ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢١ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، دایكانی دادخوازی پاركی لاله‌ی تاران له به‌یاننامه‌یه‌كدا وێڕای شه‌رمه‌زاركردنی قه‌تڵی حكوومه‌تی “ئارمیتا گه‌راوه‌ند” له‌لایه‌ن ڕژیمه‌وه ڕایانگه‌یاند: سه‌ركوت و جهناهیت به‌پێی جیاوازی، تایبه‌تمه‌ندی حكوومه‌تی فاشیستی ئیسلامیه.
له به‌شێكی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتووه: ده‌سه‌ڵاتی دینی فاشیستی كۆماری ئیسلامی ماوه‌ی ٤٤ ساڵه به شێوه‌یه‌كی ئامانجدار، ژنان سه‌ركوت ئه‌كات و له‌و ماویه سه‌دان جۆر جه‌نایه‌تی ئه‌نجام داوه. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌ر له سه‌ره‌تاوه حكوومه‌ته‌كه‌ی به‌پێی سه‌ركوت، ئه‌منیه‌تی كردنی كۆمه‌ڵگا، نادادپه‌روه‌ری و جه‌نایه‌ت بۆنیادناوه سه‌ركوتی چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی، به‌ندكران و ئه‌شكه‌نجه‌ی ڕووناكبیران و كوشتن‌یان یان دوورخستنه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانی دیكه نه‌یتوانیوه خه‌ڵك له به‌رخۆدان و پێداگری له‌سه‌ر مافه ڕه‌واكانیان دوور بخاته‌وه. ئه‌مڕۆكه زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگا خوازیاری ڕووخانی ئه‌و حكوومهتهن و بزووتنه‌وی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی ئێران به‌رده‌وامه و دڵنیاین كه به سه‌ركه‌وتن ئه‌گات.