ڕۆژی سێشه‌ممه ١٧ی ڕێبه‌ندان، خه‌ڵكی باكووری كوردستان و توركیا هاوكات له‌گه‌ڵ ڕوودانی بومه‌له‌ره‌زه‌كه‌ی ساڵی ڕابردوو، به هه‌ڵگیرسانی مۆم و خوێندنی ئاواز، یادی قوربانیانی ئه‌و كاره‌ساته‌یان به‌رز ڕاگرت.
ساڵی ڕابردوو بومه‌له‌ره‌زه‌یه‌ك به گه‌وره‌یی ٧.٧ پله‌ی ڕیشته‌ر كارامان ماراشی له توركیا هه‌ژاند و ٩ پارێزگای دیكه‌ی ئه‌و وڵاته و سێ ئوستانی سووریای گرته‌وه. ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ساته سرووشتیه، گیانله‌ده‌ستدانی ٥٤ هه‌زار كه‌س و برینداربوونی ١٠٧ هه‌زار كه‌س بوو. به‌وته‌ی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌تی توركیا، ده‌یان هه‌زار كه‌س ئاواره بوون و زیاتر له ١٠٠ ملیارد دۆلار زیان به ئابووری ئه‌و وڵاته گه‌یشت. هه‌ر چه‌نده ده‌وڵه‌تی ئه‌ردۆغان بڕیاری سازكردنی خانووی بۆ ئاواره‌كان داوه و به‌شكی زۆر له خه‌ڵك نیشته‌جێ كراون، به‌ڵام هێشتا هه‌زاران كه‌س له نێو خانووی كاتی و كانێكس دا ده‌ژین. تا به ئه‌مڕۆ ئاواره‌كان چه‌ندین جار له ئاست كه‌مته‌رخه‌می ده‌وڵه‌ت ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕیوه به‌ڵام وڵامێكیان وه‌ر نه‌گرتووه.