کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزووتنەوەی شکۆداری مامۆستایان لێبڕاوانە درێژەی هەیە

moalemaneteraz 1024x683 1

لەسەر بانگهێشتی “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران”، مامۆستایان، کرێکاران و کارمەندانی ناڕازیی ئامووزش و پەروەرش و لە هێندێک شوێن خوێندکاران، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی مانگی بەفرانبار لە ١٠٢ شاری ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی شکۆداریان بەڕێوەبرد. ئەم کۆبوونەوانە سەرەڕای هەڕەشە و هێرش و توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکان لە ناڕەزایەتی بە پەسندکرانی ناقیسی گەڵاڵەی ڕیزبەندی لە مەجلیس بەڕێوەچوون کە ئاکامەکەی پێشێلکردنی مافی مامۆستایانی لەسەرکار و خانەنشینکراو، نەبوونی فێرکاریی بێەرامبەر و بایەخ نەدان بە پەروەردەی ستاندارد و لەبەرچاونەگرتنی خواستی ئازادیی مامۆستایانی بەندکراوە. سەرەڕای کەشوهەوای توندی ئەمنییەتی و حزووری بەرچاوی هێزە ئەمنییەکان و قەدەغەکردنی کۆبوونەوە لە بەرامبەر سازمانی بەرنامە و بوودجە، مامۆستایان بە بەشداریی بەرینی خۆیان کەشوهەوای ئەمنییەتییان شکاند و لە سەرووی سازمانی بەرنامە و بوودجە دەستیان دایە کۆبوونەوە. لە حاڵێکدا کە مامۆستایان لەگەڵ سەرکوتگەران لە تێکهەڵچوون دا بوون، مامۆستایانی ژن لە ناوەندی مەیدانی بەهارستان دانیشتن و سەرەڕای هێرشی هێزە ئەمنییەکان، یەک کاتژمێر درێژەیان بەم ناڕەزایەتییە دا.

شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بڕیارنامەیەکی دەرکرد و تێیدا وێڕای وەبیرهێنانەوەی بابەتەکانی سەرەوە و چاوپۆشی کران لە هەڕەشەکانی بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی کەیهان، تیشکی خستە سەر مافی توێژەکانی دیکە و نووسیی:

“ئێمە لە چوونەسەرەوەی مووچەی هەموو توێژە کۆمەڵایەتییەکان و کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ سەرووی هێڵی هەژاری پشتیوانی دەکەین و ژیانێکی خۆشبژێو و شیاو بە مافی هەمووان دەزانین و دژی لێکدانەوەی ناکارناسانەین کە پێی وایە بردنەسەرەوەی مووچەی مامۆستایان دەبێتە هۆی چوونەسەرەوەی ڕێژەی ئاوسان. ئەوە داهاتی نجوومی، دزی و گەندەڵیی بەرین و چڕبوونەوەی سەروەت و دەسەڵات لەناو دەستی کەمینەیەکی بچووک دایە کە ئەمنییەتی ماڵی و دەروونیی زۆربەی کۆمەڵگای خستووەتە مەترسییەوە”.

مامۆستایانی خەباتکار ساڵەهایە کە هەم بەشێوەی خۆڕسک و هەم بە شێوەی ڕێکخراو بۆ وەدی هاتنی خواستەکانیان، بەرانبەر بە دەوڵەت دەستیان داوەتە خەباتی سەرشەقام و ئاشکرا. مامۆستایان کۆمەڵێک داخوازییان هەیە کە لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە گرینگترینەکانیان بکەین.

بردنەسەرەوەی مووچە بۆ سەرووی هێڵی هەژاری لەڕێگەی بەڕێوەبردنی ڕێزبەندیی پیشەیی مامۆستایان، ئازادیی دەستبەجێی هەموو مامۆستایانی بەندکراو و کۆتایی هێنان بە ئەمنییەتی کردنی خەبات و بەستنی هەموو پەروەندە ئەمنییەکان، هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان و بردنەسەرەوەی ئاستی بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، خوێندنی بێبەرامبەر لەڕێگەی ڕێگری لە خسووسی کردن و کاڵایی کردنی فێرکاری، کۆتایی هێنان بە تاڵانی سندووقی پاشەکەوتی مامۆستایان و سپاردنی ئیدارەکەیان بە نوێنەرانی خودی مامۆستایان.

هەڵبەت ڕێکخراوەکانی مامۆستایان، کە لە ئێستادا پتر لە ڕابردوو جێگای متمانەی گشت مامۆستایانن، لە هەر کۆبوونەوە و یان زنجیرە ئاکسیۆنێکدا هێندێک لە خواستەکانیان کردووەتە ئەولەوییەت و خستوویانەتە دەستووری کاری خۆیانەوە. بەڵام گەیاندنی لانیکەمی مووچەی مامۆستایان بۆ سەرووی هێڵی هەژاری، هاوسانسازیی خانەنشینکراوان و بردنەسەرەوەی ئاستەکەی بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و ئازادیی دەستبەجێی هەموو مامۆستایانی بەندکراو و کۆتایی هێنان بە ئەمنییەتی کردنی ناڕەزایەتییەکان و ڕاگەیاندنی بەسترانی هەموو پەروەندە ئەمنییەکان، لە سەرووی خواستەکانیانەوە بووە.

