه رێبه‌رى ده‌كرا. به تایبه‌ت كه شه‌ریعه‌تى ئیسلامى و ئه‌و ته‌فسیرانه‌ى كه ئه‌م یان ئه‌و مه‌رجه‌عى ته‌قلید له شه‌ریعه‌ت ده‌یكرد، وه‌ك پلاتفورمێكى سیاسى ـ كۆمه‌ڵایه‌تى رێك و پێك و ئاماده‌ى په‌یڕه‌وى كردن، له به‌رده‌ستیاندا بوو. پێوه‌ندى ئه‌م ڕه‌وته له‌گه‌ڵ ڕژیمی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رده‌وام دوو ڕووى جیاوازى سۆز و نه‌فره‌ت بووه. به‌شێكى زۆرى ئه‌م ڕه‌وته له ده‌سپێكى شۆڕشى مه‌شروتیه‌تدا، به ناچار له شۆڕشدا به‌شدارى كرد، به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌كى كورت، سه‌ره‌تا نامۆیى خۆى له ئامانجه ئازادیخوازییهكانى شۆڕشى مه‌شرووتیه‌ت ده‌ربڕى و په‌ناى بۆ مه‌شرووعه برد و دواتر به ته‌واوه‌تى پشتى له ئامانجه‌كانى شۆڕش كرد.
له دهورهى شه‌ڕى دووهه‌مى جیهانیدا و له سه‌رده‌مى موسهدیقدا، دیسان له گۆڕه‌پانى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى ئێران‌دا چاومان به بوونى ئه‌م ڕه‌وته ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر چه‌ند له‌م ده‌وره‌دا ئه‌و ڕه‌وته له په‌راوێزدا بوو، به‌ڵام له ئاست توانایى خۆیدا زیانى گه‌یانده بزووتنه‌وه‌ی دیموكراسیخوازیی ئێران.
هه‌ر ئه‌م ڕه‌وته بوو كه له سه‌رده‌مى شۆڕشى ٥٧ (دهورهى سێهه‌م) به سه‌رهه‌ڵدانى شه‌پۆله‌كانى شۆڕش، كه‌وته جم و جۆڵ و له كۆتاییدا به زاڵ بوون به سه‌ر ڕه‌وته‌كانى تردا و دواى كۆنترۆل و سه‌ركوت كردنى شۆڕش، ده‌ستى به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرت.
ڕه‌وتی دووهه‌م ـ ڕه‌وتى ناسیونالیست ـ لیبراڵى لایه‌نگرى رۆژئاوایه. سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنى ئه‌م ڕه‌وته، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شكڵ گرتنی به‌ره‌به‌ره‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی سه‌رمایه‌دارى له ئێران و ساڵه‌كانى سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌م. رێبه‌ران و تێئۆریسیهنهكانى ئه‌م ڕهوتهبوون كه فه‌رهه‌نگى مودێڕنى سه‌رده‌مى خۆیان له ئورووپاوه گواسته‌وه بۆ ئێران.
حزووری كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌م ڕه‌وته له شۆڕشى مه‌شروتیه‌تدا ده‌بیندرێ. ئه‌م ڕه‌وته له دوایین ساڵه‌كانى دهورهى دووهه‌مدا (١٣٣٢ ـ ١٣٢٠) له سیمای ده‌وڵه‌تى موسهدیقدا، ئاڵاهه‌ڵگرى خۆماڵى كردنى نه‌وت و سه‌ربه‌خۆیى سیاسى ئێران بوو. ئه‌م ڕه‌وته له دهورهى شۆڕشى ٥٧دا له به‌رامبه‌ر ڕه‌وتى ئایینى دا چۆكی دادا و سه‌رى ته‌سلیم بوونی بۆ دانه‌واند. ده‌بێ ناكارامهیى و هۆكارى بێ توانایى ڕه‌وتى ناسیونالیست ـ لیبراڵ له نواندنى رۆڵى سیاسى كاریگه‌ر له شۆرشى ٥٧دا، له پێگه‌ى چینایه‌تى ئه‌م ڕه‌وته‌دا بدۆزینه‌وه. چاكسازییه‌كانى شا بنه‌ماى كۆمه‌ڵایه‌تى گه‌شه‌ى ئه‌م ڕه‌وته‌ى لاواز كردبوو. ئه‌مانه به درێژایى دهورهى حكومه‌تى شا له ره‌خنه‌گرێكى بێ ئازارى (ئۆلیا حه‌زره‌ت) زیاتر نه‌بوون. به‌شێك له‌م ڕه‌وته كه له ناو ئوپۆزسیونى شادا جێیان گرتبوو، توانایى وروژاندنى جه‌ماوه‌رى نه‌بوو. هه‌ر بۆیه توانای فریودانهكهشی له‌چاو ڕه‌وتی ئیسلامی سنووردار بوو.
