کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

به‌خشین له‌ گیرفانی كرێكاران له‌ ژێر ناویی هاندانی سه‌رمایه‌دار بۆ ڕه‌خساندنی هه‌لی كار

ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢٩ی مانگی گه‌لاوێژ، شوڕای باڵای هاوئاهه‌نگی ئابووری به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی دادوه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و یاسادانانی ڕژیم، به‌ پێی په‌سه‌ندكراوه‌یه‌ك، له‌ غه‌رامه‌ی ئه‌و خاوه‌نكارانه‌ی كه‌ قه‌رزی ڕێكخراویی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تییان نه‌داوه‌ خۆش بوو، به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ ژماره‌ی كرێكارانی له‌سه‌ر كاری خۆیان زیاد بكه‌ن. ئه‌م حاته‌م به‌خشییه‌ سه‌ره‌ڕای ڕه‌واڵه‌تی فریوكارانه‌ی، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا به‌شێوه‌یه‌كی فریوكارانه‌ له‌ گیرفانی كرێكاران په‌رداخت ده‌كرێت. ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌ر خاوه‌نكارێك ده‌توانێ هه‌ر چه‌ند كرێكارێكی زیادی بۆماوه‌یه‌كی كورت دابمه‌زرێنێت و دوای لێخۆشبوون له‌ غه‌رامه‌كانی، له‌سه‌ر كار ده‌ریان بكات. له‌ وڵاتێك دا كه‌ یاساكان، سیسته‌م و به‌ڕێوه‌به‌ران، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خاوه‌نكاره‌كاندان، كێ ده‌توانێ بۆ كرده‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكاری و دژه‌ كرێكاریی، به‌ر به‌ خاوه‌نكاری چكۆله‌ و گه‌وره‌ی ئیرانی بگرێت؟

ڕێكخراوی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ نیوه‌ی دانیشتوانی وڵات و به‌ تایبه‌ت كرێكارانی خستۆته‌ ژێر پۆششی خزمه‌تگوزاری بیمه‌وه‌، تووشی قه‌یرانێكی قووڵ بووه‌. به‌ پێی ئه‌و سیاسه‌ته‌ دیاریكراوه‌، كه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ڕه‌خساندنی هه‌لی كار نابێت، قه‌یرانه‌كه‌ی قووڵتریش ده‌بێته‌وه‌. قه‌رزداربوونی زۆر و زه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌نكاره‌كان به‌ ڕێكخراوی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌دانی حه‌قی بیمه‌ به‌م ڕێكخراوه‌یه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌نكاره‌كانه‌وه‌، ته‌نیا به‌شێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م قه‌یرانه‌.

ڕێژه‌ی قه‌رزداربوونی ده‌وڵه‌ت به‌ ڕێكخراوی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی ڕوون نییه‌. ده‌ڵێن گۆیا ئه‌م قه‌رزه‌ له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی ڕابردوودا ٤٥٠ هه‌زار ملیارد تمه‌ن بووه‌. كابینه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان بۆ دانه‌وه‌ی به‌شێكی كه‌م له‌م قه‌رزانه‌ به‌م ڕێكخراوه‌یه‌، ئه‌و كارخانانه‌ی كه‌ تووشی قه‌یران هاتوون و قازانجیان كه‌مه‌ به‌ نرخێكی زۆر به‌م ڕێكخراوه‌ ده‌فرۆشن تا قورسایی هه‌زینه‌كانی بخه‌نه‌ سه‌ر شانی كرێكاران و دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی لاوازتر بكه‌ن.

به‌ڵام خاوه‌نكاره‌كان پترله‌وه‌ی به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ به‌ دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی قه‌رزدار بن، به‌پێی یاساكانی كۆماری ئیسلامی، سیاسه‌تی دژه‌ كرێكاریی ڕژیم له‌ زۆر بابه‌تدا هیچ بیمه‌یه‌ك ناده‌ن و به‌و مانایه‌ قه‌رزداری ناڕاسته‌وخۆی ئه‌ون.