کۆبوونەوەی خەباتکارانەی مامۆستایان لە ڕۆژانی ٢٠، ٢١ و ٢٢ی سەرماوەزدا ئەوەندە بەهێز بوو کە پاش ١٠ ساڵ مەجلیسنشینانی ناچار کرد تا گەڵاڵەی ڕیزبەندی کە لە مەجلیسدا خۆڵی لەسەر نیشتبوو لە کەشەوەکان بهێننەوە دەرێ و بە قەولی شۆرای هاوئاهەنگی بە گۆترە پەسندی بکەن.

مەجلیسی شۆرای هاوئاهەنگی لە دانیشتنی سێشەممە ٢٤ی سەرماوەزدا بە پەسندکردنی چەند ماددەیەکی دیکە لە گەڵاڵەی نیزامی ڕیزبەندیی مامۆستایان، کۆتایی بە کاری لێکدانەوەی ئەم گەڵاڵەیە هێنا. بەپێی ئەم پەسندکراوەی مەجلیس، ئایین نامەی بەکردەوە دەرهێنانی یاسای نوێ پێویستە لە ماوەی یەک مانگدا بە بەشداریی ناوەندە پەیوەندیدارەکان ئامادە بکرێت و لە لایەن هەیئەتی وەزیرانەوە پەسند بکرێت.

بەپێی یاسای ڕیزبەندی، لانیکەمی مووچەی کارمەندانی ئامووزش و پەروەرش ٨ ملیۆن و ٨٠ هەزار تمەن و لانیزۆریشی نزیکەی ١٦ ملیۆن تمەن دیاری کرداوە.

ئەم پاشەکشەیە کە بەسەر بێکارانی مەجلیسنشین دا سەپاوە، هەڵبەت دەستکەوتێکی خەباتکارانەیە و پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. بەڵام شۆرای هاوئاهەنگی، بە پشت بەستن بە پشتیوانییەکی بەرین کە لێی کراوە، بە سێ هۆکار ئەم پەسندکراوەی ڕەت کردووەتەوە:

١_ لانیکەمی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی ئامووزش و پەروەرش پێویستە بگاتە ١٢ ملیۆن تمەن لە مانگدا نەک ٨ ملیۆن و ٨٠ هەزار تمەن.

٢_ هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان لەبەرچاونەگیراوە.

٣_ مامۆستایانی بەندکراو، کە بۆ وەدیهاتنی هەر ئەم خواستانە لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشدارییان کردبوو، ئازاد نەکراون.

هەروەها سەرایەداران و خزمەتگوزارانی مەدرەسەکانیش بەهۆی بایەخ نەدران بە مافەکانیان دژ بەم پەسندکراوەی مەجلس بەتوندی ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەوان لە بانگهێشتێکدا نووسییان:

“ئێمە وەک کۆمەڵێک سەرایەدار و خزمەتگوزاری کیشوەری ڕایدەگەیەنین کە لەئاست پەسندکراوی ئەم دوایانەی مەجلیس سەبارەت بە ڕیزبەندی یەکجار ناڕازین.

مەگەر ئێمە سەرایەداران و خزمەتگوزاران لە سەرما و گەرمادا لە پەنا مامۆستایانی ئازیز لە مەدرەسەکان حزوورمان نییە؟ مەگەر ئێمە پێرسۆنێلی مەدرەسە نین؟ مەگەر ئێمە بنەماڵەمان نییە؟ مەگەر تەوەرۆم لەسەر ژیانی ئێمە کاریگەریی نییە؟ بۆچی مافی ئێمە لەبەرچاو ناگرن؟”

پەیوست بوونی چەندین بەشی تازە لە کرێکاران و کارمەندانی ئامووزش  و پەروەرش بە ڕیزی خەباتکارانەی مامۆستایان لە لایەکەوە ناڕەزایەتییەکانی ڕادیکاڵتر کردوونەتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە میدیای کۆنەپەرستی ڕژیم لەوانە سەدا و سیما، کەیهان و جەوانی سەر بە سپای پاسدارانی ناچار بە درۆودەلەسە و هەڵیت و پڵیت و هەڕەشە کردووە. بەڵام ئەم هەڕەشانە لە هاوسەنگیی هێزی ئێستادا ئاکامێکی نییە و مامۆستایان و پشتیوانانی کۆمەڵایەتیی بەرینیانی تووڕەتر کردووە و دەکات.

مامۆستایانی مافخواز و خەباتکار لە ئێستادا ڕێکخراوترین بەشی بزووتنەوەی کرێکارین. پەیوەندی ڕێکخراوەکانی مامۆستایان لەگەڵ هەموو ڕێکخراوە کرێکارییەکان لەوانە سەندیکاکانی حەوت تەپە و واحید، “شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت” و باقیی ڕێکخراوە ڕەسەنە کرێکارییەکان، چرای هیوای گەیشتن بە ئامانجی کۆرتماوە و درێژەماوەی بزووتنەوەی کرێکاریی درەشاوەتر کردووە.