کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزووتنەوەی کرێکاری، کۆڵەکەی سەرەکی خەباتی ئازادیخوازانە و ڕزگاری بەخشی کۆمەڵگای ئێران

download 50

بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی ئەفکار نەفت، ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزه‌ردان، کۆمەڵێک لە کارمەندانی فەرمی و لەسەرکاری شیرکەتی نەوتی فەلاتی قاڕەی ئێران لە شوێنی کارەکەیان لە دوورگەی لاوان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد کە داواکارییەکانیان بریتین لە: لابردنی کەسانی نفوزی و بەڕێوەبەرانی ناکارامە، لابردنی سەقفی حەقدەست، دەستکاریکردنی لانیکەمی حەقدەست، لابردنی سنووردارکردنی مافی ساڵانی خانەنشینی، جێبەجێکردنی تەواوی مادەی ١٠ و دانی پاشەکەوتەکانی سەر بەو مادەیە، جیانەکردنەوەی پیشەکان لە ناوەندەکانی کار، گەڕاندنەوەی زیادەی ماڵیاتە وەرگیراوەکان و ڕاگەیاندنی هەرچی زووتری زیادکردنی شایستەییەکان. ئەم کۆبوونەوەیە لە درێژەی مانگرتن و خەباتی کرێکارانی فەرمی و گرێبەستی نەوت و پاڵاوگەکان، بەمەبەستی گەیشتن بە داواکارییە ڕەواکانیان بەڕێوە چووە. شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کرێکارانی نەوتیش ڕایگەیاندووە کە مانگرتن و ناڕەزایەتی، کرێکاران لە شیرکەتی پایەندان، ئیکسیر سەنعەتی نەوت و شیرکەتیئای پی ئێم ئایلە کەرتی ١٤ی کەنگان، سایتەکانی ١، ٢ و ٣ی پترۆپاڵایش، شیرکەتی ئیکسیر، شیرکەتی کیسۆن و کیان شازە، ڕۆژی دووشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٣، پێدەنێتە ناو چەندەمین ڕۆژی خۆیەوە و تا ئێستاش هەروا بەردەوامە. هەر لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە زیاتر لە هەزار کرێکاری پڕۆژەیی لە سایتی ١ و ٢ و ٣ی پترۆپاڵایش بەهۆی قبوڵنەکردنی بڕی زیادکردنی حەقدەستەکان، هەر بەوجۆرەی کە داوا کراوە، لە مانگرتندان و لە ١ی جۆزەردانەوە لە شوێنی کارەکانیان هاتوونە دەرەوە. کرێکارانی پڕۆژەیی پترۆپاڵایش جگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە لەخوارەوەبوونی حەقدەستەکان، سەبارەت بە شیفتی کاریی درێژماوەی ٢٢ ڕۆژ و ٢٤ ڕۆژە و بارودۆخی نالەباری ئەمنییەتی کاریش ناڕازین. لەدرێژەی ئەو ڕاپۆرتانەدا هاتووە: زیاتر لە ١٢٠٠ کرێکار لە شیرکەتەکانی پایەندان، ئیکسیر سەنعەت و شیرکەتیئای پی ئێم ئایلە کەرتی ١٤ی کەنگان مانیان گرتووە، شوێنی کارەکانیان جێهێشتووە و مانگرتنەکەیان هەروەها بەردەوامە. کرێکارانی لەسەرکاری بەشی لولەکەشی شیرکەتی ئیکسیریش دەستیان داوەتە مانگرتن و شوێنی کارەکانیان بەجێهێشتووە. ئەوان هەروەها داوای وەرگرتنی حەقدەستی مانگی ڕەشەمەش دەکەن. جگە لەمانە، کرێکارانی لەسەرکاری شیرکەتی کیسۆنیش لە ناڕەزایەتی بە وەڵام نەدانەوە بە  داواکارییەکانیان، دەستیان لەکار کێشاوەتەوە. هەروەها کرێکارانی پەیمانکاری کیان سازەش بەمەبەستی زیادکردنی حەقدەست و وەگرتنی دەستبەجێی حەقدەستی مانگی خاکەلێوەی خۆیان کارگاکەیان بەجێهێشت.

شۆڕای ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان هەروەها دەڵێت، پەیمانکارە تاڵانچییەکان دەیانەوێت بەرامبەر بە مانگرتنی هاوکارەکانیان، پەنا ببەنە بەر هەر چەشنە فێڵ و فریوێکارییەک. بۆ نموونە، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری شیرکەتیئالای مەهستانکرێکارانی بە زۆر ناردووەتەوە بۆ مەرەخەسی و بە جێگای ئەوان کرێکاری نوێی دامەزراندووە. ئەم مەسەلەیە بووەتە هۆی توڕەیی و ناڕەزایی کرێکاران و بە وەڕێخستنی کۆبونەوەی ناڕەزایەتی، وەڵامی ئەو پیلانەیان داوەتەوە. لە هەندێک شوێن پەیمانکارەکان هەوڵ دەدەن بە دانی بەڵێنی درۆینەی زیادکردنی حەقدەست و فریودانی هاوکارەکانمان، پێش بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنەکان بگرن. هاوکات لەگەڵ مانگرتن و خەباتی کرێکارانی فەرمی و گرێبەستی و هەروەها کرێکارانی لەسەرکار لە بەشی نەوت و پترۆشیمییەکان، خانەنشینانی خەباتکاری دەستەبەری کۆمەڵایەتیش، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی جۆزەردان، بە بەرز کردنەوەی کۆمەڵێک دروشمی داواکاری تەوەر و سیاسی، لە چەند شارێک لەوانە ئەهواز و کرماشان، درێژەیان بە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دا. ئەوان لەم کۆبوونەوانەدا دروشم گەلێکی وەکخانەنشین وشیارە، لە هەڵاواردن بێزارە!”،خانەنشین هاوار بکە، مافەکانت داوا بکە،کرێکاری زیندانیوموعەلیمی زیندانی دەبێ ئازاد بکرێتوماڵیاتی زۆر و ئیمکاناتی کەمیان دەوتەوە. خانەنشینانی فولادیش لە شارەکانی وەک تاران و ئیسفەهان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا. ئەوان چەندین مانگە لەسەر شەقامەکان، لە دژی بەکردەوە دەرنەهاتنی پەسەند کراوەکان و لەپێناو ماف و داخوازییەکانیاندا، بە دانی دروشم لەدژی دزی و گەندەڵییەکان، درێژە بە خەبات و ناڕەزایەتی خۆیان دەدەن. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران، هاوهەنگاو لەگەڵ خەباتی ژنانی ئازادیخواز، خانەنشینانی تێکۆشەر، دادخوازانی مافخواز، لاوانی خەباتکار، هەڵسووڕاوانی دابینکردنی ئازادی سیاسی و سەرجەم ئازادیخوازان، کۆڵەکەی سەرەکی خەباتی ئازادیخوازانە و ڕزگاری بەخشی کۆمەڵگای ئێرانن. لە جەرگەی خەباتی چینی کرێکار و بەردەوامی و لێکهەڵپێکرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندایە کە هەنگاو بە هەنگاو ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەرییەکان پێکدێن و دەبنە هێزی بزوێنەری شۆڕش لە ئێراندا. کرێکارانی ژن و پیاو لە ئێران لەم ساڵانەی ڕابردوودا بە خەبات، مانگرتن، هێنانەگۆڕێی ویست و داواکاری دادپەروەرانە و هەڵوێستەکانیان، نیشانیان داوە کە دەتوانن پۆتانسێلێکی ئەوتۆ، بەدەست بهێنن.