شۆڕشی خەڵکی ئێران لە درێژەی خۆیدا گەلێک دەستکەوتی بەنرخی دستەبەر کردوە. یەکێک لەم دەستکەوتانە کە دەتوانێ ببێتە پێناسەی هەر بزوتنەوەیەکی جەماوەری دەکرێ لە هێڵەک دانی دۆستان و دوژمنەکانی بێت. لەمڕۆدا دوای ٥ مانگ شاهیدی پەلەقاژەی نەیارانی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەین بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا. لە لایەکەوە هەوڵەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ” ئاسایی کردنەوە” و لە لایەکی دیکەوە تێکۆشانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی بۆ دەستبەسەردا گرتنی شۆڕش.
ماجەرای” ئاسایی کردنەوە” دەکرێ لەم خاڵانەی خوارەوەدا ببینین. بێچگە لەوەی کە لە هەمان سەرەتاوە ئەویان بە” بشێوی” ژمارەیەکی کەم و” فریو خواردو” وە” کەسانی سەربە بێگانەکان” ناساند، لەم دواییەدا دوو پێشکەش کاری کاناڵی ئامریکایی ئێن پی ئاڕ، NPR، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ١٦ ی مانگی ڕێبەندان بە بڵاو کردنەوەی چەند پۆستێک لە تویتێڕدا، باسیان لە چوونی خۆیان بۆ تاران کرد بۆ ئامادە کردنی ڕاپۆرت. چوونی ئەم دوو پێشکەش کارەی شەبەکەیەکی ئامریکایی بۆ ئێران لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە کاتی کوشتنی ژیناوە و دەستپێکی شۆڕشی خەڵک گوشارەکانی بۆسەر رۆژنامە نووسانی ئێرانی زیاتر کردوە و هەوڵیداوە بە سانسۆڕ، سەرکوت، بڕینی ئینتێڕنێت و فیتیرینگ و هەروەها بڵاو کردنەوەی هەواڵی درۆ و هەڵبەستراو، بەر بە ئاگادار بوونی خەڵکی دنیا لە ڕاستیەکانی نێو ئێران بگرێت. ئێستا پرسیار ئەوەیە کە چ ڕووداوێک لە ڕێدایە کە ئیزن بە هەواڵنێرانی ئامریکایی ئەدرێت تا لە نێو خاکی ئێراندا چالاکی بنوێنن؟ ئەویش لە بارودۆخێکدا کە هەر ئەم ڕاگەیەنەرە ڕۆژئاواییانە لە چەند مانگی ڕابردودا، زیاتر لە هەر کاتێکی تر بە پەیڕەوی کردن لە دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بە ئامانجی گوشار بۆسەر ڕژیمی ئیسلامی لەحنێکی توندتر و ڕوون تریان لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا سەبارەت بە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان و پێشێل کرانی بە ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ هەڵبژرادبوو؟
ئەم ڕووداوە لەپاڵ سەر هەڵدانی جار جارەی ڕەوتی ئیسلاح خوازەکان و تەرحی بەڕێوەبردنی گشت پرسی و پێکهێنانی مەجلیسی موئەسسان، لە لایەن موسەویەوە، فەرمانی بەخشینی ژمارەیەک لە زیندانیانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دواییە لە لایەن خامنەییەوە و شەڕی زەڕگەری ئەندامانی مەجلیس، هەمان ئەو کەسانەی کە تا دوێنێ خوازیاری ئێعدام کرانی بە کۆمەڵی دەستبەسەر کراوانی ناڕەزایەتیەکان بوون لە پاڵ بانگهێشتی وەزیری میراسی فەرهەنگی کە داوای لە گشت خەڵکی دنیا کردوە تا بچن بۆ ئێران، دابنێن تا کردارەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ زەمینە خۆش کردن بۆ بوژاندنەوەی بەرجامی لێ نەتیجە گیری بکرێت.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی هەستی کردوە کە ئەم ئاخێزە خەیاڵی هێور بوونەوەی نییە، لەم ڕوەوە لەپاڵ توند کردنەوەی سەرکوتەکان و پیشاندانی توانایی نیزامی، دەزانێت کە لەگەڵ ئابووریەکی داڕماودا بەرەو ڕووە، بۆ دەرچوون لەم وەرشکست بوونە کە دەیانەوێ بیکەنە زەمینەی دەرچوون لەم بونبەستە سیاسیەی خۆیان، پێویستیان بە بوژاندنەوەی بەرجام هەیە. بەڵام بوژاندنەوەی بەرجام ئیمکانی نییە مەگەر بەر لە هەرشتێک ڕواڵەتی بێ نیهایەت دزێو و نەفرەت لێکراویان لای ڕای گشتی خەڵکی دنیا و پێگەی لاواز بوویان لە پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتەکاندا نۆژەن بکەنەوە. بێجگە لە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی، نابێ لەبیرمان بچیتەوە کە ئامانجی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی