کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزووتنەوەی کرێکاری بەردەوامە لە بەرەوپێشچوون

download 32

بەگوێرەی هەواڵەکان لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ١٦ ئاکسیۆنی ناڕەزایەتی و خەباتکارانە له بزووتنەوەی کرێکاری ئێراندا ڕووی داوە. لە ناویاندا حەوت ئاکسیۆن لە بەشی پیشەسازی قورسی فولاد و پێنج ئاکسیۆنی کرێکارانی فەرمی و گرێبەستی نەوت، پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. ڕۆژی دووشەممە ١١ی بەفرانبار، ژمارەیەک لە کرێکارانی شیرکەتی فولاد پارسی هەفت تەپە، لە ناڕەزایەتی بە لەخوارەوەبوونی حەقدەستەکانیان بە بەراورد لەگەڵ گرانی، لە بەردەم بینای فرمانداری شاری شوش کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و خوازیاری زیادکردنی حەقدەستەکانیان بوون. ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار، کرێکارانی شیرکەتی پایانە و مەخزەنەکانی پێترۆشیمی بەندەری ماهشەهر بۆ دووەمین ڕۆژی بەردەوام لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێنەکردنی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان و داواکارییەکانی دیکەیان، لە بەردەم بینای ئەو شیرکەتە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. لەهەمان ڕۆژدا، ژمارەیەک لە کرێکارانی فەرمی وەزارەتی نەوت کە لە شیرکەتی نەوت و گازی ئاغاجاری کاردەکەن، خوازیاری لابردنی تەواوەتی سەقفی مووچە، لابردنی سنووردارکردنی ساڵانی خانەنشینی، گەڕانەوەی لێبڕینی باجی زیادە، جێبەجێکردنی تەواوی مادەی ١٠ و دەستدرێژی نەکردنەسەر سندوقی خانەنشینی کرێکارانی نەوت بوون. خۆپیشاندەران لەم کۆبوونەوەیەدا لە دژی لەخوارەوەبوونی حەقدەستی خانەنشینان و گرانی و هەڵاوسان دروشمیان وتەوە. ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانبار، ژمارەیەک لە کرێکارانی کارگەی گرووپی میللی فولادی ئەهواز، بۆ هەشتەمین ڕۆژی بەردەوام، دەستیان لەکار کێشایەوە و لەبەردەم ئەو کارگەیە کۆبوونەوە و مانیانگرت. بەشێک لە داواکاریی کرێکاران بریتی بوون لە: گەڕانەوەی ئەو هاوکارانەی کە پێشتر دەرکرابوون، بۆ سەر کارەکانیان، یەکسانکردنی حەقدەست لەگەڵ ئاستی هەڵاوسان، جێبەجێکردنی تەواو و دەستبەجێی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان، دەرکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێستا و نەهێشتنی خاوەندارێتی لە بانکی میللی و بەشداری کرێکاران لە بەڕێوەبردنی شیرکەتەکە. بە پێی ڕاپۆرتی شۆڕای هەماهەنگی ناڕەزایەتییەکان ڕۆژی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٢، کۆمەڵێک لە کرێکارانی بەڵێندەری کۆمپانیای پایانە و مەخزەنەکانی پێترۆشیمی بەندەری ماهشەهەر لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێنەکردنی تەرحی تەبەقەبەندی پیشەکان و لەخوارەوەبوونی حەقدەستەکانیان لە بەردەم بینای ئەو شیرکەتە کۆبوونەوە. ڕۆژی هەینی ٨ی بەفرانباری ١٤٠٢، کرێکارانی فەرمی نەوت لە شیرکەتی فەلاتی قاڕەی بێهرەگان، بۆ چەندەمین جاری لەسەریەک بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان کۆبوونەوە. ئەو کرێکارانە لە کۆبوونەوەکانیاندا خوازیاری لابردنی کەسانی نفوزی و بەڕێوەبەرانی ناکارامە، لابردنی سەقفی مووچە، زیادکردنی لانیکەمی مووچە، لابردنی سنووردارکردنی ساڵانی خانەنشینی، جێبەجێکردنی تەواوەتی مادەی ١٠، پێدانی مووچە وەدواکەوتووەکان، لێک جیانەکردنەوەی پیشە لە ناوچە عەمەلیاتییەکان و دەستدرێژی نەکردنەسەر سندوقی خانەنشینی نەوت بوون. ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٢، کرێکارانی سەرجەم بەشەکانی گرووپی پیشەسازیی میللی فولادی ئەهواز، بۆ شەشەمین ڕۆژی بەردەوام، لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە وڵام نەدانەوە بە ویست و داواکارییەکانیان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد. ڕۆژی چوارشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٢، کرێکارانی فەرمی شیرکەتی نەوت و گازی ئاغاجاری، لە درێژەی خەبات و ناڕەزایەتییەکانی خۆیان و هاوکارەکانیاندا، سەرلەنوێ کۆبوونەوە و لەسەر ویست و داواکارییەکانیان پێداگرییان کرد. مانگرتنی کرێکارانی فولاد لە ڕۆژەکانی سێهەم و چوارەم و پێنجەم دا بەشێوەیەکی بەربڵاو بەڕێوەچوو.

