ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٨ی مانگی به‌فرانبار، ڕێوڕه‌سمی یادكردنه‌وه‌ی ١٧٦ سه‌رنشینی فڕۆكه‌ی ئۆكراینی كه به مووشه‌كه‌كانی سپای پاسداران گیانیان له‌ده‌ستدابوو، له‌چه‌ند شای ئێران و به به‌شداری به‌رینی خه‌ڵك به‌ڕێوه‌چوو.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كان، خه‌ڵكی قاره‌مانی سه‌قز به‌كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر گڵكۆی “ڕزگار ڕه‌حیمی” و منداڵه‌كه‌ی به‌ناوی “ژیوان” به خوێندنی سروودی شۆڕشگێڕانه و وتنه‌وه‌ی دروشم جه‌نایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامیان به توندی شه‌رمه‌زار كرد و ڕێزیان له یادی ته‌واوی گیانبه‌ختكردووانی ئه‌و ڕووداوه‌دا كرد، له‌لایه‌كی دیكه‌وه خه‌ڵكی ئازادیخوازی تاران له چه‌ند شه‌قامی ئه‌و شاره ڕژانه سه‌ر شه‌قام و دژبه ڕژیمی ئیسلامی دروشمیان به‌رز كرده‌وه، هه‌روه‌ها خه‌ڵكی نه‌جه‌ف ئاوای ئیسفه‌هان به‌شداری به‌رینیان له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا كرد و دروشمه‌كانی “هه‌ژاری، گه‌نده‌ڵی و گرانی، تا ڕووخانی دسه‌ڵاتتان ڕاپه‌ڕین به‌رده‌وامه”، “لاوه‌كانمان له زیندان، دۆلاره‌كان له لوبنان” و “ئه‌مساڵ ساڵی خوێنه، سه‌یدعه‌لی سه‌رنگوونه”یان به‌رز كرده‌وه.