له دهورهى شۆڕشى ٥٧دا، هاوپه‌یمانانی ڕه‌وتى ناسیونالیست ـ لیبراڵی لایه‌نگرى رۆژئاوا باوه‌ڕیان به توانایى ئه‌و ڕه‌وته بۆ كونترۆڵى شه‌پۆله‌كانى شۆڕش نه‌مابوو. ئه‌مه‌ش بوه هۆى ئه‌وه كه ئه‌م ڕه‌وته له وه‌رگرتنى پشتگیرى رۆژئاوا له به‌رامبه‌ر ڕه‌وتى ئیسلامی‌دا، پله‌ى دووه‌م وه‌ربگرێت. له‌م ده‌وره‌دا ئه‌م ڕه‌وته له‌ناو دڵی باروودۆخی شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مدا هیچ شانسێكى بۆ وه‌ده‌ست هێنانى ده‌سه‌ڵات نه‌بوو و ته‌نها له حاڵه‌تێكدا ده‌یتوانى ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرێت كه هێزێكى ده‌ره‌كى پاڵپشتى لێبكات. ئه‌و بنه‌مایه ئێستاش نه‌گۆڕاوه و هه‌ر ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌یكه پاشماوه‌كانى ئه‌و ڕه‌وته بۆ وه‌ده‌ست هێنانى ده‌سه‌ڵات چاوه‌ڕوانی هێرشى سه‌ربازى ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران بن.
ڕه‌وتى سێهه‌م، ڕه‌وتى چه‌پ و سۆسیالیسته. رابردووى مێژوویى ئه‌م ڕه‌وته له ئێران‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مانێك كه كرێكارانى ئازه‌ربایجان و پارێزگاكانى باكوورى ئێران، به مه‌به‌ستى كاركردن له كێڵگه نه‌وتییه‌كانى باكۆدا ڕوویان ده‌كرده ئه‌و ناوچه‌یه. ئه‌و كرێكارانه له‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی شۆڕشگێرانه و چینایه‌تى سۆسیال ـ دیموكراتیك ئاشنا بوون. شۆڕشى ١٩٠٥ ڕووسیه رۆڵێكى گرینگى هه‌بوو له چاندنى تۆوى ئاگابوونهوهى چینایه‌تى له ناو ئه‌و كرێكاره كۆچ كردووانهى كه له كێڵگه‌كانى نه‌وتى باكۆدا كاریان ده‌كرد.
ئه‌م ڕه‌وته كه له دهورهى شۆرشى مه‌شروتیه‌تدا، هاوپه‌یمانى جیدى ڕه‌وتى لیبراڵ و نه‌ته‌وه‌خواز بوو، به پێكهێنانى حیزبى (ئیجتماعیون ـ عامیون) و دواتر پێكهێنانی یه‌كه‌مین حیزبى كۆمۆنیستى ئێران له ساڵى 1299ى هه‌تاویدا، پێى نایه ناو گۆڕه‌پانى خه‌باتى سیاسى و له ساڵه‌كانى دواتردا وێڕای گشت ئه‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ى كه له‌سه‌ر ڕێگه‌یدا ده‌ركه‌وتن، بوو به یه‌كێك له ڕه‌وته به‌شداره گرینگه‌كانى گۆڕه‌پانى تێكۆشانى سیاسى ئێران. ئه‌م ڕه‌وته كه بۆ ماوه‌ى ده‌یان ساڵ به‌سه‌ر فه‌زاى فیكرى، سیاسى و فه‌رهه‌نگى رۆشنبیرانى كۆمه‌ڵگاى ئێران‌دا زاڵ بوو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه به هۆى هۆگربوونی حیزبى توده به سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كیه‌تى سۆڤیه‌ت، زیانى به‌رچاوى به‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام به‌رده‌وام رۆڵى خۆى له گۆڕه‌پانى تێكۆشانى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ئێران‌دا ده‌پاراست.