به‌پێی سیاسه‌ته‌كانی كابینه‌ی ڕه‌فسه‌نجانی، ناوچه‌ی ئازادی بازرگانی ــــ پیشه‌یی كه‌ ته‌نیا له‌ عه‌سه‌لوویه‌ پتر له‌ ٦٠ هه‌زار كرێكاری پیشه‌یی چالاكی هه‌یه‌، له‌ یاسای كار ده‌ریانهاویشت. به‌ جێی یاسای كار، ڕێسایه‌كی تایبه‌ت به‌ كار له‌و‌ ناوچه‌ ئازاد و بازرگانی پیشه‌ییانه‌ كار ده‌كات كه،‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پتر له‌‌ یه‌ك ملیۆن كرێكار كاری تێدا بكات. خاوه‌نكاره‌كان به‌ پێی ئه‌و یاسا و ڕێسا تایبه‌ته‌ ناچار به‌ دانی بیمه‌ی كرێكاران نیین. هه‌روه‌ها كرێكارانی بیناسازی، كه‌ ته‌نیا ٧٠٠ هه‌زار كه‌سیان ناویان تۆمار كراوه‌، بیمه‌ نیین و هیچ خاوه‌نكارێكیش بیمه‌كانیان په‌رداخت ناكات. له‌ كابینه‌كانی دواتردا ناوچه‌ ئازاده‌كان په‌ره‌یان سه‌ند و هه‌تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌. له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتای هه‌تاوییدا، هه‌موو كارگا و ئه‌و ناوه‌نده‌ خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ كه‌متر له‌ ١٠ كه‌س هێزی كاریان هه‌یه‌، له‌ هه‌موو شار و گوونده‌كانی وڵات یاسای كار نایانگرێته‌وه‌. بێگومان خاوه‌نكاره‌كان هیچ بیمه‌یه‌ك بۆ زۆربه‌ی كرێكارانی له‌سه‌ركاری ئه‌و كارگایانه‌ په‌رداخت ناكات. هه‌ر ئه‌و دوو به‌رنامه‌یه‌ی ده‌وڵه‌ت، ملیۆنان كرێكاری به‌شی به‌رهه‌م هێنان و خزمه‌تگوزاریی و بنه‌ماڵه‌كانیانی له‌ مافی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی خانه‌نشین بوون بێبه‌ش كردووه‌ و هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌ی داهاتی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تیشی به‌رته‌سك كردۆته‌وه‌. له‌ لایه‌كیتره‌وه‌ دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تیش له‌ چاودێری كردن به‌سه‌ر په‌رداختی پشكی خاوه‌نكاردا بێبه‌ش كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌یكه‌ خاوه‌نكار بتوانێ له‌ ئه‌گه‌ری دانی بیمه‌، مافی بیمه‌ی كرێكاران به‌ پێی لانیكه‌می حه‌قده‌ست په‌رداخت بكه‌ن، نه‌ك به‌ پێی حه‌قده‌ستی واقعیی. له‌ حاڵێكدا خاوه‌نكاره‌كان ده‌توانن به‌ پشت به‌ستن به‌ یاسا، له‌ لێخۆشبوونه‌ یاساییه‌كان و گرینگتر له‌وان‌ دانی به‌رتیل، خۆیان له‌ په‌رداخت كردنی بیمه‌ و حیساب پاك كردن له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تی بدزنه‌وه‌، به‌ڵام كرێكاران به‌ هیچ جۆرێك ناتوانن  له‌ دانی په‌رداختی سه‌همی بیمه‌ی خۆیان، خۆ ببوێرن.

ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌یه‌ ئه‌ركه‌ نیوه و ناته‌واوه‌كانی خۆی له‌ ئاست بیمه‌كراوه‌كانیشدا به‌ باشی و له‌كاتی خۆیدا به‌ڕێوه‌ی نه‌بردووه‌ و نایبات. كه‌من ئه‌و كرێكاره‌ ژن و پیاوانه‌ی كه‌ له‌ده‌ست ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌ و گه‌نده‌ڵییه‌كانی و شیركه‌ت و ناوه‌نده‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی وه‌زاڵه‌ نه‌هاتبێتن.

بڕیاری شوڕای باڵای هاوئاهه‌نگی ئابووری به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی دادوه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و یاسادانان، بۆ لێخۆشبوونی غه‌رامه‌ی خاوه‌نكاره‌كان به‌مه‌رجی دامه‌زراندنی كرێكار ته‌نیا گاڵته‌ نییه‌، به‌ڵكوو له‌ هه‌مانكاتدا نیشانه‌ی ئاشكرای بێتوانایی به‌رپرسانی ڕژیم له‌ ئاست وڵامدانه‌وه‌ به‌ پێداویستیه‌كانی كۆمه‌ڵگادایه‌.

كرێكارانی له‌سه‌ركار و خانه‌نشینكراو به‌هه‌ر ڕاده‌یه‌ك كه‌ بتوانن خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تی خۆیان قووڵتر و به‌رینتر بكه‌نه‌وه‌، هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش ده‌توانن به‌ر به‌ پێشێل بوونی مافه‌كانیان له‌لایه‌ن خاوه‌نكار و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بگرن

بابەتی پەیوەندیدار

تاوانی کوشتنی خەڵکی زاهیدان فەرامۆش ناکرێت

komalah

لە ١٦هەمین ڕۆژی ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەک لە دوای یەک لە ئێران

komalah

دووهەمین مانگرتنی گشتی لە کوردستان سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو

komalah

کۆماری ئیسلامی و بەکارهێنانی منداڵان لە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی خەڵکدا

komalah

بانگەوازێک بۆ هێزە پلە نزمەکانی ناو هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامی

komalah

مانگرتنی بەربڵاو خەونی ئاڵۆزی حکوومەتی ئیسلامی

komalah