قاسم ڕه‌زایی، جێنشینی فه‌رمانده‌ی ناجا، له سه‌فه‌ره‌كه‌ی بۆ كوردستان سه‌باره‌ت به نوێترین به‌رنامه‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی به‌دحیجابی و بێ‌حیجابی له ئێران ڕایگه‌یاند: “له‌مه‌به‌دوا به‌دحیجابان له شوێنی ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌یان سزا ده‌درێن”. ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه كه شه‌قامه‌كانی شاره گه‌وره‌كانی ئێران ده‌بنه مه‌یدانی مانۆڕی هێزه‌كانی ڕژیم به بێ ئه‌وه‌یكه پێبه‌ند به هیچ یاسا و ڕێسایه‌ك بن. له درێژه‌ی هه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته‌دا گه‌ڵاڵه‌كانی وه‌ك “گه‌ڕانی ته‌له‌فون به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی وێنه‌ی به‌دحیجابی، ناردنی په‌یامی جه‌ریمه‌ی به‌دحیجابی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه له‌گه‌ڵ به‌دحیجابی له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كان”، كه ماوه‌یه‌ك به فه‌رامۆشی سپێردرابوون، بۆ جارێكی دیكه ده‌خرێنه‌وه ده‌ستووری كار.
کۆماری ئیسلامی ٤٣ ساڵە هەوڵ دەدات شێوەی ژیانی دڵخوازی خۆی بەپێی شەریعەتی ئیسلام بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت. کەسانێک کە ساڵانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی‌یان لەبیرە، دەزانن کە ئەم ڕژیمە ئەوکات لە زۆر بواری ژیانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیدا، لە تاڵەبانی ئەمڕۆ لە ئەفغانستان کەمتر نەبوو. جیاوازیەکەی تەنیا لە ئەحکامی شەریعەتی شیعە یان سوننی دا بوو. هاوتەریب لەگەڵ یاسای نامۆ و نامرۆڤانەی تاڵه‌بان لە ئەفغانستان، لە ئێرانیش پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئازادییە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕەوتی بیرکردنەوەی تاڵه‌باندا چڕتر بووەتەوە.
به‌ڵام كارنامه‌ی خه‌باتی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامی نیشانی ده‌دات كه ئه‌م ڕژیمه سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی توند‌وتیژترین شێوه‌كان، زیندان، ئه‌شكه‌نجه و ئێعدام، له داسه‌پاندنی شێوه‌ی ژیانی دڵخوازی خۆی به‌سه‌ر زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئێران سه‌ری وه‌به‌رد كه‌وتووه.
وەرزشی ژنان حەرام بوو. ژنان بۆ ساڵانێکی زۆر مافی چوونەناو وەرزشگاکانیان نەبوو. دووچەرخەسواری ژنان تاوان و گوناحی کەبیرە بوو. هەبوونی دەزگای پەخشی ویدیۆ تاوان بوو. دیمەنەکانی هێرشی سپای پاسدارانی کۆنەپەرست بۆسەر سەربانی ماڵەکان و شکاندنی دیشی مەهوارەکان، کەس لەبیری نەچووەتەوە. چارشێو و مانتۆی ڕەش و حیحابی کامڵی ژنان تەوەری کێشمەکێشی هەموو ڕۆژێی ژنان لەسەر شەقام و مەیدانەکان لەگەڵ مەئموورانی ڕژیم بوو. لقەکانی خوێندنی ژنانیان لە زانکۆکان سنووردار کرد. سەرەتا لەگەڵ ئینتێرنێت دەستیان کرد بە دوژمنایەتی و پاشان فیلتێریان کرد و سەرەنجام خاویان کردەوە و دەیان کردەوەی هاوشێوەیان ئەنجام دا. بەڵام بە سەرەنجدان بە کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەم بوارانەدا دەردەکەوێت کە ئەگەرچی ئەم ڕژیمە بەداخەوە هەروا لەسەر کارە بەڵام لەم نەبەردە کۆمەڵایەتییەدا بەردەوام سەری وەبەرد کەوتووە و شکستی خواردووە و بەناچار پاشەکشەی کردووە.
لە تازەترین نموونەدا کۆماری ئیسلامی بۆ داسەپاندنی شێوەی ژیانی دڵخوازی، زوومی کردووەتە سەر ئاژەڵەکان. سزادانی کەسانی خاوەن سەگ لەسەر شەقام و پارکەکان بەتایبەت لە شاری تاران لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا توند بووەتەوە و گەلێک ڕاپۆرتی جۆراوجۆر لەم بارەیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە. سەرۆکی پۆلیسی راهوەری تاران باسی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ “سەگ گێران بە ماشێن”ی کرد و وتی کە ئەم بابەتە لە دەستووری کاری پۆلیس دایە و ڕۆژانە بەریپێدەگیرێت.
حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران و تاڵەبان لە ئەفغانستان لە نەشیاوترین و دواکەوتووترین دیاردەکانی جیهانی سەردەمن. دیاردەیەک کە بە هیچ مۆجزەیەک، بە خواست و ئاوات و شێوەی ژیانی ئەمڕۆی خەڵکەوە پەیوەند نادرێت. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان، لاوان، هونەرمەندان، خەڵکی ستەملێکراو، هەزار و یەک گیروگرفتی ورد و درشتیان هەیە کە بێ‌کاری، گرانی، نەبوونی مەسکەنی گونجاو، نەخۆشیی کۆرۆنا، کەمبوونی پزیشک و نەبوونی دەرمان و تەختی نەخۆشخانە، ئێعتیاد، توندوتیژی، نەبوونی ئازادیی سیاسی و چوونەسەرەوەی ئاماری ئێعدام و ئەشکەنجە تەنیا چەند نموونەیەتی. لە وەها باروودۆخێکدا، نیگەرانیی ئاخوندەکانی حکوومەت و دەزگای دەوڵەت سەرپێچی لە حیجابی ئیجباری و یان سەگ گێڕانە!
دەزگا تەبلیغاتییەکانی ڕژیم، ئیمامانی جومعە، ئەوباشی دامەزراو لە دەزگای ئەمری بە مەعرووف و نەهی لە مونکەر، پۆلیس و بەسیج و گشت دەزگای ڕاهێنان و سەرکوتی حکوومەت، بەدحیجابی و یان سەگ گێڕان وەک گەورەترین هەڕەشەی فەرهەنگی پێناسە دەکەن. هەژاری، خوکوژی، لەشفرۆشی، گورچیلەفرۆشی، گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر، ئەو مەسەلە و دیاردانە نین کە سەرەنجی حکوومەت و ئاخوندە مفتەخۆر و زۆروێژەکان بەرەو خۆیان ڕاکێشن، بەڵام هێندێک خەڵک سەگ ڕابگرن دەبێتە بابەتی حکوومەت و ئاخوندەکان.
ڕووخاندنی حکوومەتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی ئێران نەتەنیا لەپێناو بەرژەوەندی خەڵک و جەماوەری زەحمەتکێش دایە، بەڵکوو بۆ دابینکردنی مافی ئاژەڵەکان و دیفاع لە ژینگە، بۆ پاراستنی زەروورەتی پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵەکان لەوانە ئاژەڵە ماڵییەکان، هیچ ڕێگاچارەیەک بێجگەلە بێدەسەڵات کردنی نیزامی خورافە و جەهل بوونی نییە.