له چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامی گوشاری ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانی ڕژیم بۆ سه‌ر چالاكانی سنفی موعه‌لیمان، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ٢١ی مانگی خاكه‌لێوه “محه‌ممه‌د بێهشتی له‌نگروودی” جێگری سه‌رۆكی كانوونی سنفی موعه‌لیمانی ئێران و كه‌سایه‌تی ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی موعه‌لیمانی ئێران، بانگهێشتی دادگای ڕژیم كرا.
به‌پێی ئه‌و بانگهێشتنامه‌یه، “مه‌حموود بێهشتی له‌نگروودی” ڕۆژی شه‌ممه ٢٧ی مانگی خاكه‌لێوه به‌تۆمه‌تی “پڕوپاگه‌نده له دژی نیزام” و “سووكایه‌تی به خامنه‌یی” له لقی ١٠١ی دادگای تاوانه‌كانی دادگای ئینقلابی شاری له‌نگروود دادگایی ده‌كرێت. جێگای ئاماژه‌یه ناوه‌نده ئه‌منییه‌كانی ڕژیم به گرتن و هه‌ڕه‌شه كردن له چالاكانی سنفی موعه‌لیمان له شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌گشتی، هه‌وڵی له ناوبردنی یه‌كگرتووی و خه‌باتی موعه‌لیمان ئه‌ده‌ن و له‌و چوارچێوه‌دا هه‌تا ئێستا به ده‌یان كه‌سیان ده‌ستبه‌سه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ كراوه.