کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزووتنەوەی ناڕەزایەتی دژبە کۆماری ئیسلامی هەروا درێژەی هەیە

Ghiame Aban98

Ghiame Aban98

لە درێژەی ناڕەزایەتیی ئاخێزی جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەشی ئێران لە مانگی خەزەڵوەردا، ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە، ٤ و ٥ی مانگی بەفرانبار بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیان بەخت کردووانی ئەم ناڕەزایەتیانە، کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لە چەندین شاری ئێران بەڕێوەچوو. ئەم ناڕەزایەتیانە لە حاڵێکدا بەڕێوە چوون کە ئۆرگانە ئەمنیەتیەکانی ڕژیم پێشتر بنەماڵەی گیان بەخت کردووانیان خستبووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە تا بانگەوازی یادی ئازیزانیان هەڵوەشێننەوە و تەنانەت ژمارەیەکیشیان لێ دەستبەسەر کردبوون. به‌ڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، لەسەر داوای بنەماڵەی گیان بەخت کردووان، لە زۆربەی شارەکانی ئێران ناڕەزایەتی دەستی پێکردەوە. لە بەشێک لەو بانگه‌وازه‌دا هاتبوو: “ئێمە بێدەنگ نابین. ئێمە دایکان و بنەماڵە جەرگ سووتاوەکان لەماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، ڕۆڵەکانمان لە ڕێگای ئازادی و دامەزراندنی عەداڵەت گیانیان لەدەست داوە، داوا لە خەڵکی شەریفی ئێران و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکەین کە ڕۆژی ٥ی مانگی بەفرانبار بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن، بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم، ڕێز لە یادی هەموو گیان بەخت کردووان بگرن و جەنایاتی ڕژیم مەحکووم بکەن”.
خەڵکی خەباتکاری ئێران لە وڵام بەم بانگەوازە، لە ڕۆژی چەوارشەممەوە دەست بەکار بوون و سەرەڕای هەڕەشە و کەش و هەوای نیزامی و ئەمنیەتی و قەتعی ئینتێرنێت لە لایەن ڕژیمەوە، خەڵکی زۆربەی شارەکان لەوانە تاران، ڕەشت، ئیسفەهان، قەزوین، کەرەج، کرماشان، مەریوان، سەقز، بێهبەهان، ئەندیمشک، شەهریاد و یەزدانشار، نەسیمشار، “لە دێراز”ی ئەردەکان، ناوچەی “بازۆفت”ی چوار مەحاڵ و بەختیاری و چەندین شاری دیکە دەستیان دایە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و لە هێندێک شوێنیش بازاریەکان دووکانەکانیان داخست و بە ناڕەزایەتیەکان پەیوەست بوون و شار کەوتە حاڵەتی تەعتیلیەوە و لە هێندێک شوێنیش خەڵک لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم تووشی تێکهەڵچوون هاتن.
لەم ناڕەزایەتیانەدا، خەڵکی خەباتکار و ستەملێکراوی ئێران بە بێ بایەخ دان بە ئامادەباش و حزووری بەرینی هێزی نیزامی و بەسیج و لیباس شەخسی و بە بێ لەبەرچاوگرتنی مانۆڕی هێزی نیقابدار و مۆتۆرسوارانی سەرکوتگەری ڕژیم، وێڕای مەحکووم کردنی کوشتاری وەحشیانە بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، دەستیان دایە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان.
لەم ناڕەزایەتیانەدا، خەڵکی خەباتکار بە وتنەوەی درووشمی دژە دەوڵەتی وەک “مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ دیکتاتۆر، هه‌موو ساڵێك جەنایەت-مەرگ و نەمان بۆ ویلایەت، کوشتەمان نەدا سازش بکەین-ڕێبەری قاتڵ ستایش بکەین”، خواست و موتالباتەکانیان دووپات کردەوە و نیشانیان دا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناتوانێ بە هەڕەشە و کوشتار و زیندان و ئەشکەنجە، خواستی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییان وەپشت گوێ دا.
