کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزوتنەوەی خوێندکاری زەنگی وشیارکەرەوەیه بۆ هێزە گەورەترە کۆمەڵایەتیەکان

لە بارودۆخێکدا ١٦ ی سەرماوەز نزیک دەبینەوە، کە نزیکەی دوو ساڵ و نیو بەسەر هاتنەسەر کاری دەوڵەتی ” تەدبیر و ئومید” ی حەسەن رۆحانیدا تێپەڕێوە. لەم ماوەیەدا هەموو وه‌عدە و بەڵێنەکانی دەوڵەتی رۆحانی لە بواری باشتر كردنی بارودۆخی ژیانی خەڵک، یەک لەدوای یەک پوچ و بێ ناوەرۆک دەرچوون. دەوڵەتی ئیعتیدال بەڵێنی دابوو کە بە باشتر بوونی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا بارودۆخی بەڕێچونی کرێکاران باشتر دەکات. بەڵام ئێستا جار له‌گه‌ڵ جار روون بۆتەوە کە دوای تەوافوقاتی هەستەیی و کۆتایی هاتنی گەمارۆ ئابووریەکانیش، ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و توێژی هەژاری کۆمەڵگە باش نه‌بووه‌. ئێستا لە ئێران کەلێنی ئاستی داهاتەکان، حەقدەستی کرێکاران، موعەلیمان و پەرستاران و بێجگه‌ له‌ هەزینەی دابین کردنی ژیانێکی ئینسانی و تەنانەت لەگەڵ هێڵی هەژاریدا بە شێوەیەک قوڵ بۆتەوە کە لاچونی گەمارۆکانیش ئه‌م وه‌زعه‌ باش ناكات. لە ئێستادا کە لانیکەمی حەقدەستی دیاری کراو بۆ کرێکاران و حقوقی ٣ هه‌تا ٤ هێنده لەژێر هێڵی هەژاریدایە، لاچونی ئەم گەمارۆیانە موعجزه‌یه‌ك ناكات.
دەوڵەتی رۆحانی لە بواری باشتر کردنی مافی سەرەتایی شارۆمەندانیشدا نەك هه‌ر بەڵێنەکانی بەجێ نەهێناوە، بەڵکو کارنامەیەکی جەنایەتکارانەیشی هەبووە. رێژه‌ی ئێعدامەکان لە دەورەی رۆحانیدا ٣٠ هه‌ڵكشاوه‌ به‌ جۆرێك كه‌ لە ١٥ ساڵی ڕابردودا بێ وێنە بوو. بەپێی ڕاپۆرتی گوزارشگەرانی تایبەتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤی ئێران، لە دەوڵەتی رۆحانیدا لە ١٠ ی مانگی پوشپەڕی ١٣٩٢ تا ٩ ی هەمان مانگی ساڵی ١٣٩٣، به‌واتایه‌ك ته‌نها لە ماوەی یەکساڵدا، ٨٥٢ کەس ئێعدام کراون. داعشەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هه‌ندێ له‌ ئیعدامه‌كانیان بە شێوەی به‌كۆمه‌ڵ و له‌ بەرچاوی خەڵکەوە ئەنجام داوە و بە ئامادە و بڵاو کردنەوەی وێنە و وێدۆ و هەواڵ لێیان، بە ئاشکرا لە شگردی ئێعدام وەک ئامرازێک بۆ تەبلیغ و تەرویجی توندوتیژی و بێ ڕەحمی و برەودان بە نائەمنی لە کۆمەڵگا و ئیجادی ترس و وەحشەت لەنێو خەڵکدا كه‌ڵكی وه‌رگرتووه‌.596
لە دەورەی رۆحانیدا پەیگیری و ئیجرای تەرحی ” سەهمیە بەندی جنسیەتی” درێژەی پێدراوه‌ و لە ئاکامیدا کچان لە درێژەدان بە خوێندن لە دەیان ڕشتەی دانشگاهی بێبەش کراون. سەرەڕای ئەو وه‌عدانەی رۆحانی بۆ کورت کردنەوەی دەستی تاقمه‌كانی گوشار، بۆهێرشكردنه‌ سه‌ر مافە سەرەتاییەکانی ژنان دابووی، مەیدانی مانۆڕی ئەم هێزانە گەلێک بەرین تر بۆتەوە. لە ماوه‌ی ساڵی ڕابردودا بە پەسند کردنی تەرحەکانی “ئامران بە مەعروف و ناهیان ئه‌ز مونکەر” و ” تەرحی سیانەت لە حەریمی عیفاف و حیجاب” و بە ئیختیاراتێک کە بە باندە چەکدارەکانی وه‌ك ئەنساری حیزب اللە، گەشتەکانی ئیڕشاد و بەسیج و ئه‌مانه‌ بۆ ئیجرای ئەم تەرحانە دراوه‌، بە کردەوە بوار بۆ توند بونەوەی توندوتیژی دەوڵەتی لەدژی ژنان هه‌موارتر كراوه‌ته‌وه‌. ئەگەر خاتەمی ئیسلاح خواز قەتڵە زنجیرەییەکانی لە کارنامەدایه‌، رۆحانی موعتەدلیش ئەسید پاشی زنجیرەیی لە کارنامەیدا خۆیدا تۆمار کردوە.