لە نێو ئەو مانگرتن و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەی کە ئاماژەیان پێکرا، مانگرتنی کرێکارانی فولادی ئەهواز جێگەی سەرنجێکی تایبەتی ترە. ئەم مانگرتنە لە درێژەی ئەو خەبات و ناڕەزایەتییانەدا  بەرێوە دەچێت کە دە ساڵ لەمەوبەر لەم ناوەندە پیشەسازییەدا ڕوویدا. بە وتەی مەیسەم ئال مەهدی، یەکێک لە هەڵسووڕاوە دێرینەکانی فولاد، کە توانیویەتی کۆچ بکات بۆ دەرەوەی وڵات، کرێکارانی ئەم ناوەندە پیشەسازییە، بەتایبەتیلە ساڵی ٩٧ەوە، لەگەڵ زۆر ڕووداوی جۆراوجۆر دەست و پەنجەیان نەرم کردووە، لە جۆری بەڕێوەبردنەوە بگرە تا گوشارە ئەمنییەکان لەلایەن ئەو بەڕێوەبەر و خاوەنکارانەوە کە هەموو هەوڵەکانیان بۆ ئەوە بوو کە ئەم کرێکارە خۆڕاگرانە بەچۆکدا بهێنن. سەرباری هەموو ئەمانەش، دەرکردن و پەروەندەسازییەکان و هەروەها بانگهێشتکردنی بەردەوامی کرێکاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ستادی هەواڵ و ئیتلاعاتی سپاش بەشێکی دیکەن لەو گرفتانە. ئەم هەڵسووڕاوە کرێکارییە لە درێژەدا وتی: شێوازەکانی بەڕێوەبردن بە بەرتیل پێدان بە بەشێک لە کرێکاران بە ناوی بەرپرسیارێتی، یان هەوڵدان بۆ بەرتیل پێدان و پێدانی پلە و پۆست بە بەشێک لە کرێکارانی پێشڕەوی ئەم کارگەیە بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەمە هەرگیز لەلایەن کرێکارانەوە قبوڵ نەکرا و کرێکارانی لەسەرکار دەرکراو نەچوونە ژێرباری، واژۆ ئەمنییەتی و بەڵێنەکانیان.

لە شەپۆلی نوێی مانگرتنەکانی کرێکارانی فولادی ئەهوازدا، کۆمەلێک هەڵسووڕاوی نوێ پێک هاتوون و هاتوونەتە پێشەوە کە بە وتەی تێکۆشەرانی دێرین، گەلێک خاوەن ئەزموون و شارەزان و خەبات و تێکۆشانی خۆیان لەسەر بنەمای خۆڕێکخستن و بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری خۆیان بنیات ناوە. ئەم هەڵسووڕاوە لاوانە و باقی کرێکاران، لە هەڵسەنگاندنێکدا کە ڕۆژی ١١ی بەفرانبار بڵاوکرایەوە، وێنایەک لە خەباتی چینایەتی بەردەوامی کۆمەڵگە پیشەسازییەکەی خۆیان خستووەتەڕوو. ئەوان نووسیویانە کە بانکی میللی، وەک خاوەنی شیرکەتەکە، بەڕێوەبەرایەتی، ئیدارەی ئیتلاعات و پارێزگاری و فەرمانداری و نوێنەرانی مەجلیس، کرێکارانی خەباتکار و مانگرتوویان لەگەڵ گەلێک ئاستەنگ و ئاڵەنگاری بەرەوڕوو کردووەتەوە. سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە لە هەڵسەنگاندنەکەدا ئاماژەی پێکراوە، کرێکاران هەر لەم ماوە کورتەدا گەلێک دەستکەوتی بەنرخیان بەدەستهێناوە، کە بریتین لە: بەدیهێنانی بەشێکی بەرچاو لە داواکارییە هەڵپەسێردراوەکان، ناچارکردنی عەلی محەمەدی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەندەڵ بە جێهێشتنی شیرکەتەکە، کۆنترۆڵکردنی هەموو دەرگاکانی چوونە ژوورەوە و هاتنەدەرەوە، هەماهەنگی تەواو و کاری یەکگرتووانە لە نێوان هەموو بەشەکان، گەڕانەوە بۆسەر کاری هاوکارە هەڵپەسێردراوەکان، بەڕێوەبردنی کۆڕ و کۆبوونەوەی گشتی پڕ جۆش و خرۆش و کاریگەر، هەڵبژاردنی نوێنەرانی دانوستان، یەکگرتن و هاوکاریی هێزە گرێبەستی و پەیمانکارییەکان، ڕوماڵی میدیایی بەرفراوان و پشتیوانی ڕای گشتی، ڕێکخستنی سەربەخۆ و بەهێز و یەکگرتوو و هەروەها داگیرکردنی کارگە و شەقام بە هاوفکری و بڕیاری بەکۆمەڵ. کرێکاران لەو هەڵسەنگاندنەدا وەک نموونە ئاماژەیان کردووە بە پشتیوانی و پەیامی هاوسۆزی کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، لوولەسازی فولادی خووزستان، کارمەندانی بەشەکانی میترۆ و هێڵی ئاسن و خانەنشینانی خوزستان، کرماشان، ڕێکخراوە سنفییەکانی فەرهەنگیان و خوێندکاران و هەروەها ڕاگەیاندنەکان و کۆڕ و کۆمەڵە کرێکارییەکانی دیکەی وڵات. ئەوان نووسیویانە کە ئەو پشتیوانیانە ورەیەکی بەرچاو و کاریگەریان بە کرێکاران بەخشیوە لە خەبات لەدژی خاوەنکار و هاوپەیمانەکانیدا. هەڵسەنگاندنەکە بەم رستەیە کۆتایی دێت: بێ گومان مانگرتن و یەکگرتوویی و کۆنترۆڵکردنی شیرکەت و خستنەڕووی ویست و داواکارییەکان لەسەر شەقام، تاکە ڕێگایە بۆ وەرگرتنی مافەکانمان لە گەندەڵکاران و سەرمایە پەرستەکان.