بانگەوازی دایکان و بنەماڵەی گیان بەخت کردووان لە لایەن ڕێکخراو و ناوەندە کرێکاری و کلتووری و کۆمەڵایەتیەکانەوە پشتیوانی لێکرا. کرێکارانی خەباتکاری کێشت و سەنعەتی هەفت تەپە، ڕۆژی ٥ی مانگی بەفرانبار لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەیانییەیەک لە کاناڵی سەربەخۆی کرێکارانی هەفت تەپەوە، ئەم ڕۆژەیان وەک یەکێک لە گرینگترین ڕۆژەکانی مێژووی ئێران ناولێبرد و لەو بانگەوازە پشتیوانیان کرد. لە بەشێک لەو بەیانییەدا هاتووە ” ٥ی مانگی بەفرانبار ڕۆژی هاوبەشی ناڕەزایەتی ڕەوای هەمووی ئێمەیە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری و نیشانەی زیندوو بوون و قووڵتر بوونەوەی ناڕەزایەتیەکانە. ئەم ڕۆژە، ڕۆژی ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەری گیان بەخت کردووانی مانگی خەزەڵوەری ٩٨ە لە سەرتاسەری ئێران. یادی ئەم ئازیزانە کاتێک ڕێزی لێگیراوە کە بە عەزمێکی پۆڵایینەوە ڕێگای یەکسانی و ئازادیخوازی درێژەی پێبدرێت. هەڵسووکەوتی سەرکوتگەرانەی ڕژیم لەگەڵ ناڕازیان قەبووڵ ناکرێت و وەحشیگەریەکی بەتەواو مانایە. کۆمەڵ مافی خۆیەتی کە بڕیار بدا کام سیستەمی دەوڵەتی هەڵبژێرێ.”
شۆرای خانەنشینانی ئێران و گرووپی ئیتحادی خانەنشینانیش بە بڵاوکردنەوەی چەندین بەیانییە، لە بانگەوازی ناڕەزایەتی دایکان و بنەماڵەی گیانبەخت کردووان پشتیوانیان کرد و درێژەی سەرکوتی سیستماتیکی دەسەڵاتیان لە بەرامبەر ناڕەزایەتی خەڵک دژبە هەژاری و هەڵاواردن مەحکووم کرد و داوایان لە خەڵک کرد کە شان بە شانی ئەم بنەماڵانە و بە بەشداری کردنیان لەم ڕێوڕەسمانەدا ڕێز لە یادی گیان بەخت کردووان بگرن. هەروەها ١٣٥ موستەنەدسازیش بەم بۆنەوە بەیانییەکیان بڵاوکردەوە و ژمارەیەکیشیان لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە یادی گیان بەخت کردووان لە تاران بەشداریان کرد. لە دەرەوەی وڵاتیش، ئێرانیانی خەباتکار لە چەندین وڵات بۆ ڕزگرتن لە یادی گیان بەخت کردووانی مانگی خەزەڵوەر و هەموو گیان بەخت کردووانی ڕێگای ئازادی ئاکسیۆنی ناڕەزایەتیان بەڕێوە برد و سەرکوت و جەنایەتەکانی ڕژیمی ئیسلامیان مەحکووم کرد.
لە ڕاستیدا، پانتایی جەنایاتی وەحشیانەی كۆماری ئیسلامی لە مانگی خەزەڵوەر دژبە جەماوەری خەڵک، کە لە ناڕەزایەتی بە هەژاری و بێکاری و زەبر و زەنگ هاتبوونە مەیدان، تا ڕادەیەکە کە هەتا ئێستا حەنایەتکارانی ڕژیم نەیانوێراوە ئاماری کوژراو و بریندار و دەستبەسەرکراوان ڕاگەیەنن و لە ترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک، ڕێگەشیان نەدابوو کە بنەماڵەی گیانبەخت کردووان ڕێوڕەسم بۆ ئازیزانیان بگرن. بەڵام بەخۆشیەوە عەزم و ئیرادەی خەڵک و بنەماڵەی گیان بەخت کردووان لە لایەکەوە و پێشکەوتنی تێکنۆلۆژی و سست بوونەوەی پایەکانی نیزام لە لایەکی دیکەوە، ڕێگەی نەدا ڕژیم حاشا لە ڕاستیەکان بکات. بە پێی ئامارە بەڵاوکراوەکان، بە هۆی جەنایەتەکانی ڕژیم لە مانگی خەزەڵوەردا، پتر لە ١٥٠٠ کەس گیانیان بەخت کردووە و زیاتر لە سێ هەزار کەس بریندار بوون و پتر لە ٨ هەزار کەسیش لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر کراون.
ئەم هەڵسووکەوتە وەحشیانەیە نیشانەی ترسانی سەرانی ڕژیمێکە کە کەوتوونەتە بەر شەپۆلی ڕق و نەفرەتی جەماوەری خەڵک و خۆشیان باش دەزانن کە لەسەر چ دەریایەک لە بێزاری و نەفرەتی خەڵک ڕاوەستاون. ڕژیمێکی دز و گەندەڵ کە ئابووری ئێرانی هەتا سەر لێواری داڕمان بردووە و ژیانی جەماوەری خەڵکی نوقمی هەژاری و فەلاکەت کردووە، ناتوانێ لە گێژاوی قەیرانی ئابووری ڕزگاری بێت. ڕژیم ڕێگا چارە و بەرنامەیەکی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە نییه‌. ڕژیمێک کە بە سیاسەتی دژە ئینسانی و یاسای کۆنەپرستانەی سەدەکانی ناوەڕاست، ئازادیی لە هەموو خەڵکی ئێران زەوت کردووە، ڕژیمێک کە بە سیاسەت و دەخاڵەت گەری و زێدەخوازی ناوچەیی و نێونەتەوەیی، وڵاتی ئێرانی لەگەڵ قەیران و پەراوێزی نێونەتەوەیی بەرەوڕوو کردووە، تەمەنی کۆتایی هاتووە. ڕژیم نە توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵی هەیە و نە جەماوەری خەڵکی ئێرانیش دەیانهەوێ لەژێر ئەم دەسەڵاتە خوێنڕێژەدا درێژە بە ژیانیان بدەن. ئەم ڕژیمە ناتوانێ بە کوشتن و سەرکوت و ئەشکەنجە درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات و پێویستە بارگە و بنەی کۆکرێتەوە.