ئه‌م ڕه‌وته له دهورهى شۆڕشى ٥٧دا به هۆى ناكۆكیی فیكرى و باڵباڵێنى سیاسى و تهشكیلاتییهوه، نه‌یتوانى به پێى قورسایى خۆى له‌و هه‌ل ومه‌رجه له‌باره كۆمه‌ڵایه‌تییه كه‌ڵك وه‌ربگرێت و هاوسهنیگیهكی گونجاو له‌ناو هێزه سیاسییه‌كاندا پێك بهێنێت، كه له پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدا بێت. هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه هۆى ئه‌وه‌یكه دواتر له لایه‌ن دسه‌ڵاتى دواكهوتوخوازى حاكمه‌وه سه‌ركوت بكرێت.
هۆكارى شكستى ئه‌م ڕه‌وته لاوازبوونى پێگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه چینى كرێكار له شۆڕشى ٥٧دا به مانگرتن و به‌شدارى هه‌مه‌لایه‌نه‌ى خۆى له‌و شۆڕشه‌دا پشتى رژێمى شاى شكاندبوو. هۆكاری شكستى ڕه‌وتى چه‌پ به‌ر له هه‌موو شتێك ئاكامی سه‌ركوتگه‌ریی وه‌حشیانه‌ی یه‌كه‌مین ساڵه‌كانی پاش شۆڕش بوو.
به‌مجۆره ده‌بینین كه كۆمه‌ڵگاى ئێران به درێژایى ئه‌م یه‌ك سه‌د ساڵه، له‌لایه‌كه‌وه گۆڕه‌پانی كێشمه‌كێشی ئه‌م سێ ڕه‌وته له‌گه‌ڵ یه‌كتر وله لایه‌كی تره‌وه دژایه‌تی كردنیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی زاڵ بۆ وه‌ده‌سهێنانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ناو جه‌رگه‌ی قه‌یرانه سیاسیه‌كاندا بووه. له دوایین قۆناغی ئه‌و شه‌ڕه‌دا واته له جه‌ره‌یانی شۆڕشی ٥٧دا، به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و باروودۆخ و هۆكارانه‌ی كه ئاماژه‌یان پێكرا، ڕه‌وتی ئیسلامی توانیی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ئێران زه‌وت كات.
كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران به شێوه‌یه‌كى خۆڕسك و له باروودۆخێكدا كه پێشتر ئاماژه‌مان پێكرد، دژ به رژێمى شا راپه‌ڕیبوون. به‌ڵام هێشتا ڕێبهریهكی شۆڕگێڕ و پێشكه‌وتنخواز بۆ رێنمایى ئه‌م بزووتنه‌وه پێكنه‌هاتبوو. ئاشكرایه كه له وه‌ها باروودۆخێكدا جه‌ماوه‌رى راپه‌ڕیو ناگه‌رێنه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان، به‌ڵكوو به پشت به‌ستن به یه‌كه‌مین و به‌رده‌ست ترین به‌دیل درێژه به بزووتنه‌وه‌كه‌یان ده‌ده‌ن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه خومه‌ینى بوو كه زووتر له‌وانى تر وه‌ها به‌دیلێكى خسته به‌رده‌م جه‌ماوه‌ر. ئامانجى چاوه‌ڕوانكراوی خومه‌ینی واته رووخانى شا دابین ببوو. كه‌وابوو ده‌بوایه ئاگرى شۆڕش دابمركێت. خۆمه‌ینی له‌و ڕۆژانه‌دا كه شۆڕشی ئێران ستراتێژیه‌كی ڕوونی نه‌بوو، ئامانجێكی ڕوون و به‌رچاوی خسته به‌رده‌م خه‌ڵك و لێبڕاوانه په‌یگیری كرد، “ڕۆیشتنی شا‌و و هیچیتر“. خۆمه‌ینی به‌پێی پێگه‌ی تایبه‌تی خۆی وه‌ك مه‌رجه‌عێكی ته‌قلید و چالاكوانی سیاسیی شیعه و به‌له‌به‌رچاوگرتنی پێشینه‌ی دژایه‌تیی له‌گه‌ڵ شا و ڕه‌خنه‌یه‌ك كه به یارمه‌تیی بۆچوونی دژه ڕۆژئاوایی له‌ناو توێژێك له ڕووناكبیرانی ئێران به‌ده‌ستی هێنابیوو، بوو به كه‌سایه‌تیه‌ك كه له ده‌وره‌ی شۆڕشی ٥٧ و نه‌بوونی ئاڵتێرناتیوێكی دیكه‌دا ، بتوانیی ئامانجێك كه توانای وه‌دی هاتنی ڕه‌خسابێت، به جه‌ماوه‌ری خرۆشاو نیشان بدات.