هەر ئەو جۆرەی کە زۆر جار ڕایانگەیەندوە ئامانج لە گوشار خستنەت سەر کۆماری ئیسلامی ڕام کردنی حکومەت بووە نەک ڕوخاندنی. لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی تا ئێستاش کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری ڕام بوونیدا بە بژاردەیەکی باشتر بۆ دەرێژەی سیاسەتەکانیان لە ناوچەی قەیران لێدراوی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەبینن. لەم ڕوەوە لە یەکەم هەنگاودا ئەوانیش مایل بە بوژاندنەوەی بەرجام و کۆنتڕۆڵ کردنی بەرنامە هەستەییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەم ڕژیمەدا و لە هەنگاوی دووهەمدا ئازاد کرانی شارۆمەندانی زیندانی خۆیان و ئەو بە بارمەتە گیراوە دوو تابیعیەتیانەن لە زیندانە مەترسیدارەکانی ئێراندا. بەڵام بەرەو پێش بردنی ئەم سیاسەتە لە بارودۆخێکدا کە دنیا لە پێنج مانگی ڕابردودا سەبارەت بە بێ ڕەحمی و توندی سەرکوتی خوێناوی کۆماری ئیسلامی داچڵکیوە و شەپۆلێکی بێوێنە لە هاودڵی و هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ئێران کەوتۆتە ڕێ، و لە حاڵێکدا کە شارۆمەندان و منداڵانی ئێرانی لە سەر شەقامەکان و لە زینداندا دەکوژرێن و ڕۆژانە ڕاپۆرتی هەژێنەر سەبارەت بە ئەشکەنجە و ئازاردانی جنسی دەستبەسەر کراوان بڵاو دەبێتەوە، هاسان نییە. بەرەو پێش بردنی وەها سیاسەتێک پێویستی بە دانی وێنایەکی جیاوازە لە ڕاستیەکانی ئەمڕۆی نێو ئێران. بەڵام هەر ئەو جۆرەی وترا بە کردەوە دەرهاتنی وەها ساز و سەودایەک تەنیا لە بارودۆخێکدا کە وەزعیەت و فەزای سیاسی ئێران” ئاسایی” پیشان بدرێت مومکینە. سایتی واشنگتۆن فری بیکێن، ڕۆژی چوار شەممە ١٢ ی مانگی ڕێبەندان، لە راپۆرتێکدا باسی ئەوەی کرد کە گوروپەکانی لابی کۆماری ئیسلامی کەمپەینێکی شاراوەیان بۆ بوژاندنەوەی بەرجام وەڕێ خستوە. بەم پێیە لە دوای ئەم ڕوداوانە لە لایەنی جۆراو جۆرەوە هەوڵ ئەدرێت تا بارودۆخەکە” ئاسای” پێشانبدرێت.
بەڵام ئوپوزسیۆنی بۆرژواییش بە کردەوە بە هەر جیاوازی و پاساوێک کە هەیان بێت، بە هەوڵەوکانیان بۆ ئاڵترناتیو سازی لە ڕێگای تەرح کردنی گشت پرسی و وەکالەت دان و هیترەوە بە کردەوە ئاو دەکەنە ئاشی کۆماری ئیسلامیەوە، بەم جۆرە تەرح و گەڵاڵانە ئەوانیش بە نۆبەی خۆیان نیشانی ئەدەن کە نیگەرانی درێژەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەن. ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵک ئەگەر قەرار بێت ببێتە هێزێک کە حکومەتی ئیسلامی بڕوخێنێ، مناسباتێک دابمەزرێنێ کە بەڕێچوون، ماف و کەرامەتی ئینسانی بپارێزێت، پێویستی بە ئاڵترناتیو سازی لە دەرەوە نییە. وەها هەوڵگەلێک سیاسەتی لە چاوەروانیدا ڕاگرتن و دەستاو دەست کردنی دەسەڵات لە دەرەوە بۆ ناوەوە تاقیب دەکات، و بە کردەوە دەرێژەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێرانە دەخەنە مەترسیەوە. لەم ڕوەوە نە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی و نە ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی وڵات درێژەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و زاڵ بوونی جەماوەری ستەمدیتوو بەسەر چارەنووسی خۆیاندا بە قازانجی خۆیان نابینن و هەر کامە و بە شێوازێک بەربەستێکی بۆ دروست دەکەن.
ئێستا خەڵکی ئێران بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەی کە بە دانی هەزینەیەکی زۆر و خوێناوی دەستەبەری کردوە، لەپێش هەموو شتێکدا هەر کەسە و دەبێ بە پشت بەستن و بە متمانە بەخۆیی ئیجازەی ئاسایی کردنەوەی بارودۆخەکە بە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی نەدەن و هەوڵەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی بۆ برگرتن لە درێژەی ناڕەزایەتی و مانگرتن و بەهێز و پتەوتر بوونی یەکێتی و هاوپشتی لە ڕیزەکانیاندا، بەرەو ڕووی ناکامی بکەنەوە.