بەپێی ئۆلگوی تەوسعەی جێی سرنجی رۆحانی، قەرار بوو لە ئاکامی پەرەسەندنی خوسوسی سازیەکان و راكێشانی سەرمایەی دەرەکی و بەرهەمهێنان بۆ هەناردە کردن و ڕقابەت لە بازاڕە نێونەتەوەییەکاندا، بوار بۆ ڕەونەق و پەرەسەندنی ئابووری فەراهەم بکرێت. بەڵام بە سه‌ره‌نجدا بەم ڕاستیە کە ئێستا زیاتر لە ٥٠ لەسەدی کارخانە و ناوەندەکانی پیشەسازی ئێران بەهۆی کۆنە بوونی ماشێنەکانیان، داخراون یان خوارتر له‌ زەرفییه‌ته‌وه‌ كار ده‌كه‌ن، دارێژه‌رانی ئەم سیاسەتە بە فەرزی لاچونی کۆسپە سیاسی و ئیدئۆلۆژیكه‌كانیش، له‌ به‌ر ئاسته‌نگ دروست كردن له به‌شی فەننی و تێکنولۆژیک و پیشەسازی ژێر ساختە ئابووریەکان، ناتوانن بە پشت بەستن بە بەرهەمهێنان و هەناردەی کالای سەنعەتی و هه‌روه‌ها ڕقابەت لە بازارە جیهانیەکان، ئاسۆی گەشەی ئابووری به‌ڕووی سەرمایەداری ئێراندا بکەنەوە. به‌م پێیه‌ بەرنامە ئابوورییە درێژ ماوەكانی دەوڵەتی رۆحانی، یان مۆدێلێکی کە بۆ گه‌شه‌ی ئابووری ئێران لە نەزەریاندایە، نەتیجەکەی توند بوونەوەی چەوسانەوە، لەخوارەوە ڕاگرتنی ئاستی حەقدەستەکان و بێکاری بەرین ده‌بێت. کۆماری ئیسلامی و چینی سەرمایەداری ئێران به‌نیازن بە پێنانە سەر ملی چینی کرێکاری ئێران زیان و خەسارەتەکانی دەورەی تەحریمەکان قەرەبوو بکەنەوە. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی بە هەر ڕادەیەک كه‌ به‌ئاراسته‌ی ئاسایی کردنەوەی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا، راكێشانی سەرمایە گوزاری خاریجی و دەست ڕاگەیشتن بە بازارە جیهانیەکان هەنگاو بنێت، زیاتر مولزەم ده‌كرێت به‌وه‌یكه‌ کە سیاسەتە نیئۆلیبڕالی و ڕیازەتی ئابووری دیکتە کراو لە لایەن بانکی جیهانی و سندوقی نێونەتەوەیی دراو جێبه‌جی بكات و ئیجرای ئەم سیاسەتانە بێجگە لە زیاتر کردنی هەژاری بۆ کڕێکاران ئانجامێكی دیکەی بەشوێنەوە نابێت.
لەسەر بەستێنی ئەم بارودۆخە قەیراناویە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە زەرفیەتە بیلقوەکان و کارایی سیاسی بزوتنەوەی خوێندکاری وەک زەنگی وشیارکەرەوەی هێزە گەورەترە کۆمەڵایەتیەکان به‌ باشی دەناسێت، فەزای پادگانی و ئیختیناق ئاوەری زاڵ بەسەر موحیتی دانیشگاكانی توندتر کردۆتەوە. لەسەر بنه‌مای ترس و وحشەت لە سەرهەڵدانی سەرلەنوێی بزوتنەوەی دانشجوییه‌ کە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ کردنی فەزای دانشگاكان دەبێتە گرفتێک بۆ باڵەکانی نێوخۆی حکومەت. فەزای زاڵ بەسەر دانشگاكان و ڕیزبەندی سیاسی حاکم بەسەر بزوتنەوەی خوێندکاری، جیا نییه‌ لە بارودۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا. خوێندکاران وەک بەشێکی هەستیاری کۆمەڵگە، بە وشیارانە ترین شێواز، ڕیزبەندی سیاسی کۆمەڵگە ده‌نوێنن.. لە حالێکدا کە سازمان و ناوەندەکانی سەربە ئیسلاح خوازانی حکومەتی لە چۆارچێوه‌ی دانشگادا، بەکردەوە بونەتە پاشکۆی دەوڵەتی رۆحانی و سه‌ر شۆڕو و قەرزاری سازشەکانیان لەگەڵ دەزگای حاکمدان،سوننەتی چەپ و کۆمۆنیستی، بە سەربەرزیەوە دەتوانێ ئاڵاهەڵگری بزوتنەوەی خوێندکاری بۆ خەبات لەدژی ڕژیمی هاری کۆماری ئیسلامی بێت. بەشی چەپی بزوتنەوەی خوێندکاری وەک حساس ترین بەشی رۆشنبیرانی کۆمەڵگە بە درێژایی مێژو هەوڵی داوە کە وشیارانه‌ترین و لیبڕاوانه‌ترین چه‌شن، بەرژەوەندیەکانی توێژی هەژار و بێبەشی کۆمەڵگە وێنا بکەن. ئەگەر ڕیزبەندی خوێندکاران لەگەڵ ڕیزبەندیە سیاسیەکانی کۆمەڵگەدا هاو تەریب نەبوایە، بزوتنەوەی خوێندکاری، لەباری مێژوییەوە ئەو قورساییه‌ی ئێستاكه‌ی نه‌ده‌بوو وه‌ نەیدەتوانی لە ناخی گۆڕانكارییە سیاسیەکاندا دەورو نەقش بگێرێ. ئەمە لەخۆڕا نییە کە لەهەر جێگایەک جەماوەری خەڵکی هەژار و ئازار چەشتو بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و مافە پێشێل کراوەکانی خۆی و لەدژی سیاسەتە ڕیازەتیە ئابووریەکانی دەوڵەتانی سەرمایەداری دێنە مەیدان، بەشی سۆسیالیست و چەپی بزوتنەوەی خوێندکاری و لاوان ده‌كه‌ونه‌ ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا. لە بارودۆخی ئێستادا کە ناڕەزایەتی و خەباتی کڕێکاران بۆ دەستەبەر بوونی داواکارییەکانیان ڕەوتێکی روو لە گەشە و بەرەوپێش چوونی بەخۆوە گرتوە و بەستێنێکی گونجاوی بۆ دخاڵەتگەری هەڵسوڕاوانی سوسیالیستی بزوتنەوەی کرێکاریی ره‌خساندووه‌، پەرەسەندنی فەعالیەتی كۆروكۆمه‌ڵ و پێشڕەوانی چەپ و سوسیالیستی بزوتنەوەی خوێندکاریش، بۆتە پێویستیەکی سیاسی. حەرەکەتی چەپ لە ناخی بزوتنەوەی هەمەگیری خوێندکاریدا ڕیشەی لە زیاتر لە ٦٠ ساڵ حوزوری مەعنەوی، سیاسی و تەشکیلاتی کۆمۆنیستەکاندایە. ئەم حەرەکەتەی ئەمرۆ دەتوانێ بە باوەڕ بەخۆیی و بە پێشینەی پڕ لە سەداقەت و شوری ئینقلابی خۆی، داواکارییەکانی لەگەڵ نیازە واقعیەکانی کۆمەڵگە، ویست و داواکاریی کڕێکاران، ژنان و زۆربەی خەڵکی هەژار و بێبەش و زۆرلێکراو هاوئاهەنگ بکات.

 

بابەتی پەیوەندیدار

خەون و ئاواتە بەدی نەهاتووەکان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا

-

هەڵبژاردنی گاڵتەجاڕانە و خەبات و داواکاری کرێکاران

-

بارودۆخی بەساڵاچووان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا

-

ئەو جیرەخۆرانەی کە بازاڕگەرمی دەکەن بۆ گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکان، سبەی ڕۆژ شەرمەزاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەبن.

-

منداڵان بێمافترین و ستەملێکراوترین بەشی کۆمەڵگای ئێرانن

-

وتەیەک لە سەروبەندی نزیک بوونەوە لە ڕۆژی جیهانی پەروەردەی زمانی دایکی دا

-