ڕۆژی دووشه‌ممه ٢٩ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، مه‌راسمێك به بۆنه‌ی ساڵڕۆژی گیانبه‌ختكردنی “بورهان مه‌نسوورنیا” له شۆڕشی خه‌زه‌ڵوه‌ری ٩٨، له شاری كرماشان به‌ڕێوه‌چوو.
دكتۆر “بورهان مه‌نسوورنیا” ده‌رچووی قوناغی دوكتورای دامپزیشكی له زانكۆی كرماشان بوو و ڕۆژی ٢٥ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٨، له گه‌ڕه‌كی ده‌وڵه‌ت ئاوای كرماشان به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی سه‌ركوتگه‌رانی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ختی بریندار و پاش دوو ڕۆژ به‌سته‌ریبوون له نه‌خۆشخانه‌ی تاڵقانی، گیانی له پێناو ئازادی و به‌رابه‌ری دا به‌ختكرد. ڕۆژی دووشه‌ممه له چواره‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی قه‌تڵی حكوومه‌تی ئه‌و لاوه شۆڕشگێڕه، بنه‌ماڵه و كه‌سوكاری هاوڕێ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی ئازادیخواز له‌سه‌ر مه‌زاری كۆبوونه‌وه و به‌ڵێنیان دا درێژه‌ده‌ری ڕێگای پڕ شانازی بن.